گیان لەدەستدان و برینداربوونی ١٠ کرێکار بەهۆی داڕمانی پردێک لە کۆرەی باشوور
سێشەممە ۰۷-۱۲-۱۴۰۳   |  25-02-2025

ڕۆژنامە “زە گاردیەن”ی بریتانیا، ئەمڕۆ سێشەممە ٧ی ڕەشەممە بڵاویکردەوە، لە شاری ئەنسۆنیج لە کۆرەی باشوور، بەرزەپردێکی سەر شەقام داڕما و بەهۆیەوە سێ کرێکار گیانیان لەدەستدا و حەوت کرێکاری دیکەش برینداربوون.
ڕووداوەکە، ئەمڕۆ سێشەممە لە شاری ئەنسۆنیج بە دووری ٧٠ کیلۆمیتر لە شاری سیئۆل ڕوویداوە کاتێک کە پێنج کۆڵەکەی پۆڵاینی پردە تازە دروستکراوەکە هەرەسیان هێنا. ئاژانسی فریاگوزاریی نیشتمانیی کۆریای باشوور ڕایگەیاندووە، لە ئەنجامی ئەو کارەساتەدا، سێ کرێکار گیانیان لەدەستداوە و حەوتی دیکەش بریندار بوون کە برینی پێنجیان سەختە. ئاژانسەکە ڕاشیگەیاند، لەوە دەچێت کەسێکی دیکەش لە ئەنجامی داڕووخانەکەدا گیانی لەدەست دابێ، بەڵام هێشتا ئەوە ساغ نەبووەتەوە.