به پێی هەواڵی گەیشتوو شەوی شەممە لەسەر یەکشەممە ٢٩ی ڕەزبەر، ئەحمەد محەممەدی یەکێک لە نووسەران و ڕووناکبیرانی ناسراوی ئێران و کوردستان، لە تەمەنی 84 ساڵی لە نەخۆشخانەی شاری سنە، بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لە ژیان کرد.
ئەحمەد محەممەدی سیمای ناسراوی ئەدەبی و خۆشناوی ناو شاری سنە، باوکی هاوڕێی گیانبەختکردوو “فەرزاد محەممەدی” پێشمەرگەی کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لە گوردانی شوان بوو. کاک ئەحمەد لە ماوەی ژیانی کلتووری و ئەدەبی خۆیدا، بە دەیان کتێبی سەبارەت بە مێژووی سیاسی ئەمڕۆی کوردستان لە بەشەکانی ئێران، عێراق، تورکییە و سوورییە، نووسیوە یاخود تەرجومەی کردووەتەوە. ناوبراو خاوەنی چەندین خەڵاتی ئەدبی و کلتووری بووە و لە ماوەی ژیانیدا بەهۆی گوشارەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر خۆی و بنەماڵەکەی، تاڵی زۆری کێشا. گیان لەدەستدانی ئەحمەد محەممەدی خەسارێکی گەورەیە بو کۆمەڵگای ئەدەبی و کلتووری ئێران و کوردستان. بەم بۆنەوە سەرخۆشی خۆمان ئاڕاستەی بنەماڵەی محەممەدی دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.