ڕۆژی پێنجشەممە ٥ی خەزەلوەر کچە مێرمنداڵێکی تەمەن ١٦ ساڵ و خەڵکی سنە بەناوی سارینا ساعیدی، دوای یەک ڕۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا. سارینا ساعیدی لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی خەڵک شەوی چوارشەممە، ٤ی خەزەڵوەر، لە گەڕەکی نایسەر کەوتووەتە بەر هێرشی توندی هێزە حکومەتییەکان و بەهۆی لێدانی توندی باتۆم لەسەری لەلایەن ئەو هێزانەوە سارینا بە سەختی بریندار و تووشی خوێنبەربوونی مێشک بوو.
سارینا ساعیدی بەهۆی ئەو لێدانانەی کە بەر سەری کەوتوون ڕۆژی پێنجشەممە، ٥ی خەزەڵوەر لە نەخۆشخانەی تەوحیدی شاری سنە گیانی بەخت کرد. لە ژێر گوشاری توندی ناوەندە ئەمنییەکانی ڕژیم لە شەوی هەمان ڕۆژ ڕێوڕەسمی بە خاک سپاردنی ئەو کچە بەڕێوەچووە.
بەوتەی یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی ساعیدی ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی سارینا ساعدی لە کەشێکی تەواو ئەمنییەتیدا و بە ئامادەبوونی کەمتر لە ١٠ کەس لە ئەندامانی بنەماڵەکەی بەڕێوەچووە. ئەو سەرچاوە ئاگادارە لە درێژەدا ڕایگەیاند : “ناوەندە ئەمنییەکان هەڕەشەیان لە بنەماڵەی ساعیدی کردووە، کە دەبێت هۆکاری مردنی کچەکەیان بە خۆکوشتن ڕابگەیێنن”.