دوای ئەوەیکە “محەممەد موسەدق کەهنموویی” جێگری یەکەمی دەزگای قەزایی ڕژیمی ئیسلامی تەئکیدی کرد کە ئەم دەزگایە لە “ئیقتدار”ی هێزی ئینتزامی بۆ سەرکوتی پێشێلکارانی حیجاب پشتیوانی دەکات، فەرماندەی هێزی ئینتزامی ڕایگەیاند کە لە ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی مانگی پووشپەڕەوە گەشتی پۆلیس بۆ ڕێگری لە “پۆششی خارج لە عورف” لە شەقامەکان جێگیر دەبێت. وتەبێژی هێزی ئینتزامیش ڕایگەیاند کە: “لەمڕۆوە بە جێگیرکردنی گەشتی ماشێنی و پیادە لە سەرانسەری ئێران، ئەو دەستەیە لە کەسانێک کە بەداخەوە سەرەڕای ئاگاداربوون لە ئاکام و داواهاتەکانی پۆششی بەدوور لە سوننەت و نەریت هەروا درێژە بە پێشێلکاری دەدەن، وێڕای هۆشدار و تەزەکور، ئەگەر بەقسەی پۆلیس نەکەن بەپێی یاسا هەڵسووکەوتیان لەگەڵ دەکرێت و بە دەزگای قەزایی دەناسێندرێن”. دوای ئەم هەڕەشانە، وەنەکانی گەشتی ئیرشاد لە شەقامی وەلیعەسر، تێئاتری شار و مەیدانی ئینقلاب لە تاران جێگیر کران. ئەوەش لەحاڵێکدایە کە دوای قەتڵی حکوومەتیی ژینا ئەمینی لە دەستبەسەرگەی گەشتی ئیرشاد و دەستپێکی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا کە بەناوی ڕەمزی “ژن، ژیان، ئازادی”یەوە دەستی پێکرد و سەرانسەری ئێرانی گرتەوە، خودی سەرانی حکوومەت لەژێر گوشاری تووڕەیی و ناڕەزایەتیی خەڵک باسیان لە کۆتایی کاری گەشتی ئیرشاد کرد و بیساتی ئەم هێزانەیان لە شەقامەکان کۆکردەوە.
گەشتی ئیرشاد یەکێک لە بەدناوترین هێزە پۆلیسەکانە لە پێکهاتەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیدا کە بە دروست لەگەڵ مەئموورانی گێشتاپۆ واتە دەزگای پۆلیسی نهێنیی سەردەمی دەسەڵاتی نازییەکان لە ئاڵمان هەڵیاندەسەنگێنن. کردەوەی ئەم هێزە بێزراوەیە هەمیشەی بەرەوڕووی ناڕەزایەتیی ژنان و پیاوانی ئازادیخواز بووەتەوە. لە ترسی هەڵچوونی تۆڕەیی جەماوەر، گەشتی ئیرشاد هێندێک جار تەنانەت لەلایەن مەقاماتی حکوومەتیشەوە دراوەتە بەر ڕەخنە و هەربۆیە لە قۆناغی جۆراوجۆردا ڕادەی حزووریان لە شەقام و شوێنەکانی هاتووچۆی خەڵک جیاواز بووە. کردەوەی ئەم هێزە سەرکوتگەرە، تەنانەت لە نیگای کاربەدەستانی باڵای پۆلیسیشەوە، بەهۆی هەڵخڕاندنی بەرەنگاربوونەوە و خۆڕاگریی خەڵک ناسەرکەوتوو هەڵسەنگێندراوە. لەماوەی ساڵانی ڕابردووشدا ئاستی نەفرەت و تووڕەیی خەڵک بەتایبەت ژنان لەم هێزە تا ڕادەیەک بووە کە ئەحمەدی نەژاد کردەوەی ئەوانی بە زیانبار وەسف کرد و بوونیانی بە پێویست نەزانی. ڕووحانیش لە سەردەمی “هەڵبژاردنەکاندا” وێڕای ئاماژە بە گەشتی ئیرشاد وتی: “گرتن و دەسبەسەرکردن بۆ بواری کلتووری هیچ سەمەرێکی نییە. بۆ ئەم بوارە بە پۆلیس کارێک ناکرێ”.
بەڵام ئەمجارەیان هەڵسەنگاندنێکی بابەتی لە ڕەوتی ڕووداوەکان نیشانی دەدات کە گەڕاندنەوەی گەشتی ئیرشاد بۆسەر شەقام، درێژەی شەپۆلی پەرەپێدانی سەرکوت و لێکدانەوەی هەڵەی سەرانی ڕژیمە سەبارەت بە ڕۆڵی سەرکوت لەم هەلومەرجەدا. سەرانی ڕژیمی ئیسلامی لە درێژەی تەهاجومی سازماندراو و بەرینیان دژبە ژنانی بێحیجاب و داسەپاندنی ئەحکامی کۆنەپەرستانە و دژەئینسانی، لە درێژەی هێرشی بەبەرنامە بۆسەر زانکۆکان، لە ئیدامەی پەرەپێدانی شەپۆلی ئێعدامەکان، دەرکردنی حوکمی قورس دژبە چالاکانی بزووتنەوەی کرێکاری لە زیندانەکان، لە درێژەی قەتڵی زیندانییانی سیاسی لەژێر ئەشکەنجە، شەپۆلی دەستگیرکردنی چالاکانی سیاسی لە کوردستان و سیستان و بەلوچستان، بۆ جارێکی تر گێشتاپۆکانی گەشتی ئیرشادیان ڕەوانەی شەقامەکان کردووە.
بەڵام سیاسەتی گەڕاندنەوەی گەشتی ئیرشاد بۆسەر شەقامەکان لە کەشوهەوای شۆڕشگێڕانەی زاڵ بەسەر کۆمەڵگە، لە فەزایەکدا کە کرێکاران، ژنان و بێبەشانی کۆمەڵگە چیتر نایانهەوێ وەک ڕابردوو بژین، سیاسەتێکی شکستخواردوویە. بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا بە پێشەنگایەتیی ژنان بەجۆرێک پایەی ئایدیۆلۆژیکی حکوومەتی ئیسلامیی سەرمایەدارانی تێکشکاندووە، کە گەڕاندنەوەی گەشتی ئیرشاد بۆ شەقام لەجیات ترساندنی ژنانی بوێر و ئازادە، سەران و ئیدێئۆلۆگەکانی ڕژیمی ئیسلامیی خستووەتە لەرزە. محەممەد خاتەمی سەرۆککۆماری پێشوو و لە ئیدێئۆلۆگەکانی ڕژیمی ئیسلامی ڕۆژی دووشەممە ٢٦ی مانگی پووشپەڕ لەئاست “مەترسی خۆبەرەندازی و شێوانی کۆمەڵگا” هۆشداری دا و وتی: “مەترسیی خۆبەرەندازی کە زۆرجار باسی لێکراوە بە گەڕانەوەی دووبارەی گەشتی ئیرشاد و هەڵسووکەوتی پۆلیسی ، ئەمنیەتی و دەکردنی ئەحکامی نائاسایی لەئاست پرسە کۆمەڵایەتییەکان بەتایبەت بۆ خانمان، زیاتر لە ڕابردوو خۆی نیشان داوە.” لەلایەکی دیکەوە هەواڵنێریی تەسنیمی سەربە ئۆسوولگەراکان لە هەواڵێکی تایبەتدا ڕایگەیاند: “بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ پۆششی نائاسایی” لەلایەن پۆلیسەوە “بە فەرمانی سەرۆککۆمار، وەزیری ناوخۆ و دەزگای قەزایی” دەستیپێکردووە. بەڵام میدیای ڕەجانیوزی نزیک بە باڵی پایداری دەنووسێ: بەرەی ڕاستی میانە (واتە ئەو ئۆسوولگەرایانەی کە بە ڕێبەریی حەداد عادڵ و قالیباف چالاکی دەکەن)، لەو باوەڕەدان کە بەسەرەنجدان بە دروشمی ساڵ و هەروەها تەئکیدنەکردنی ڕێبەری لە سوخەنڕانییەکانی ئەم دوایانەیدا سەبارەت بە مەسەلەی حیجاب، نابێ ئەم بابەتە وەک پرسی میحوەری و ئەولەویەتی سەرەکی چاوی لێبکرێ. بەڵکوو بواری ئابووری پێویستە لە ئەولەویەتدا بێت. بەڵام لەهەمان حاڵدا ڕاستی توندڕەو(پایدارییەکان و حامیانی دەوڵەت) کە دەبوایە لەئاست پرسە ئابوورییەکان وڵامدەرەوە بن، زیاتر تەمایولیان بەرەو مەسەلەی حیجابە”.
ئاشکرایە کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی کەوتووەتە پێگەیەکەوە کە بەبێ سەرکوتی بەرین، هەم وەک ستراتێژی و هەم وەک تاکتیک ئیمکانی مانەوەی نییە. بەڵام بێگومان گەڕاندنەوەی گەشتی ئیرشاد بەتایبەت دژبە ژنان کە لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستادا ڕۆڵی پێشەنگیان هەبووە، بۆ ڕژیم ئاکامی پێچەوانەی دەبێت. ئەگەرچی زیاتر لە چوار دەیەیە دەسەڵاتی ئیسلامی هەوڵی داوە تا لەڕێگەی سەرکوتی ڕاستەوخۆ و داسەپاندنی بیروباوەڕی کۆنەپەرستانەی مەزهەبی، کۆمەڵگا لە ترس و وەحشەتدا ڕابگرێ، بەڵام کاردانەوەی خەڵک بەرانبەر بە زۆروێژیی گەشتی ئیرشاد لە ڕابردوو و هەروەها لەم ڕۆژانەدا، بۆ جارێکی تر نیشانی دا کە ڕژیم ناتوانێ کرێکاران و جەماوەری بێبشەشکراو و ژنان و پیاوانی ئازادیخواز لە ئیعتڕاز و خەبات پاشگەز بکات. بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا کە لە ساڵڕۆژی نزیک دەبینەوە هاوسەنگیی هێزی لە کۆمەڵگادا بۆ هەمیشە بە قازانجی بەرەی خەباتی جەماوەر گۆڕیوە. ساڵانی ترس و خۆف تێپەڕین. نە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی توانای دووپاتکردنەوەی تاوان و جەنایاتی ڕابردووی هەیە و نە کرێکاران و ژنانی خەباتکار بەرانبەر بەم جەنایاتە بێدەنگ دەبن. کرێکاران و خەڵکی ئازادیخوازی ئێران بۆ جارێکی دیکە ڕژیم لەم واقعیەتە دەگەیەنن کە هەوڵ بۆ ئەمنیەتی کردنی فەزای کۆمەڵگا و پەرەپێدانی ئەزیەت و ئازاری خەڵک بەتایبەت ژنان، بە هێزێکی چەند هێندەی ڕابردوو، بە گەشەی خەبات و بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ هێزی سەرکوتگەر، لەوانە گەشتی ئیرشاد، وڵام دەدەنەوە. گەڕاندنەوەی “گەشتی ئیرشاد”، یاریکردن بە ئاگری تووڕەیی شۆڕشگێڕانەی ژنان و جەماوەری وەگیانهاتوو لەم بارودۆخەیە.
وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە