فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

گەڵاڵەی بوودجەی ١٤٠١، هێمای درێژەی سیاسەتی نێئۆلیبرالی
چوارشەممە ۰۸-۱۰-۱۴۰۰   |  29-12-2021

پێشینەی بەڕێوەبردنی سیاسەتی هاوسەنگ کردنی پێکهاتەیی و نێئۆلیبرالیسم لە ئێران پتر لە سێ دەیەیە. گەڵاڵەی بوودجەی ساڵی ١٤٠١یش هێمای درێژەی بەڕێوەچوونی سیاسەتی نێئۆلیبرالی لەژێر هیدایەتی ئیبراهیم ڕەئیسی دایە. بەدەر لەوەیکە کام یەک لە باڵەکانی دەسەڵات ئۆرگانە سەرەکییەکانی نیزامی کۆماری ئیسلامییان بەدەستەوەیە، و تا چ ئاستێک ڕەقابەت و دوژمنایەتی لە نێوانیاندا لە ئارادایە، ئەم سیاسەتانە بەردەوام سەرەکیترین بەرنامەی ستراتێژیکی ئابووریی ئەوان بوون. 

هەر لە سەرەتای دەیەی حەفتای هەتاوییەوە هەتا ئێستا، سەرمایەداریی نێئۆلیبرالی، پێکهاتەی بەرینی ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئێرانی پێکهێناوە. بنەمای سەرەکیی ئەم سیاسەتانە لەسەر ئەم دوو میحوەرەن: لە لایەکەوە دەوڵەت هەوڵ دەدات سازوکاری بازاڕی ئازاد و پێداویستییەکانی کەڵەکەکردنی سەرمایە بەهێز بکات و ببووژێنێتەوە. هەروەها پاشەکشەی دەوڵەت لە دانی خزمەتگوزاریی گشتیی و سپاردنیان بە ناوەندەکانی بازاڕ، دووبارە دابەشکردنەوەی سەرچاوەی ئابووری و سەروەتی گشتی بە قازانجی چینی دەسەڵاتدار و گرووپە قازانجبەرەکانی دەزگای دەسەڵات، پێکهاتەکانی ئەم سیاسەتە بووە. لە لایەکی دیکەشەوە، سیاسەتی دەوڵەت ئەوە بووە کە لە ڕێگەی دەور لێدانەوەی یاسا، کاتی کردنی گرێبەستەکان و بردنەسەرەوەی ئاستی نائەمنیی پیشەیی و سەرکوت و لاوازکردنی ڕێکخراوە سەربەخۆ کرێکارییەکان، توانای بەکۆمەڵ و خۆڕاگریی چینی کرێکار و هەژاران تێک بشکێنێت. واتە بە داسەپاندنی باروودۆخی هەژاری و فەلاکەت بەسەر زۆربەی کرێکاران و زەحمەتکێشان، پشکی هێزی کار  و زەحمەت تا ئاستی ژیانێکی مەمرە و مەژی بێنێتە خوارێ و پشکی قازانج و ڕانت بۆ سەرمایەداران و گرووپەکانی سەربە دەسەڵات بەرێتە سەرێ.

ئەگەر چاوخشاندنێکمان بێت بەسەر ناوەرۆکی گەڵاڵەی بوودجەی ١٤٠١، دەتوانین بە چەند نموونەن هەموو ئەم تایبەتمەندیانە دەستنیشان بکەین. بە پێی ئەم گەڵاڵەیە، بەشێک لە سەرچاوە ماڵییەکانی بوودجەی ساڵی داهاتوو لە ڕێگەی سپاردنی دارایی ماڵی و سەرمایەوە دابین دەکرێت. لە تەبسەرەی ٢ی ماددەی واحیدە دا هاتووە کە “ڕێگە بە دەوڵەت دەدرێت، بۆنگا دەوڵەتییەکانی بەرکەوتووی گرووپی ١ و ٢ی ماددەی دووهەمی یاسای بەڕێوەبردنی سیاسەتەکانی ئەسڵی ٤٤ی یاسای بنەڕەتی، ڕادەست بکات و یان ڕایانگوێزێت.” کەوابوو بەپێی بەرنامەڕێژییەکانی ئەم گەڵاڵەیە، لە ساڵی داهاتوودا سەرچاوەی بەدەست هاتوو لەڕێگەی “ڕادەست کردنی شیرکەتە دەوڵەتییەکان” بڕی ٧١ تریلیۆن تمەن دەبێت.

لە ڕاستیدا خسووسی سازیی داراییەکانی ژێر خاوەندارییەتیی دەوڵەت و کاڵایی کردنی خزمەتگوزاریی گشتیی بە هەر شێوە و ڕادەیەک کە بەڕێوەبچێت، لە ئەساسدا دەبێتە هۆی پاوان کرانی سەروەتی کۆمەڵایەتی و چڕ بوونەوەی خاوەندارییەتیی تایبەت لەناو چنگی سەرمایەداران و گرووپە قازانجبەرەکانی دەسەڵاتی سیاسی. ئامارە بڵاوکراوەکان نیشانی دەدەن کە لەماوەی سێ دەیە بەکردەوە دەرهاتنی خسووسی سازیدا، ناوەندە بان دەوڵەتییەکان و ژێرلقەکانی بەیتی ڕێبەری، شیرکەت و هۆڵدینگەکانی سەربە سپای پاسداران و باقیی ناوەندە ئەمنی و نیزامییەکان لە ڕێگەی خسووسی سازییەوە زۆرترین قازانجیان پێگەیشتووە. ئەمانە تایبەتمەندییەکانی نێئۆلیبرالیسم لە وڵاتانی دیکتاتۆرلێدراو و ناهێژمۆنیکن. بابەتی سەرەکی ئەوەیە کە پێکهاتەی دسەڵاتی سیاسی و مێکانیسمی ئابووریی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بەجۆرێک بینا کراوە و دزی و گەندەڵی و ڕانت بەجۆرێک کەوتووەتە ناو تان و پۆی ئەم دەسەڵاتەوە کە سەرچاوە ئابوورییەکان بەرەو ناوەندەکانی دەسەڵات ڕێک دەخەن و هیدایەت دەکەن تا لە بەرامبەر ناڕەزایەتی و تووڕەیی جەماوەریدا، باشتر لە نیزامی کۆماری ئیسلامی پارێزگاری بکەن.

فاکتۆرێکی دیکە کە نیشانی دەدات سیاسەتی چڕکردنەوەی سەروەت و کەڵەکەکردنی سەرمایە لەناو ئاڵقەی دەسەڵاتدا گرتراوەتە بەر و دەوڵەتی ڕەئیسیش سیاسەتی دابەشکردنەوەی دووبارەی ئابووری بەرەو ئەم ئاراستەیە هیدایەت دەکات، تەرخانکردنی بوودجەی بەرین بە ناوەندەکانی دەسەڵاتە. بەپێی ئەم گەڵاڵەیە، بوودجەی شیرکەتەکان، بانکەکان و ناوەندە قازانجبەرەکانی دەوڵەت بۆ ساڵی داهاتوو بڕی ٢١١٢ هەزار و ٤٦٥ ملیارد تمەن لەبەرچاوگیراوە. کە لەچاو ئەمساڵ ٧٤.٣ (حەفتا و چوار و سێ دەهۆم)ی لەسەد زیاد کراوە. ئەوەش لە حاڵێک دایە کە بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵنێریی فارس، سەهمی ماڵیاتی ئەم ناوەندانە “یازدە هەزار و ١٧١ ملیارد تمەن پێشبینی کراوە کە نیسبەت بە داهاتیان سەهمی ٧ دەهومی لەسەدیان هەیە. تەنانەت ئەگەر ٥٠ لەسەدی سوودی تایبەت و سوودی سەهام بەم ڕەقەمە زیاد بکەین دیسان سەهمی ماڵیاتی ئەم سێ ڕەدیفە لەچاو داهاتەکانیان دەبێتە ٢ و دوو دەهۆمی لەسەد.” ئاکامی ئەم سیاسەتانە ئەوەیە کە سەروەت و سامانی کۆمەڵگا و سەرچاوەی سەرەکیی دەسەڵات دەکەوێتە دەست ناوەندە دەوڵەتی و بان دەوڵەتییەکان و کەسانی خاوەن نفووزی ناو دەسەڵات و هەر هەمووشیان لە چوارچێوەی ئەم نیزامەدا، بەسەر سەری جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشدا دەسەڵاتی نگریسیان درێژە پێدەدەن.

هەروەها بەپێی تەبسەرەی ٢٠ی ئەم گەڵاڵەیە، دەوڵەت ئەم بڕیارانەی داوە کە بریتین لە: “بردنەسەرەوەی دوو ساڵەی لانیکەم و لانیزۆری تەمەنی خانەنشینی گشت دامەزراوانی ژن و پیاو بە هەر پێشینەیەکی خزمەتەوە لە سندووقی تەئمینی ئیجتماعی” و “لێکدانەوەی مووچەی خانەنشینکراوانی هەموو سندووقەکان لەوانە کیشوەری، لەشکری و سازمانی تەئمینی ئیجتماعی بەپێی مامناوەندی سێ ساڵی کۆتایی دوایین کاریان”. ئاشکرایە کە بوودجەی تایبەتی ناوەندە ئەمنی و کۆنەپەرستەکان بۆ داسەپاندنی سەرکوت و زەبر و زەنگ، لە گیرفانی کرێکاران، خانەنشینکراوان و جەماوەری ڕەنجدیتووەوە دابین دەکرێت و قەیران و ئیفلاسی بەرینی ئابووری بەسەر شانی لاوازی کرێکاران و توێژە دەستکورتەکانی کۆمەڵگادا دەسەپێنن. ئەگەر ئەم بابەتانە بخەینە پەنا بێکاریی ڕوو لە زیادبوون، تەورۆمی هەسارپچڕاو، داهاتی چەندین قات ژێر هێڵی هەژاری و زۆرێک لە نەهامەتییە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان، بۆشایی چینایەتی و پەرەپێدانی هەژاری بە ئاشکراترین شێوە خۆی نیشان دەدات. ئەمانە هەر هەموویان نیشانە بەرچاوەکانی بەکردەوە دەرهاتنی سیاسەتی نێئۆلیبرالین.

ئەگەر دەوڵەتی ڕەئیسی و گشت ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ مانەوەی دەسەڵاتەکەیان،  سیاسەتە نێئۆلیبرالییەکان درێژە پێدەدەن، لە بەرامبەردا، لەسەر دەریایەک لە تووڕەیی و نەفرەت حکوومەت دەکەن. لە ناڕەزایەتی بە پەلاماری هەوسارپچڕاوی سەرمایەداری و دەوڵەتە پشتیوانەکانیان، ساڵەهایە کرێکاران، بێبەشانی شاری، خوێندکاران و خەڵکی تووڕە دەستیان داوەتە خۆڕاگری و چالاکی. بەرچاوترین نموونەکەشی هەڵکردنی ئاڵای هەڵوەشاندنەوەی خسووسی سازییە لە لایەن کرێکارانی شیرکەتی نەیشەکەری حەوت تەپەوە. کرێکاران بە ناڕەزایەتی و مانگرتنی بەردەوام و شکۆداری خۆیان سەرەنجام پاشەکشەیان بە دەوڵەت و هاودەستانی ئیختلاسگەریان کرد و بە هەڵوەشاندنەوەی خسووسی سازیی ئەم شیرکەتە، سەرکەوتنێکی پڕ لە شانازییان بۆ خۆیان بەدەست هێنا. ئاخێزی سەرتاسەریی بێبەشانی مانگی بەفرانباری ٩٦ و خەزەڵوەری٩٨ دژبە هەژاری و فەلاکەت و بێبەشی، بەرز کردنەوەی ئاڵای سووری خوێندکاران دژبە کاڵایی کردنی زانکۆ و سیستەمی پەروەردە، مانگرتنی کرێکارانی پەیمانیی سەنعەتی پێترۆشیمی، مانگرتن و ناڕەزایەتیی جێگای شانازیی موعەلیمان و خانەنشینکراوان و سەدان نموونەی تر، هەر هەموویان بەستێن و ڕێگای خۆڕاگری و خەبات دژبە سەرمایەداریی ئێران و گشت نیزامی کۆماری ئیسلامی نیشان دەدەن. ئەوەیکە ڕێگای ڕزگاریی ستەملێکراوان بەرەو دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی ئازاد و سۆسیالیستی خۆش دەکات، درێژەی ئەم خەباتە، پەیوەندیی ئەم بزووتنەوانە لە ئاستی سەرتاسەری و هەوڵ بۆ پێکهێنانی یەکگرتوویی و هاوپشتی لە نێوان هێزە پێشڕەو و سۆسیالیستەکان دایە.