عەلیڕەزا کەریمی، تەمەن ٢٠ ساڵ، خەلکی شاباد و خوێندکاری بەشی مایکرۆبایۆلۆژی زانکۆی ئەراک ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی خەزەڵوەر، لەکاتی خۆپیشاندانە خوێندکارییەکانی ئەو زانکۆیە، کەوتۆتە بەرهێرشی هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیم و لە ئەنجامی لێدانی باتۆم لەسەری لەلایەن ئەو هێزانەوە، گیانی لەدەستدا.
عەلیڕەزا ساڵی دووەمی زانکۆی بوو. دوای ئەوەی لە خۆپیشاندانە خوێندکارییەکانی زانکۆی ئەراک، کەوتووەتە بەر هێرشی هێزە سەکوتگەرەکان و بەهۆی لێدانی باتۆم لەسەری بە سەختی بریندار ببوو، گەڕاوەتەوە ماڵە خوێندکارییەکەی و دوای چەند کاتژمێر بەهۆی سەختی برینەکەی گیانی لەدەستداوە”.
ناوەندە ئەمنییەکان بەو مەرجە تەرمی عەلی ڕەزایان بە بنەماڵەکەی داوەتەوە کە هۆکاری مردنی ناوبراو بە خۆکوشتن ڕابگەیەنن و لە ئەگەری دژایەتی کردن لەگەڵ ئەو مەرجە، جەلیل کەریمی و سۆسەن مورادی دایک و باوکی عەلی ڕەزا لە سەر پیشەکەیان، کە هەردووکیان مامۆستای قوتابخانەکانی شاری شابادن دەردەکرێن.