میدیاکانی سەر بە ڕژیم ئەمڕۆ سێشەممە ٢٩ی جۆزەردان، بڵاویان کردەوە کە لە پارێزگای گیلان نەخۆشخانەیەکی نێودەوڵەتی سووتاوە و لە ئەنجامیدا ٩ کەس گیانیان لەدەستداوە.
محەممەد تەقی ئاشوبی، سەرۆکی زانکۆی پزیشکی گیلان بەڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاندووە، کاتژمێر چواری بەرەبەیان لە کاتی ئاگرکەوتنەوەکەدا ١٤٢ نەخۆش لە بەشە جیاوازەکانی نەخۆشخانەکە خەوێنرا بوون کە ١٠٩ یان لە بەشی ئاسایی و ٣٣ کەسیش لە بەشی تایبەت بوون، بەڵام هەر هەموویان بۆ نەخۆشخانەکانی دیکەی پارێزگاکە گواستراونەتەوە و نۆ کەسیش لە ئەنجامی ئاگرکەوتنەوەکە مردوون. هەروەها، بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی گیلان ڕایگەیاندووە، تیمەکانی فریاکەوتن توانیویانە ئاگرکە کۆنترۆڵ بکەن و تیمەکانی لێکۆڵینەوە دەست بەکاربوون بۆ زانینی هۆی ئاگرکەوتنەوەکە.جێگای ئاماژەیە، نەخۆشخانەی ٢٥٠ قەرەوێڵەیی قائیمی گیلان، نەخۆشخانەیەکی پێشکەوتوو و نێودەوڵەتییە و زۆربەی چالاکییەکانی لە بواری گەشتیاریی پزیشکی و پێشوازیی لە نەخۆشانی وڵاتانی دیکە تۆمارکراوە و بەشەکانی نەشتەرگەری و لە دایکبوون و چاودێری چڕ لەخۆ دەگرێت.