سەرلەبیانی ئەمڕۆ شەممە ١٥ی گوڵان، کرێکارێک لە کاتی کارکردن لە نهۆمی ١٧یەمی باڵەخانەیەکى بەرزاییەکانى قەیوان، لە شاری سلێمانى بەهۆی ڕەچاونەکرانی ئەمنییەتی شوێنی کار، کەوتەخوارەوە و گیانی لەدەستدا.
بە گوێرەی زانیارییەکان، کرێکارەکە خەڵکی شاری کۆبانی بووە و ئێستا تەرمەکەی لە پزیشکی دادی سلێمانییە. ئەمە لە کاتێکدایە، ڕۆژی یەکشەممە ١٢ی خاکەلێوە، دوو کرێکاری بە ڕەگەز “سووری” لە نهۆمی ٢٠می تەلارێکی پڕۆژەی “دەروو سیتی” لە گەڕەکی قولەڕەیسی سلێمانی، کەوتوونەتە خوارەوە و گیانیان لەدەست داوە. بەگوێرەی ئاماری سەندیکای کرێکاران، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤ تاوەکو ئێستا، ٢٢ کرێکار لە کاتی کارکردندا و بەهۆی کەمتەرخی خاوەن کار لە دابین کردنی ئەمنییەتی شونی کار، لە هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەست داوە. جێگای ئاماژەیە، ساڵی ڕابردووش بەهۆی نەبوونی مەرجەکانی خۆپارێزی و پابەندنەبوونی خاوەن کارەکان بە ڕەچاو کردنی ئەمنییەتی شوێنی کار، زیاتر لە ٤٠ کرێکار لە هەرێمی کوردستان لەکاتی کارکردن گیانیان لەدەست دابوو.