ڕامین فاتیحی خەڵکی شاری سنە، کە ١٠ ڕۆژ لەمەوبەر لەگەڵ خوشک و براکەی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شار سنە ڕفێندرابوون، لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەستدا.
ڕۆژی هەینی، ٢٩ی ڕەزبەر، ناوەندە ئەمنییەکان هەواڵی گیان لەدەستدانی ڕامین فاتحیان بە بنەماڵەکەی ڕاگەیاندووە. یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی فاتیحی لەمبارەوە ڕاگەیاند: “ڕامین لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە و لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەست داوە، بەڵام ناوەندە ئەمنییەکان بە بنەماڵەی فاتیحییان وتووە کە کوڕەکەیان لە بەندی تاکەکەسی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات خۆی کوشتووە”.
ڕۆژی شەممە، ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی تەرمی ڕامین فاتیحی بەڕێوە چوو. شایانی باسە کە ڕامین فاتیحی لەگەڵ براکەی وریا فاتیحی ڕۆژی شەممە، ٢١ی ڕەزبەر و خوشکەکەی ڕادا فاتیحی لە ڕێکەوتی ٢٢ی ڕەزبەر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ڕفێندرابوون، هەتا کاتی ڕاگەیاندنی هەواڵی مردنی ڕامین، هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی ناوبراوان لەبەردەستدا نەبووە.