ڕۆژی یەکشەممە ٣ی مانگی گوڵان، “محەممەد لەتیف ئەحمەدپوور”، کۆڵبەر و خەڵکی شاری بانە، کە پێشتر لە لایەن هێزە چەکدارەکانی ڕژیمەوە بە ئۆتۆمبێل کرابووە ژێرەوە، لە نەخۆشخانەی “شەفا”ی شاری سەقز بەهۆی سەختی برینەکانییەوە گیانی لەدەستدا.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ناوبراو ڕۆژی پێنجشەممە ٣١ی خاکەلێوە، دوای ڕێگریکردنی هێزە چەکدارەکانی سنووری هەنگەژاڵە لە کۆڵبەری، لەگەڵ چەند کۆڵبەرێکی دیکە لە کاتی گەڕانەوەی بۆ شارەکەیان لە لایەن ئەم هێزانەوە بە ئۆتۆمبێل کراون بە ژێرەوە. بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لە کاتێکدا ئۆتۆمبێلی ئەم هێزانە بەپاڵ گرووپێک کۆڵبەر کە بە پێ خەریکی ڕۆیشتن بوون تێپەڕیوە، سەربازێک لە ئۆتۆمبێلەکەوە بەدەست پشتە ملی محەممەد لەتیف ئەحمەدپووری گرتووە و دوای چەند مەترێک ڕاکێشانی، ناوبراو هاوسەنگی خۆی لەدەستداوە و کەوتووەتە ژێر تایەکانی پشتەوەی ئەم ئۆتۆمبێلە. هاوکات یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی ئەحمەدپوور لەمبارەوە ڕاگەیاندووە، کە لە ئاکامی ئەم کارە بەئەنقەستەی هێزە چەکدارەکانی ڕژیم، مل و شانی محەممەد لەتیف ئەحمەدپوور لە چەند شوێنێکەوە شکاوە، کە دوای گواسترانەوەی بۆ نەخۆشخانەی شەفا لە سەقز و مانەوەی چەند ڕۆژێک لەم نەخۆشخانەیەدا گیانی لەدەست داوە. شایانی باسە، “کەماڵ خدری” فەرمانداری بانە پەیوەندی بە بنەماڵەی ئەم کۆڵبەرەوە گرتووە و هەڕەشەی لێیان کردووە کە دەبێت تەرمی ناوبراو لە شەودا و بێ ئاگادارکردنەوەی ڕای گشتی بەخاک بسپێرن.