بە پێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ژانویەی ئەمساڵدا، 18کۆڵبەر لە سنورەکانی کوردستاندا گیان لەدەستداوە و بریندابوونە و بێسەروشوێن بوون.
ئەو ڕێکخراوە ئاماژە بەوەدەکات 55.5%ی ئەو ڕووداوانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕژیم بووە.
لەو 18کەسە 2کەس گیانیان لە دەستداوە، 13کەس بریندابوونە و 3کەسیش ماوەی سێ هەفتەیە بێسەروشوینن.
شایانی باسە پاسەوانە سنووریەکان کە لەلایەن کاربەدەستانی باڵای کۆماری ئیسلامی بە بیانووی هاوردنی شتومەکی قاچاح بڕیاری تەقەکردن بە سەر کۆڵبەرانیان پێی دەدرێت، بە بێ ئەوەی ژیان و ماڵ و حاڵی ئەو کۆڵبەرانە لە بەرچاو بگرن، ڕاستەوخۆ بە ئامانجی کوشتن تەقەیان لێ دەکەن. لە کاتێکدا کە گەورەترین قاچاخچییەکان کەسانی سەر به سوپای پاسدارانن.
کۆڵبەران بۆ دەستەبەرکردنی بژیوی ژیانیان ناچارن ڕوو لە دیاردەی کۆڵبەری بکەن، کە تووشی سەرما، بەفر و بەستەڵەک و ئاوا کارەساتگەلێکیش دەبن.
جێی ئاماژەیە لە یەک ساڵی ڕابردووی زایینیدا، لانیکەم 215 کۆڵبەر لە ناوچە سنووریەکانی ڕۆژاوای ئێراندا گیانیان لە دەستدواه و بریندار بوونە. کە لەو ڕێژەیە 6 کۆڵبەر تەمەنیان لە خوارەوەی 18ساڵ بووە.
زۆرترین ڕێژەی کۆڵبەران و کاسبکارانی قۆربانی، لە کوردستاندا تۆمار کراوە، کە نزیکەی 110کەس ڕاگەیەندراوە.