ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٦ی مانگی ڕێبەندان، بەهۆی وەرگەڕانی پاسێکی گەشتیاری لەسەر رێگەی سەرەکیی شارۆچکەی دینار هایدارلی پارێزگای “ئافیۆن کاراهیسار”ی تورکییە، شەش کەس گیانیان لەدەست دا و ٣٦ کەسی دیکەش برینداربوون.
شایانی باسە، پاسەکە لە ئامەدی باکووری کوردستانەوە بەرەو شارۆچکەی بۆدروم لە پارێزگای موغڵا بەڕێکەوتبوو. بەپێی زانیارییەکان، سێ کەس لە سەرنشینەکانی پاسەکە گیریان خواردبوو کە لە لایەن تیمەکانی فریاگوزاریی رزگارکراون. ئەمە لەحاڵێکدایە، تەندروستیی هەشت کەس لە بریندارەکان ناجێگیرە و لە بەشی چاودێریی چڕی نەخۆشخانەی گشتیی ئافیۆن کاراهیسار چارەسەر وەردەگرن. بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، لە ساڵی ٢٠٢٢، ٤٨٥ هەزار و ٤٨ رووداوی هاتووچۆ لە تورکییە روویانداوە و بەهۆیەوە ٢هەزار و ٢٨٢ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٢٩١ هەزار و ١٥١ کەسیش بریندار بوون.