مێرمنداڵێکی تەمەن ١٦ ساڵ بەناوی کۆمار دەرئۆفتادە، خەڵکی پیرانشار، کە لە خۆپیشاندان و بەرخۆدانی خەڵکی ئەو شارە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکەوتگەرەکان بریندار کرابوو، شەوی ڕابردوو دوای یەک ڕۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.
کۆمار دەرئۆفتادە، ڕۆژی یەکشەممە، ٨ی خەزەڵوەر لە نەخۆشخانەی خومەینی بە هۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا و تەرمی ئەو مێرمنداڵە هەر ئەو شەوە ڕادەستی بنەماڵەکەی کرایەوە. ناوبراو شەوی شەممە، ٧ی خەزەڵوەر لە کەمەربەندی کۆنەخانێ و نزیک گۆڕەپانی “محەممەد هەوراز” لە لایان هێزە سەرکوتکەرەکانی رژیم تەقەی لێکراوە و بە سەختی بریندار بووە.
یەکێک لە شایەتحاڵان لەم بارەوە ڕاگەیاند : ” لەو شوێنەی کە کۆمار بریندار کرا هیچ خۆپیشاندانێک نەبوو، دوو ئۆتۆمبێلی سەوز و سپی جۆری سەمەند کە بێ ڕەقم بوون، لە مەودایەکی ٣ مەترییەوە بە چەکی تاپڕ بەرەوڕووی کۆمار تەقەیان کردووە و بە سەختی برینداریان کرد. ئەم سەرچاوە لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا، کە دوو مێرمنداڵی دیکە لەو کاتەدا لەگەڵ کۆمار بوون، یەکێکیان هەر ئەو کاتە ڕفێندراوە و چارەنووسی نادیارە.
بڕیار وایە تەرمی کۆمار دەرئۆفتادە رۆژی دووشەممە ٩ی خەزەلوەر لە گوندی زێوکە زێدی باوکی بە خاک بسپێردرێت.
هەواڵ، گیان لەدەسددانی لانیکەم هاووڵاتییەکش لە خۆپیشاندانەکانی شەوی شەممەی شاری پیرانشار بڵاو بۆتەوە کە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیم گیانی لەدەستداوە و تەرمەکەی لە ساردخانەی نەخۆشخانەی خومەینی ڕاگیراوە. بەڵام هەتا ئێستا ناوی ئەو هاووڵاتییە نەزانراوە.