ڕۆژی هەینی ٣٠ی خەرمانان، “فەردین ڕۆستەمنژاد”، کۆڵبەری خەڵکی گوندی “شمشێر” سەر بە شاری پاوە، دوای پچڕانی نوخاعی بە هۆی برینداربوون لە کاتی کۆڵبەریدا، پاش ١٨ مانگ ئازارکێشان، گیانی لەدەستدا.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، فەردین ڕۆستەمنژاد ڕۆژی ٨ی ڕەشەممەی ١٤٠١، لە کاتی کۆڵبەریدا و دوابەدوای تەقەی هێزەکانی هەنگی سنووریی نەوسوود، فیشەک بەر سکی کەوت و تووشی پچڕانی نوخاع ببوو. ئەم کۆڵبەرە لاوە لەم ماوەیەدا، دوو جار لە نەخۆشخانەی تاڵەقانیی کرماشان نەشتەرگەریی بۆ کرا و چەندین جار بە هۆی ناجێگیربوونی دۆخی لە نەخۆشخانە خەوێندرا، بەڵام لە کۆتاییدا بە هۆی نەبوونی چاوەدێریی تایبەت و نەمانی جووڵەی لەشی لە نێوقەدەوە بۆ خوار، تووشی برینی ناو جێگا بوو و گیانی لەدەست دا. جێگای ئاماژەیه، جگە لە فەردین، دوو ئەندامی دیکەی بنەماڵەکەشی کە کۆڵبەرییان کردووە، لە ماوەی زەمەنیی دوو ساڵدا کراونەتە ئامانجی تەقەی هێزە نیزامییەکان و بریندار کراون.