
بە گوێرەی زانیارییەکان، ڕۆژی چوارشەممە ١ی ڕەشەممە، “ئەنوەر چالشی” بەندکراوی سیاسی خەڵکی گوندی “لۆرزینێ” سەر بە ناوچەی مەرگەوەری ورمێ لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.
شایانی باسە، لە حاڵێکدا نەخۆشی شێرپەنجەی ڕیخۆڵەی ئەم بەندکراوە سیاسییە تەنگی پێهەڵچنیبوو و پێویستی بە پێڕاگەیشتنی پزیشکی بوو، ئیتلاعاتی سپای پاسداران ڕێگرییان لە مەرەخەسی دەرمانی ناوبراو کردبوو. بە هۆی ڕێگری ئیتلاعاتی سپای پاسداران، ئەنوەر چالشی بە بێ پێڕاگەیشتنی پزیشکی بە دەست و لاقی بەستراو لە نەخۆشخانەوە بۆ زیندان گواسترابوویەوە. ئەنوەر چالشی لە ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی سەرماوەزی ١٣٩٩، هاوکات لەگەڵ دوو کەسی دیکە بە ناوەکانی “کامیل جەباروەند” خەڵکی گوندی چریک ئاوا و “موسا ئاڵۆسی” خەڵکی گوندی وەڵندەی سەروو سەر بە ورمێ، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران دەستبەسەر و بۆ دەستبەسەرگەی ئەم ناوەندە ئەمنییە گواسترابوونەوە. ناوبراو دواتر بە تۆمەتی “هەوڵدانی دژی ئاسایشی گشتی” لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆرشی ورمێ، بە ٧ ساڵ زیندان مەحکووم کرابوو. جێگای ئاماژەیە، موسا ئاڵۆسی دوای ماویەک بە دانانی بارمتە ئازاد کرا و کامیل جەباروەند و ئەنوەر چالشی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٥ی بەفرانباری ساڵی ١٣٩٩ گوسترانەوە بۆ بەندی سیاسی زیندانی ناوەندیی ورمێ.