شۆرای وەزیرانی یەکیەتیی ئورووپا لە پێنجەمین بەستەی گەمارۆکانی خۆی لە پێوەندی لەگەڵ بارودۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران لە دەستپێکی ئاخێزی شۆرشگێرانەی خەڵکی ئیران، ٣٢ کەس و یەک لەوان دوو وەزیری کابینەی ئیبراهیم ڕەئیسی، ژمارەیەک لە بەرپرسانی دەزگای قەزایی و نوێنەرانی مەجلیس و دوو دامەزراوەی خستە نێو لیستی گەمارۆکانی خۆیەوە.
لەو لیستەدا کە ڕۆژی دووشەممە ١ی ڕەشەمە ڕاگەیەندرا، یووسف نووری، وەزیری پەروەردە و بارهێنان و محەممەد مەهدی ئیسماعیلی، وەزیری ئیرشاد و هەروەها دوو دامەزراوەی بنیادی تەعاوەنی فەراجا (فەرماندەیی ئینتزامی) و ناوەندی توێژینەوەی زانستی ئینتزامی و لێکۆڵینەوەکانی فەراجا، خراونەتە نێو ئەو لیستە نوێیەوە.
هاوکات دەوڵەتی بریتانیاش بە هۆی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە، ٨ کەس لە بەرپرسانی ڕژیمی لەوانە چەند فەرماندەی سپای پاسداران و ٣ دادوەری ڕژیمی خستە نێو لیستی گەمارۆکانی ئەو وڵاتەوە.
شایانی باسە کە لە ماوەی دەستپێکی ئاخێزی جەماوەری خەڵکی ئێران بەگشتی ١٩٦ کەس و ٣٣ دامەزراوەی کۆماری ئیسلامی کە دەستیان لە سەرکوتکردنی خەڵکدا هەبووە، خراونەتە نێو لیستی گەمارۆکانەوە.