فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

گەڵاڵەیەک بۆ «هاوپشتیی نەتەوەیی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی» یان پڕۆژەیەک بۆ چەککردن و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە؟
دوشەممە ۱۹-۰۵-۱۴۰۵   |  10-08-2026

سەرەنجام پاش تێپەڕینی نزیکەی ساڵێک و نیو بەسەر بانگەوازی «ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک»ی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ٢٨ی فێوریەی ٢٠٢٥دا، پارتی داد و گەشە (ئاکەپە) بە ڕێبەریی ئەردۆغان ڕەشنووسی پرۆژەیاسایەکی لەژێر ناوی «هاوپشتیی نەتەوەیی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی» خستە بەردەم پەرلەمانی تورکیا. ئۆجەلان لەو پەیامەدا بە جەختکردنەوە لەسەر زەروورەتی هێنانەکایەی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک، داوای لە پەکەکە کرد چەک دابنێت، کۆنگرە ببەستێت و هەڵوەشاندنەوەی خۆی ڕابگەیەنێت. بەڵام حکوومەتی ئەردۆغان، لە درێژەی سیاسەتە فاشیستییەکانیدا و بێ ئەوەی تەنانەت باسێک لە چارەسەری پرسی کورد بکات، ڕەشنووسی ئەم پرۆژەیاسایەی بە ئامانجی بەڕێوەبردنی پرۆسەی هەڵوەشاندنەوە و چەککردنی تەواوەتیی پارتی کرێکارانی کوردستان، پێشکەشی پەرلەمانی تورکیا کردووە.

ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لە بەیاننامەیەکدا ئامانجی ئەم گەڵاڵەیەی بۆ «بەهێزکردنی یەکڕیزیی نەتەوەیی لە ڕێگەی بنەبڕکردنی هەمیشەیی هەڕەشەی تیرۆریزم» گەڕاندووەتەوە؛ واتە دەیەوێت بە زمانی هەڕەشە و شەڕ، ئاشتی و هاوپشتیی نەتەوەیی بەدیبهێنێت. لە کاتێکدا ئەردۆغان ڕەسەنایەتیی بزووتنەوەی هەقخوازانەی خەڵکی کوردستانی تورکیا بۆ بنەبڕکردنی چەوسانەوەی نەتەوەیی و ڕووبەڕووبوونەوەی سیاسەتە فاشیستییەکانی دەوڵەتی تورکیا دەخاتە ژێر پرسیارەوە و ئەم بزووتنەوەیە بە تیرۆریزم وەسف دەکات، بەڵام لە هەمان کاتدا پاکانە بۆ تیرۆریزمی دەوڵەتی و سیاسەتی سەرکوتگەرانەی دەوڵەتە دەسەڵاتدارەکانی ئەم وڵاتە و ئەو تاوانانە دەکات کە لە دەیەکانی ڕابردوودا دژ بە خەڵکی کوردستان ئەنجام دراون. ژەنەراڵ و فەرماندەکانی ئەرتەش و کاربەدەستانی دەوڵەتی تورکیا، کە دەستیان بە خوێنی خەڵکی کوردستان لە تورکیا، سووریا و عێراق سوورە، دەبێت میداڵی شانازیی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم بدەن لە سنگیان، بەڵام ئەو لاوانەی لەژێر گوشاری سەرکوتگەرییەکان و بێبەریبوونە ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا دژ بە دۆخی هەنووکەیی دەستیان داوەتە چەک، دەبێت بە سووکایەتییەوە چەکەکانیان دابنێن، و ئەگەر شانسی گەڕانەوە بۆ تورکیاشیان پێ درا، دەبێت سێ ساڵ لەژێر چاودێری و کۆنترۆڵی دامەزراوە و دەزگا ئەمنییەکاندا بن، تاوەکوو بەپێی پێوەرەکانی پێکهاتەی دەسەڵاتدار مافی ئازادیی ڕادەربڕین بەدەست بهێنن. ئەم هاوکێشە زۆر زاڵمانە و نایەکسانە و ئەم ڕوانگە ئەمنییە، بەسەر تەواوی پێکهاتەی پرۆژەیاسا پێشنیارکراوە دوازدە ماددەییەکەی پارتی داد و گەشەی ئەردۆغاندا بەتەواوی زاڵە.

بەپێی پرۆژەیاسا پێشنیارکراوەکە، داوا لە ئەندامانی پەکەکە دەکرێت لە ماوەی شەش مانگدا چەکەکانیان دابنێن و بگەڕێنەوە بۆ تورکیا، بەو مەرجەی لە ماوەی سێ ساڵدا هیچ تاوانێکی نوێ ئەنجام نەدەن، ئەوکات ڕێگەیان پێ دەدرێت لە چالاکییە سیاسییەکاندا بەشداری بکەن. واتە بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی، سەرجەم ئەندامانی پەکەکە وەک تاوانبار هەژمار دەکرێن و تەنیا لە ئەگەری ئەنجامنەدانی تاوانی نوێدا، پاش سێ ساڵ ئازادیی چالاکیی سیاسی بەدەست دەهێنن. بەپێی ڕاپۆرتی میدیا دەوڵەتییەکانی تورکیا، ئەگەر ئەم پرۆژەیاسایە لە پەرلەمان پەسەند بکرێت، زەمینەی گەڕانەوەی مەرجداری زیاتر لە ٤٠٠٠ ئەندامی پەکەکە کە لە کوردستانی عێراق و سووریا جێگیرن، ئامادە دەبێت. هەروەها بەپێی ئەم پرۆژەیاسایە، لە نێو زیاتر لە ٤٥٠٠ زیندانیی سیاسیی تۆمەتبار بە ئەندامێتی لە پەکەکە یان پەیوەندیدار بەم کەیسەوە، ئەوانەی تاوانی کوشتنیان لە دۆسیەکانیاندا نییە، بەشێوەی مەرجدار و لەژێر چاودێریی دامەزراوە ئەمنییەکاندا لە زیندان ئازاد دەکرێن. ئەگەرچی لەم پرۆژەیاسا پێشنیارکراوەدا ناوێک لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان نەهێنراوە، بەڵام بەهۆکاری ئەوەیکە ئەو تاوانانەی پێش یەکی ژوەنی ٢٠٠٥ ڕوویان داوە و سزای زیندانی هەتاهەتایی یان زیندانی هەتاهەتایی قورسیان هەیە لە چوارچێوەی یاساکە دەرهێنراون، ڕوونە کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان هەر لە زینداندا دەمێنێتەوە. بەپێی ئەم پرۆژەیاسایە نەک تەنیا ڕێبەرە زیندانیکراوەکەی پەکەکە، بەڵکوو سەدان فەرماندە و سەرجەم ئەو کادر و ئەندامانەی پارتی کرێکارانی کوردستان کە پێش ساڵی ٢٠٠٥ پەیوەندییان بەم پارتەوە کردووە، ئەم پرۆسەیە نایانگرێتەوە. لە ڕاستیدا ئەم پرۆژەیاسا ١٢ ماددەییە، نەک بۆ چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا، بەڵکوو چوارچێوەی پڕۆژەیەکی داڕشتووە تاوەکوو پرۆسەی چەککردنی تەواوەتیی پەکەکە، هەڵوەشاندنەوە و کۆتایهێنان بە چالاکییەکانی، لەژێر چاودێری و بەڕێوەبردنی دەستەیەکی هەڵسەنگاندن و هەماهەنگیدا کە پێکهاتووە لە وەزیرانی داد، بەرگری، ناوخۆ، سەرۆکی میت و سکرتێری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا بە سەرۆکایەتیی جێگری سەرۆککۆمار، بخرێتە بواری جێبەجێکردن و تاقیکردنەوەوە.

لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، ئەم یاسایەی «نەک وەک کۆتایی ڕێگا، بەڵکوو وەک دەستپێکی ڕێگایەکی گرنگ کە لە بەرژەوەندیی سەرجەم هاووڵاتییاندا دەبێت» هەڵسەنگاندووە. سەرکردایەتیی پەکەکەش لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە «کە ئەم یاسایە خاڵێکی دەستپێکە؛ بۆ چارەسەری سەرجەم پرسەکان، بەتایبەت پرسی کورد، دەبێت هەوڵەکان بۆ دیموکراتیزەکردن فراوانتر بکرێن. ئەگەر ئەو یاسایەی پەسەند دەکرێت بەڕاستی ڕۆڵی یاسایەکی چوارچێوەیی ببینێت، دەتوانێت ببێتە خاڵی دەستپێک بۆ پێشکەوتنە گرنگەکان». سەرکردایەتیی پەکەکە لەم بەیاننامەیەدا بەتایبەتی جەختی لە گرنگی و زەروورەتی ئازادیی ئۆجەلان و ڕابەرایەتیکردنی ئەم پرۆسەیە لەلایەن ئەوەوە کردووەتەوە.

بەڵام سەرەڕای وەهم و خۆشباوەڕیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان و سەرکردایەتیی پارتی کرێکارانی کوردستان بە دەستپێکردنی پرۆسەی دیموکراتیزاسیۆن لە تورکیا و چارەسەری پرسی کورد، ئەوەی لە ماوەی زیاتر لە دوو دەیەی ڕابردوودا لە سایەی دەسەڵاتی پارتەکەی ئەردۆغاندا لە ئارادا بووە، نەک پرۆسەی دیموکراتیزەکردنی کۆمەڵگەی تورکیا، بەڵکوو جێگیرکردنی هەژموونی سیاسەتە فاشیستییەکان بووە. جەماوەری کوردستانی تورکیا لە یادیانە کە چۆن دەوڵەتی ئەردۆغان لە ڕووبەڕووبوونەوەی ناڕەزایەتییەکانی پارکی گەزی لە ساڵی ٢٠١٣دا، ماسکی میانەڕەوی و ئاشتیخوازیی لە دەموچاو فڕێدا و بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران، هێزی پۆلیسی لە ئاستێکی بەرفراواندا بەکار هێنا. لە ئەنجامی پەلاماری پۆلیسدا، هەزاران خۆپیشاندەر بریندار بوون و لانی کەم ١١ کەسیش گیانیان لەدەست دا. سێ ساڵ دوای سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکانی پارکی گەزی، کودەتا شکستخواردووەکەی ساڵی ٢٠١٦ بە سەرکردایەتیی ئەفسەرانی گولەنی، دەرفەت و بیانوویەکی بۆ ئەردۆغان ڕەخساند تاوەکوو پایەکانی دەسەڵاتی خۆی لە دەرەوەی سنووری پەرلەمان و سیستەمی دادوەری، لە نێو ڕیزەکانی ئەرتەش، پۆلیس و سیستەمی دادوەریدا قایمتر بکات. لە ڕەوتی سەرکوتکردنی ئەم کودەتایەدا، زیاتر لە ١٥٠ هەزار کەس لە فەرمانبەرانی دەوڵەت، سەربازان، پۆلیس، مامۆستایان بەتایبەت مامۆستایانی زانکۆ دەرکران یان هەڵپەسێردران. زیاتر لە ٤٠ هەزار سەرباز و ئەفسەری سەربازی، لەوانە ژەنەراڵ و فەرماندە باڵاکان دەستبەسەر کران. ١٥٠ دەزگای ڕاگەیاندن کە پێکهاتبوون لە ڕۆژنامە، کەناڵە تەلەڤیزیۆنی و ڕادیۆییەکان، داخران.

خەڵکی کوردستان لە یادیانە کە دەوڵەتی ئەردۆغان پاش ئەم سەرکوتگەری و پاکسازییانە، پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)ی بە ڕێبەریی سەڵاحەدین دەمیرتاشی کردە ئامانج، کە دژایەتیی ڕوانگە فاشیستییەکەی دەوڵەتی ئەردۆغانی کردبوو. سەڵاحەدین دەمیرتاش وەک یەکێک لە ڕێبەرانی ئەم پارتە یاساییە، لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە سیاسەتمەدارانی کورد زیندانی کران و زۆربەیان تا بە ئەمڕۆش لە پشت میلەکانی زیندانن. زۆرێک لەو سەرۆک شارەوانییانەی کە لەلایەن خەڵکەوە لە شارەکانی کوردستان هەڵبژێردرابوون لە کارەکانیان دوورخرانەوە و قەییوومەکانی دەوڵەتی ئەردۆغان جێگەیان گرتنەوە. لە دوای ئەم زنجیرە ڕێکارانە، هاوپەیمانیی ئەردۆغان لەگەڵ پارتی ڕاستڕەو و توندڕەوی «بزووتنەوەی نەتەوەیی» (مەهەپە) بە ڕێبەرایەتیی دەوڵەت باخچەلی، کە بە «هاوپەیمانیی کۆمار» ناسراوە و لە ساڵی ٢٠١٨ـەوە پێکهاتووە، زیاتر لە جاران ماهییەتی فاشیستانەی ڕوانگەکەی ئەردۆغانی ئاشکرا کرد. لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٣ـیشدا، ئەم هاوپەیمانییە ڕۆڵی کلیلیی هەبوو لە سەرکەوتنی ئەردۆغاندا. ئەردۆغان بە پشتگەرمی بەم هاوپەیمانییە، سەرکوتی نەیارانی سیاسی، ڕۆژنامەنووسان و چالاکانی مافی مرۆڤی چڕتر کردەوە، یاسای نوێی بۆ سنووردارکردنی ئازادیی ميديا و بەکارهێنانی ئینتەرنێت پەسند کرد و بە دەستێکی کراوەترەوە درێژەی بە میلیتاریزم و لەشکرکێشی بۆ سەر کوردستانی سووریا و عێراق دا. دەستبەسەرکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانیی ئەستەمبوڵ و ڕکابەری سەرەکیی ئەردۆغان لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی سەرۆککۆماریدا، هەروەها دەستگیرکردنی زیاتر لە هەزار ڕۆژنامەنووس، چالاکی سیاسی و سێکولار، خاڵێکی وەرچەرخانی دیکە بوو لە داڕمانی سیستەمی سیاسیی تورکیا بەرەو ڕژێمێکی پاوانخواز و فاشیستی.

بە لەبەرچاوگرتنی ڕەوتی ئەم گۆڕانکارییانە لە تورکیادا لە کاتی هاتنەسەرکاری حیزبەکەی ئەردۆغانەوە تا ئێستا، و بە سەرنجدان بەوەی کە دەوڵەتی تورکیا نەک تەنیا هیچ هەنگاوێکی نەناوە کە نیشاندەری نییەتی باشی بێت بۆ کۆتایهێنان بە سەرکوت و میلیتاریزم و بەفەرمیناسینی مافە سەرەتاییەکانی خەڵکی کوردستان، گەشبینیی سەرکردایەتیی پەکەکە بۆ دەستپێکردنی پرۆسەی دیموکراتیزاسیۆن لە تورکیا و چارەسەری پرسی کورد، هیچ بنەمایەکی بابەتی و واقیعیی نییە. لە کاتێکدا هیچ پابەندبوونێکی کرداری بۆ ناچارکردنی دەوڵەتی تورکیا بە مەبەستی کۆتایهێنان بە سەرکوتگەرییەکان و چارەسەری دیموکراتیکانەی پرسی کورد نەخراوەتە ڕوو، دەربڕینی ئومێد لەلایەن سەرکردایەتیی پەکەکە بۆ دەستپێکی پرۆسەی دیموکراتیزاسیۆن و چارەسەری پرسی کورد و پێشوازیکردن لە چەککردن و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، جگە لە تەسلیمبوونی بێ قەید و شەرت لە بەرامبەر دەسەڵاتخوازیی نیۆعوسمانیستیی ئاکەپە و مەهەپەدا، هیچ مانایەکی دیکەی نییە. ئەگەر بەڕاستی پرۆسە و کەشوهەوایەکی نوێ بۆ دیموکراتیزەکردنی کۆمەڵگەی تورکیا و چارەسەری پرسی کورد دەستی پێکردووە، بۆچی دەبێت چەککردن و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە بکرێتە پێشمەرجی دەستپێکی ئەم پرۆسەیە؟ پارتێکی سیاسیی چەکدار، لەوانەش پەکەکە، دەتوانێت بەپێی نەخشەڕێگای سیاسیی خۆی، بۆ قۆناغێک خەباتی چەکداری لە بەرنامەی کاری خۆی دەربهێنێت، بێ ئەوەی پێویست بکات چەککردن و هەڵوەشاندنەوەی بێ قەید و شەرتی خۆی قبووڵ بکات.

بەڵام مەسەلەکە لەوە قووڵترە. لە جیهانی واقیعدا، سەرکردایەتیی پەکەکە ماوەیەکە ڕێڕەوی پەیوەستبوون بە ستراتیژیی سیاسیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلانی گرتووەتە بەر و هەر لەبەر ئەمەشە لەژێر ناوی دەستپێکی پرۆسەی دیموکراتیزاسیۆن، بەرەوپیری چەککردن و هەڵوەشاندنەوەی خۆی دەچێت. پەکەکە، کە بەهۆی ماهییەتی ناسیۆنالیستیی ئامانج و سیاسەتەکانییەوە ناتوانێت لە ڕێگەی هێنانەمەیدانی کرێکاران و زەحمەتکێشانی کوردستان لە دەوری بەرژەوەندییە چینایەتییەکانی خۆیان، و لەوانەش هەڵکێشانی ڕەگی چەوسانەوەی نەتەوەیی کە دووکەڵەکەی زیاتر لە هەمووان دەچێتە چاوی چینوتوێژە ژێردەستەکانەوە، ڕووبەڕووی سیاسەتەکانی دەوڵەتی تورکیا ببێتەوە و ستراتیژیی ڕیفۆرمخوازانەی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان بەرەوڕووی ئاڵەنگاری بکاتەوە، لە کرداردا ڕێڕەوی هاوتەریببوون لەگەڵ ئەم ستراتیژییە ڕیفۆرمخوازانەیەی گرتووەتە بەر. ئەمە لە کاتێکدایە کە نە پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان و نە هیچ پارتێکی بۆرژوازی بە هەر ئەندازەیەکیش «چەپ» و ڕیفۆرمخواز بێت، ناتوانێت بە پەیوەستبوون بە پرۆسەی دیموکراسیی بەردەست لە تورکیادا، خواستە دیموکراتیکەکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان وەدی بهێنێت. ئەرکی بەدیهێنانی خواستە دیموکراتیکەکانی ئێستا و دیموکراتیزەکردنی کۆمەڵگەش، کەوتووەتە سەر شانی چینی کرێکاری شۆڕشگێڕ و هاوپەیمانەکانی. لە کوردستانی تورکیاشدا تەنیا لە ڕێگەی هێنانەمەیدانی سۆسیالیستیانەی چینی کرێکار و وەڵامدانەوە بە خواست و داواکارییە دیموکراتیکەکانی نێو کۆمەڵگە، و لەوانەش نەهێشتنی چەوسانەوەی نەتەوەیی لە گۆشەنیگای بەرژەوەندییە چینایەتییەکانی کرێکاران، زەحمەتکێشان و بێبەشانەوەیە، کە دەتوانرێت سیاسەتە فاشیستییەکانی ئاکەپە و مەهەپە و هەروەها ستراتیژیی ڕیفۆرمخوازانەی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان بخرێتە ژێر پرسیارەوە.