وەزارەتی خەزانەداری ئامریکا شیرکەتی “فارئێیست کەیبڵ” کە شیرکەتیکی چینیە بەهۆی شکاندنی ڕێساکانی تایبەت بە گەمارۆ موخابەراتییەکانی سەر کۆماری ئیسلامی، خستە لیستی گەمارۆکانەوە. وەزارەتی خەزانەداری ئامریکا ئەو شیرکەتەی بەهۆی هەناردەی کەلوپەلی موخابەراتی بۆ ڕژیم خستووەتە لیستی گەمارۆ داراییەکانی خۆیەوە.
ئەو شیرکەتە ساڵی ٢٠١٣ لەگەڵ شیرکەتی “زتا”ی “چین” بە مەبەستی کڕینی کەلوپەلی موخابەراتی گرێبەستێکی واژۆ کرد، بەڵام دوای کڕین، هەموو کەلوپەلەکانی بە کۆماری ئیسلامی فرۆشتبوو. شیرکەتی “زتا” ساڵی ٢٠١٧ یشدا بەهۆی پێشێلکردنی ڕێساکانی تایبەت بە گەمارۆکانی سەر ڕژیم سزا درابوو.
شایانی باسە کە “فارئێیست کەیبڵ“ گەورەترین شیرکەتی بەرهەمهێنەری کابڵ و سیم لە وڵاتی چینە. ئەو شیرکەتە بەهۆی پێشێلکردنی گەمارۆکانەوە تا ئێستا هەژدە جار لەلایەن ئامریکاوە سزا دراوە.