بەپێی ڕاپۆرتەکان، ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی خەزەڵوەر، بەهۆی تەقینەوەی تەقەمەنی و پاشماوەکانی سەردەمی شەڕی هەشت ساڵەی نێوان ئێران و عێراق، لە ماڵێکی شارۆچکەی ئیسلامییەی شاری “مێهران”ی سەر بە پارێزگای ئیلام، دوو کەس بە ناوەکانی “شەهرام تەمەن ٢٧ ساڵ و عەباس شیرینیا، ٣٥ ساڵ گیانیان لەدەست داوە.
هەر لەم ڕووداوەدا کە لە کۆگای ماڵی شەهرام ڕووی داوە، جگە لە شەهرام و عەباس شیرینیا، منداڵێکی تەمەن ١٥ مانگ بەسەختی بریندار بووە و باری تەندروستیی ئەو منداڵە ناجێگیر ڕاگەیەندراوە. شایانی باسە کە لە شارەکانی کوردستان و بەتایبەت پارێزگای ئیلام بەهۆی نەبوونی هەلی کار، کۆمەڵێک کەس بۆ بژێویی ژیانی بنەماڵەکانیان ڕوو لە کۆکردنەوەی ئاسنەواڵە و پاشماوە مەترسیدارەکانی شەڕ دەکەن و بەهۆی کۆکردنەوە و ڕاگرتنیان لە ماڵەکانیاندا، هەندێک جار ڕووداوی لەم جۆرە ڕوو دەدەن و قوربانی لێ دەکەوێتەوە.