بەپێی ڕاپۆرتەکان، ڕۆژی هەینی ٢٨ی ڕەزبەر، منداڵێکی کار بە ناوی “مارتین حسێن پەناهی”، تەمەن ١٦ ساڵ و خەڵکی گوندی “تازاوا”ی سەر بە ناوچەی ناوەندیی شاری دێهگولان، لە کاتی کارکردن لە کۆمپانیایەکی سەوەتەسازی لە گوندی “سەڵەواتاوا”ی نزیک لە شاری سنە، بە هۆی دابین نەکرانی ڕێوشوێنی ئەمنییەتی شوێنی کار لە لایەن خاوەنکارەوە گیانی لەدەستدا.
بەگوێرەی زانیاریی سەرچاوەیەکی ئاگادار، مارتین حسێن پەناهی، قوربانیی دیاردەی منداڵانی کارە و لە کاتی کارکردن بە ئامێری دروستکردنی سەوەتە، کەوتووەتە ناو چەرخی ئامێری کۆمپانیاکە و بەهۆی ئەو ڕووداوەوە گیانی لەدەست داوە. جێگای ئاماژەیە،سەرەڕای بەڵێنە نێودەوڵەتییەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لەسەر پابەندبوون بە کۆنوانسیۆنی مافەکانی منداڵان و هەروەها پەیمانی ئابووری، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆماری ئیسلامیی هیچ ڕێوشوێنێکی ئەرێنیی بۆ دابینکردن و گەرەنتی کردنی مافی خۆشبژێوی و کەمترین مافەکانی منداڵان وەک مافی خۆراک و خوێندن و ستانداردەکانی تەندروستی ڕەچاو نەکردووە.