فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

گێڕانەوەی “ئەشکەنجە و لەسێدارەدانی دەستکرد”ی سامان یاسین، ڕەپەڕی زیندانی
سێشەممە ۳۰-۰۸-۱۴۰۲   |  21-11-2023

یەکێک لە هەڵسووڕاوانی مافی مرۆڤ کە لە زیندانی قزلحەسار زیندانیە لە ڕێگەی بڵاو کردنەوەی نامەیەکەوە وردەکاری ئەشکەنجەدانی “سامان یاسین (سەیدی)”ی ئاشکرا کرد.
“ئەحمەدڕەزا حائێری”، بەندکراویی سیاسی لە زیندانی قزلحەسار، ئاشکرای کرد سامان یاسین لە بەندی ۲٤۰ی زیندانی ئێڤین ئەزموونی “لەسێدارەدانی دەستکرد”ی کردووە و دوو ڕۆژ دواتر، “سزای ڕاستەقینەی لەسێدارەدانی” پێ ڕاگەیەندراوە. 
سامان سەیدی، ڕەپەڕی ئێرانی کە بە ناوی هونەری “سامان یاسین” هەڵسووراوی دەکرد، ۱ی ڕەزبەری ۱٤۰۱ و لە کاتی ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکان‌دا دەستگیر کرا و بە موحاربە تۆمەتبار کرا. سەرەتا سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرکرد بەڵام دواتر ئەم سزایە لە دیوانی باڵای ڕژیم هەڵوەشایەوە. 
حائێری ڕۆژی ۲۹ی خەزەڵوەری ۱٤۰۲، لە نامەیەک‌دا لە زیندانی قزلحەسارەوە پشتڕاستی کردۆتەوە کە ئەم گۆرانیبێژە ناڕازییە پێیی وتووە هێزەکانی زیندانی ئێڤین لە مانگی سەرماوەزی ساڵی ڕابردوودا، “کاتژمێر ۳ی سەر لە بەیانی ” لە بەندکەی بردوویانەتە دەرەوە و پێیان وتووە: “ئەگەر وەسیەتێکت هەیە بینووسە.” 
بەپێی ئەم گێڕانەوەیە، هێزەکانی ناو زیندان سامان یاسینیان بە دەست و چاوی بەستراوەوە برۆدتە بەر پەتی سێدارە و یەکێک لە هێزەکان وتوویەتی چونکە “گەنج”‌‌ـه، “پەتەکە بە لاریی بخەنە گەردنی تا یەک جێ گەردنی بشکێت بۆ ئەوەی زەجر نەکێشێت.” 
لە کۆتایی‌دا پێوەندییەکی تێلێفۆنی دەکرێت بەو هێزانەوە و بە سامان یاسین دەڵێن کە بۆ هاوکاریی دەرفەتێکی دیکەی پێ دەدرێت و وازیان لەسێدارەدانی هێناوە.
ئەحمەدڕەزا حائێری لە درێژەی ئەم نامەیەدا ئاماژەی بەوە کردووە کە دوو ڕۆژ دوای ئەم “لەسێدارەدانە دەستکردە”، “سزای یەکلایی کەرەوەی لەسێدارەدان” بە سامان یاسین ڕاگەیەندراوە کە “بە هەوی شۆکی ئەم هەواڵەوە” هاوسەرەکەی کە دوو گیان بووە و یەک مانگی مابوو منداڵەکەی لەدایک بێت، لەباری دەچێت. 
بەپێی نووسینەکانی ئەم هەڵسووراوی مافی مرۆڤە، “ئەبولقاسم سەڵەواتی” لە کاردانەوە بەرامبەر کوژرانی منداڵەکەی سامان یاسین، بە دایکی ئەم گورانیبێژە ناڕازییەی وتووە: “باش‌تر کە منداڵەکەی لە دەست داوە، شایانی باوکایەتی نییە.” 
ئەحمەدڕەزا حائێری لە کۆتایی‌دا دەڵێت: “جگە لەو دادگا نمایشەی ساڵی ڕابردوو، سامانیان نەبردۆتە هیچ دادگایەکی دیکە، هەروەها ڕێگە بە پارێزەرەکەی نەدراوە دەستی بە دۆسیەکەی‌دا ڕابگات و ۱٤ مانگە لە بارودۆخێکی ناڕوون‌دا لە زیندان ماوەتەوە.” 
سامان یاسین (سەیدی) ڕۆژی ۱ی خەرمانانی ئەم ساڵ لە گرتەیەکی دەنگی‌دا، باسی بەشێک لەو “ئەشکەنجە جەستەیی و دەروونیانەی” بەسەری‌دا هاتبوو لەوانە لەسێدارەدانی دەستکرد، شکاندنی لووت، بردن بۆ ساردخانە و گواستنەوە بۆ نەخۆشخانەی دەروونی لە ماوەی مانگەکانی ڕابردووی کردبوو.
سامان یاسین لەم گرتە دەنگییەدا وتوویەتی کاربەدەستان، بە هەڕەشەی ئەوەی زیان بە بنەماڵەکەی دەگەیێنن، مەجبوور بە دانپێدانانی زۆرەملێ و قبوڵکردنی تۆمەتەکان، لەوانە “تەقە کردن”ی کردووە.