سەرلەئێوارەی ڕۆژی هەینی، ٢٠ی خەزەڵوەر، هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیم لە قەڵای حەسەنخان(شاری قودس) ی تاران، هێرشیان کردووەتە سەر چەند لاوێک کە خەریکی نووسینی دروشم دژی ڕژیم بوون و لەو هێرشەدا سامان ڕەحمانی تەمەن ٢٨ ساڵ، خەڵکی شاری تیکاب دەستبەسەر کراوە و لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا بە باتۆم و بە شێوەیەکی دڕندانە لە سەری ناوبراویان داوە، دوو هاوڕێی ناوبراو کە لەگەڵیدا بوون توانیوانە لە دەستی هێزەکانی ڕژیم هەڵێن.
لە کاتێک سامان کەوتبووە زەوی، خێرا هێزەکانی ڕژیم لەگەڵ خۆیاندا بردیان. ڕۆژی شەممە، ٢١ی خەزەڵوەر ئەو هێزانە پەیوەندییان بە بنەماڵەکەیەوە گرتووە و پێیانیان ڕاگەیاندووە کە بۆ ناسینەوەی کوڕەکەیان سەردانی پزیشکی دادوەریی قەڵای حەسەنخان بکەن. سەرەنجام تەرمی سامان ڕەحمانی، کاتژمێر ۵ی دوانیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە، ٢٢ی خەزەڵوەر لە گۆڕستانی گەڕەکی شەریفاوای تیکاب و بە چاودێریی چڕ و پڕی هێزە ئەمنییەکان بە خاک ئەسپێردراوە.