ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی بەفرانبار، وەستاکارێکی ئاڕماتۆڕبەند بە ناوی “شەهاب مۆرادی” تەمەن ٣٩ ساڵ و خەڵکی شاری بۆکان، لە کاتی کار لە بینایەکی ٦ تەبەقە لەمشارە، بەهۆی دابین نەکرانی ئەمنییەتی شوێنی کار، کەوتووەتە خوارەوە و گیانی لە دەستداوە.
هەر لەم پێوەندەدا، ڕۆژی یەکشەممە ١٦ی بەفرانبار، کرێکارێکی بیناسازی بە ناوی “نورەدین جەسارەت” خەڵکی ئاوایی “بەرئەسبی” سەر بە شاری سەڵماس بە هۆی بڵاو بوونەوەی گازی چرا خنکاوە. شایانی باسە، ناوبراو لەگەڵ بنەماڵەکەی خەریکی کارکردن لە زەنجان بووە و لە پڕۆژەیەکی یەکەی نیشتمانی لە گوڵشەهری زەنجان کاری دەکرد و بۆ گەرمکردنی ئەو شوێنەی کە پشوویان تێدا دەدا چرای نەوتی بەکارهێنابوو کە بەهۆی بڵاو بوونەوەی گازی منو ئۆکسیدی کاربۆن گیانی لەدەستداوە. جێگای ئاماژەیە، پێڕانەگەیشتنی بەرپرسان بە سەر شێوەی کار و دۆخی کرێکاران و پارێزراو نەبوونی شوێنی کار و هەروەها کەمتەرخەمی خاوەنکاران، لە هۆکارە سەرەکییەکانی نەبوونی ئەمنییەت و پارێزراوی شوێنی کارە و ئەم دۆخەش بووەتە هۆی ئەوەیکە ژمارەیەکی بەرچاو لە کرێکاران ڕۆژانە بە هۆی ڕووداوی شوێنی کار گیانیان لە دەست بدەن یاخود بریندار بن. هەر بۆیە وڵاتی ئێران لە باری ئەمنییەتی شوێنی کارەوە لە سەر ئاستی جیهان لە پلەی ١٠٢دایە و بووەتە وڵاتێکی زۆر نائەمن بۆ کرێکاران.