عەبدوڵڵا بەدەوی خەڵکی گەورە شاری ورمێ کە لە ماوەی یازدە ساڵی ڕابردوودا لە زیندانی ناوەندی ئەمشارە ڕاگیرابوو، بەهۆی پەرەگرتنی زۆری نەخۆشییەکەی و بێبەری کرانی لە خزمەت گوزاری پزیشکی، گیانی لەدەستدا.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، ڕۆژی شەممە ٢۶ی خاکەلێوە، عەبدوڵڵا بەدەوی خەڵکی شاری ورمێ کە نەخۆشیی دڵ و شەکرەی هەبوو، بەهۆی دەست پێڕانەگەیشتن بە دەرمانە پەیوەندیدارەکانی نەخۆشییەکەی و چاودێریی تایبەتی پزیشکی بە بڕیاری بەرپرسانی زیندان، گیانی لەدەست دا. ناوبراو کە تەمەن ۶۵ ساڵ بوو، ساڵی ١٣٩٢ سەرەڕای هۆشداریی فەرمانبەرانی دەرمانگەی زیندانی ورمێ، بە بڕیاری بەرپرسانی ئەو بەندیخانەیە لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە دەرمانەکانی و ڕەوانەکردنی بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی دەرەوەی زیندان بێبەری کرابوو. عەبدوڵڵا بەدەوی، مانگی جۆزەردانی ١٣٩٢، دەستبەسەر و لە لایەن دەزگای دادوەریی ڕژیم بە تۆمەتی “هەوڵدان بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی گشتی” لە ڕێگەی ئەندامێتی لە یەکێک لە حیزبە سیاسیەکانی کوردستان، بە ٢ ساڵ زیندان مەحکووم کرابوو. ناوبراو لە پەروەندەیەکی دیکە بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە “ماددەی هۆشبەرەکان” سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو کە دواتر ئەو سزایە بۆ زیندانی هەتاهەتایی شکێندرابوو.