
لە بارودۆخێکدا کە گرانی و هەژاری و برسیەتی لە ئێران ژیانێکی سەخت و لەتاقەت بەدەری بەسەر کرێکاران و زەحمەتکێشانی کۆمەڵگەدا سەپاندووە؛ لە کاتێکدا کە بەپێی دانپێدانانی ئەندامێکی پێشووی کۆمیتەی دیاریکردنی حەقدەست لە شۆرای باڵای کاری ڕژیمی ئیسلامی، “ئەمڕۆ نرخی سەبەدی بژێو بە پێوەرە فەرمییەکان گەیشتووەتە نزیکەی ٥٨ ملیۆن تمەن، پایەی حەقدەستی کرێکارانی ژێر یاسای کار، بەپێی بڕیاری شۆرای باڵای کاری ڕژیم لە مانگی ڕەشەممەی ساڵی ڕابردوو، بە هەموو مەزایاوە نزیکەی ١٥ ملیۆن تمەنە”. ئەمەش یانی چوار هێندە لە ژێر هێڵی هەژاریدا ژیان بەسەر بردن. جێگای ئاماژەیە کە حەقدەستی ملیۆنان کرێکار کە لە دەرەوەی یاسای کاری ساختەی ڕژیمن، لەم بڕە پارە کەمەش نزمترە. ئەمە لە کاتێکدایە کە بەپێی ئاماری ناوەندەکانی خودی ڕژیم، بەهۆی بەردەوامیی قەیرانی پێکهاتەیی و ئیفلاسی ئابووریی حکوومەتی ئیسلامی، لەئێستادا ڕێژەی هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵی بەشی خۆراک گەیشتووەتە سەرووی ٦٠٪.
هەندێک لە میدیاکانی ناوخۆی ئێران لە مانگی ڕەزبەری ڕابردوودا ئاشکرایان کرد کە نزیکەی ٣٥٪ی ئەو مردنانەی تۆمار کراون بەهۆی بەدخۆراکی و نەگەیشتنی ماددە خۆراکییە پێویستەکان بە جەستەیان بووە. هەر لەم پەیوەندییەدا، یەکێک لە مامۆستایانی ئابووریی زانکۆ هۆشداریی داوە کە بە بەردەوامبوونی ئەم ڕەوتە، ڕێژەی هەژاران لە ئێراندا دەگاتە ٤٠٪ی کۆی دانیشتووان. لەم بارودۆخەدا، چاودێرانی ئابووری پێشبینی دەکەن کە کەسری بوودجەی دەوڵەتی پزشکیان بۆ ساڵی داهاتوو دەگاتە سەرووی یەک تریلیۆن تمەن. یەکێک لە هۆکارەکانی ئەم کەسری بوودجەیە ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی بەشی زۆری داهات و سەرچاوە داراییەکانی وڵات و بەرهەمی ڕەنج و کاری کرێکارانی ئێرانی بۆ پێشبڕکێی چەکداری، زیادکردنی بوودجەی سپای پاسداران و هێزە سەرکوتکەرەکانی دیکە و درێژەدان بە سیاسەتە شکستخواردووەکانی بۆ مانەوەی خۆی تەرخان کردووە.
لەم دۆخەدا، ئەم حکوومەتە گەندەڵە بۆ قەرەبووکردنەوەی بەشێک لەم کەسری بوودجە بەرینە، چاوی تەماحی بڕیوەتە بژێوی خەڵک و بەنیازە بە بەرزکردنەوەی نرخی سووتەمەنی و کاڵا سەرەکییەکانی دیکە، هەژاری و نەهامەتیی زیاتر بەسەر ژیانی بنەماڵەی کرێکاران و خەڵکی هەژاردا بسەپێنێت. بێگومان سەرانی ڕژیم دەزانن کە بەرزکردنەوەی نرخی بەنزین و گاز تەنها پرسێکی ئابووری نییە، بەڵکوو ڕیسکێکی سیاسییە بۆ تەواوی دەسەڵاتەکەیان. ئەوەش لە کاتێکدا کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە لاوازترین دۆخ و پێگەی ناوخۆیی و دەرەکیدایە و ڕووبەڕووی چەندین قەیرانی گەورە بووەتەوە. بەتایبەت ئەوەیکە دەرەنجامەکانی ڕاپەڕینە خوێناوییەکەی خەزەڵوەری ٩٨یان لە بیر ماوە.
بەم حاڵەوە، ڕژیمی داماوی کۆماری ئیسلامی ڕۆژی یەکشەممە، ٢٥ی خەزەڵوەر، بە دەرکردنی بەخشنامەیەک، بەرزکردنەوەی پلە بە پلەی نرخی سووتەمەنیی بە فەرمی خستە دەستووری کارەوە. لەم بەخشنامەیەدا دوو پەیام بە داڕشتنێکی فریوکارانەوە جێگیر کراون: یەکەمیان “بەرزکردنەوەی نرخی سووتەمەنی بە ئامانجی قەرەبووکردنەوەی کەسری بوودجە”، واتە قەرەبووکردنەوەی وەرشکستەیی دەسەڵات، و دووەمیان “جێبەجێکردنی قیمەتگوزاری بەشێوەی پلە بە پلە بۆ مودیرییەتی مەسرەف و هەدەفمەند کردنی یارانەکان”، واتە درێژەی بەرزبوونەوەی قیمەتەکان. جێگری جێبەجێکاری پزشکیان بە شێوەیەکی بێشەرمانەتر ڕایگەیاند کە: “پێویستە نرخی بەرق و گاز و بەنزین گران بکرێت”.
ئاشکرایە کە بڕیاری بەرزکردنەوەی نرخی سووتەمەنی، وەک کاڵایەک کە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی کاڵاکانی دیکەش هەیە، هەروەک خەزەڵوەری ساڵی ٩٨، بە ڕەزامەندیی عەلی خامنەیی و ڕێبەریی سپای پاسداران دراوە. ئەم بڕیارە نیشانەی ئەوپەڕی وەرشکستەبوونی ئابووریی حکوومەتی ئیسلامییە و بە هیچ شێوەیەک ناتوانێت قەیرانە بەرینە ئابوورییەکەی ڕژیم چارەسەر بکات. حکوومەتێک کە سەروەت و سامانی کۆمەڵگە و بەرهەمی ڕەنج و کاری کرێکارانی لە ستراتێژی پڕهەزینە و شکست خواردووی پاراستنی دەسەڵاتدا بەفیڕۆ داوە، هیچ ڕێگەیەکی نییە جگە لەوەی فشاری زیاتر بخاتە سەر ژیانی جەماوەری خەڵک. ئەمەش لە کاتێکدایە کە سەرانی ڕژیم باش دەزانن ئەم جۆرە بڕیارانە بۆیان گران تەواو دەبێت و ڕووبەڕووی ناڕەزایەتیی توندتری جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش دەبنەوە.
ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە کاتێکدا هەوڵی بەرزکردنەوەی نرخی سووتەمەنی دەدات کە لە هەفتەکانی ڕابردوودا بەرەوڕووی شەپۆلێکی نوێی مانگرتنی کرێکاری و ناڕەزایەتیی توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگە لەوانە پەرستاران، خانەنشینان و مامۆستایان و هیتر بووەتەوە. ناڕەزایەتی و ڕێپێوانە شکۆدارەکەی زیاتر لە سێ هەزار کرێکاری پەیمانیی ناوەندی گازی پارسی جنووبی و کۆبوونەوەیان لە بەردەم بینای سەرەکیی ناوەندەکە لە عەسەلوویە لە ڕۆژی سێشەممە، ٢٠ی خەزەڵوەر، یەکێک لەو نموونانە بوو. لەم ناڕەزایەتییەدا، کرێکارانی ئەرکانی سالس، کرێکارانی شیرکەتی و پەیمانیی فازە جۆراوجۆرەکانی پارسی جنووبی و پاڵاوگەی فەجری جەم، بە بەرزکردنەوەی دروشم خوازیاری یەکسانکردنی مووچە، گۆڕینی شێوازی کار و لابردنی پەیمانکارەکان و چەندین خواستی دیکە بوون. هەر لەو ڕۆژەدا، کارمەندانی بێهزیستی لە زیاتر لە ٢٠ شاردا لە دژی بارودۆخی نامرۆڤانەی کار، فشاری زۆری کار، کەمبوونی حەقدەست و دۆخی فەلاکەتباری بژێوییان، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد.
ڕۆژی چوارشەممە، ٢١ی خەزەڵوەر، چەندین کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی دیکە لەوانە کۆبوونەوەی کارمەندانی شیرکەتی نەوتی فەلاتی قاڕە لە ناوچەی خارک، کۆبوونەوەی دەکەداران و کیووسکداران لە بوشێهر، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی پەرستارانی نەخۆشخانەکانی مەشهەد و کۆبوونەوەی داواکارانی مەسکەنی میللیی ئیسفەهان، بەڕێوەچوون. ڕۆژی شەممە، ٢٤ی خەزەڵوەر، کرێکارانی ناوەندی پارسی جنووبی لە ٩ بەشی پاڵاوگەکاندا دەستیان دایە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی. هەر لەو ڕۆژەدا، بەشێک لە کرێکارانی قەراردادی سەربە حەراسەتی مەیدانی نەوتیی غەربی کارون لە دژی دۆخی نالەباری بژێوییان کۆبوونەوەیان بەڕێوەبرد. ڕۆژی یەکشەممە، ٢٥ی خەزەڵوەریش، کرێکارانی خانەنشین لە شارە جۆراوجۆرەکان، لەوانە ئەهواز، شووش، کرماشان و ڕەشت و سەنعەتی پۆڵای ئەسفەهان، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی خۆیان بەڕێوە برد.
بەڵام لەپێناوی بە ئاکام گەیشتنی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان، لە بارودۆخی نەبوونی ڕێکخراوی جەماوەری و چینایەتیی سەرتاسەریدا، پێویستە چالاکانی سۆسیالیستی بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە لە پەیوەند لەگەڵ یەکتردا بۆ پێکهێنانی “شۆرای هاوکاریی چالاکان و ڕێبەرانی کرێکاری” هەنگاوی زیاتر هەڵگرن. پەیوەستبوونیان بەیەکەوە و دروستکردنی هەماهەنگی بۆ بەڕێوەبردنی مانگرتن و ناڕەزایەتیی سەرتاسەریی کرێکاری دەتوانێت لە گەشەپێدانی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان و هەروەها لە ڕووخاندنی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیدا یارمەتیدەر بێت.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە