ڕۆژی چوارشەممە، ٢٣ی سەرماوەز، سەرکۆ محەممەدی، لاوی وەرزشکاری خەڵکی سنە، لە کاتی دەربڕینی ناڕەزایەتی سەمبۆلیک لە گۆڕەپانی ئازادی ئەم شارە، دوای برینداربوونی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم، بە شێوەی توندوتیژی و لێدان و کوتان لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرا. ئەم هاووڵاتییە بە ڕەنگکردنی پەیکەری گۆڕەپانی ئازادی (ئیقباڵ) بە ڕەنگی سوور، بە شێوەیەکی سەمبۆلیک ناڕەزایەتی خۆی بەرامبەر لە سێدارەدان و کوشتاری هاووڵاتییان لەلایەن ناوەندە حکومەتییەکان لە سەرهەڵدانی ئەم دوایەدا دەربڕی. سەرەڕای بەدواداچوونە بەردەوامەکانی بنەماڵە و نزیکانی سەرکۆ محەممەدی بۆ نەخۆشخانە و ناوەندە حکومەتییەکان، هەتا ئێستا چارەنووسی ئەو لاوە ناڕوونە و هیچ زانیارییەک لەسەر شوێنی ڕاگیرانی لەبەردەست دانییە.