فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

گەمارۆدانی ٧ کەس و ٤ ناوەندی سەر بە کۆماری ئیسلامی لە لایەن ئەمریکاوە
پێنجشەممە ۳۰-۰۶-۱۴۰۲   |  21-09-2023

وەزارەتی خەزانەداری ئەمریکا لە ڕێگەی بڵاو کردنەوەی ڕاگەیەندراوێکەوە گەمارۆدانی حەوت کەس و چوار ناوەندی لە وڵاتانی ئێران، چین، ڕووسیە و تورکیەی بە هۆی پێوەندی بە بەرنامەی درۆنیی کۆماری ئیسلامیەوە ڕاگەیاند. 
بەپێی ئەم ڕاگەیاندنە کۆمپانیای هەسا، سەر بە وەزارەتی بەرگری کۆماری ئیسلامی کە بە پشتیوانی سپای پاسداران، درۆنی “ئەبابیل” و “شاهید” بەرهەم دێنن لە لیستی ئەم گەمارۆیانەدان.
حکوومەتی ئەمریکا بانگەشەی کردووە کە ئەو کەس و ناوەندانەی بە تازەیی گەمارۆ دراون ڕۆڵیان لە ئاسانکاری بۆ ناردنی قەتەعات و ئەنجامدانی مامەڵەی دارایی بۆ کۆمپانیای پیشەسازی فڕۆکەسازی ئێران و هەوڵەکانی ئەم ڕێکخراوە بۆ دروست کردنی درۆن و فڕۆکەی نیزامی هەبووە. 
برایان نێلسۆن، بە جەخت کردنەوە لە سەر پێداگری ئەمریکا بۆ هەوڵدان بە دژی دابین‌کردنی درۆنی کۆماری ئیسلامی وتوویەتی ئەمریکا هانی وڵاتانی جۆراوجۆر دەدات بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی یاسایی پێش بە هەناردەکردنی پارچەی درۆن بۆ ئێران بگرن.
گەمارۆ نوێکانی ئەمریکا بە دژی کۆماری ئیسلامی لە حاڵێکدا ڕاگەیەندراوە کە جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا ڕۆژی سێشەمە ٢٨ی خەرمانان لە دیدار لەگەڵ ئەمیر عەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ڕژیم، لە نیۆیۆرک، داوای کرد کۆماری ئیسلامی هاوکارییە نیزامییەکانی خۆی لەگەڵ ڕووسیە لە شەڕی ئەم وڵاتە بە دژی ئۆکراین ڕابگرێت.