
عەلیئەکبەر سەفایی، کارگێڕی گشتی ڕێکخراوی بەندەرەکان و دەریاوانی ڕژیم، ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی خاکەلێوە، گەندەڵی دوو ملیۆن دۆلاری لەم ڕێکخراوەدا پشتڕاست کردەوە و ناوی ئەو گەندەڵکارەی بە “ئاڕەش ئەشتەری” ڕاگەیاند.
سەفایی لەبارەی ئەو گەندەڵییەی کە لە مۆجتەمەعی بەندەری “ئیمام خومەینی” ڕوویداوە، بە میدیاکانی ڕاگەیاند: کەسێک بە ناوی ئاڕەش ئەشتەری کارناسی بەرپرسی یەکێک لە بەندەرەکانی ژێردەستە بووە کە بە “ساختەکاری” ١٠٨ ملیاڕد تمەنی گواستۆتەوە.
ڕۆژنامەی “ئیعتماد” لە ڕاپۆرتێکدا باسی لە وردەکارییەکانی گەندەڵی لە بەندەری ئیمام کردووە و نووسیویەتی، کارمەندی بەرپرسی دەرکردنی چەک لە بەشی ژمێریاری کۆمەڵگەی “بەندەری ئیمام”، ژمارەیەکی بەرابەر بە دوو ملیۆن دۆلاری بە شێوەی “دراوی دیجیتاڵی” هەڵگرتووە و لە ئێران هوڵاتووە. ئەم کەسە بەرەو کەنەدا هەڵاتووە کە “هاوکاری تایبەتی لەگەڵ ئێران بۆ گەڕاندنەوەی تۆمەتبارانی ماڵی و گەندەڵکاران نییە”.
دوایین ڕاپۆرتی ڕێکخراوی ڕونکردنەوەی نێودەوڵەتی نیشان دەدات کە ئێران لە نێوان ١٨٠ وڵات، لە بواری بەرفراوانی گەندەڵی ماڵی، لە ڕیزبەندی ١٤٧هەمین وڵات دایە.