فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

گەڵاڵەی “حیجاب و عیفات”، هێرشێکی شکستخواردوو
دوشەممە ۰۸-۰۳-۱۴۰۲   |  29-05-2023
گەڵاڵەی "حیجاب و عیفات"، هێرشێکی شکستخواردوو

ڕۆژی سی و یەکی مانگی گوڵان دەوڵەتی ئیبراهیم ڕەئیسی دەقی کامڵی گەڵاڵەی حیجاب و عیفافی بۆ مەجلیس نارد و ڕۆژی چوارشەممە ٣ی مانگی جۆزەردان بڵاوکرایەوە. ئەم گەڵاڵەیە وڵامی ڕژیمە بە ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینا بە دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی”. ئاخێزێک کە یەکێک لە شکۆدارترین خەباتی شۆڕشگێڕانەی جەماوەری خەڵکە بە پێشەنگایەتیی ژنانی قارەمان کە یەکێک لە گرینگترین بنەما ئایدیۆلۆژییەکانی ڕژیمیان بردووەتە ژێر پرسیارەوە. لەم ماوەیەدا ڕژیمی جەنایەتکار لە شەقامەکان لاوانی دایە بەر گولـلە، چاوەکانی کوێر کرد، زیاتر لە بیست هەزار کەسی خستە زیندانەوە و شەپۆلی ئێعدامی خستە ڕێ. بە هەمان ئەندازە کە شکۆی ئەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانەیە هاوپشتیی بیروڕای گشتیی جیهانی لێکەوتووەتەوە، جەنایاتی ڕژیمیش بەرەوڕووی شەپۆلێک لە بێزاری و ئێعتڕازی جیهانی بووەتەوە. سەرەڕای هەموو ئەم سەرکوتگەرییانە ئاخێزی شۆڕشگێڕانە هەروا فەزای کۆمەڵگای داگرتووە و خۆی بۆ نەبەردەکانی داهاتوو ئامادە دەکات. سەرانی ڕژیم کە لایان وابوو ئەم ئاخێزەیان سەرکوت و خامۆش کردووە ئەمجارەیان لەگەڵ مانگرتنی بەرینی کرێکاران، مامۆستایان و خانەنشینان بەرەوڕوو بوونەوە. کاتێک ڕژیم دڕندانە سێ کەس لە بەشداربووانی ئاخێزی سەرانسەریی لە ئیسفەهان ئێعدام کرد، ژنان و پیاوانی ئازادە دەستبەجێ لە ئیسفەهان و ژمارەیەک لە شارەکانی تر بە دروشمی مەرگ بۆ دیکتاتۆر دەستیان کرد بە ئیعتڕاز. لە حاڵێکدا کە ڕژیم بۆ داسەپاندنی حیجابی ئیسلامی ڕەوەی ئەوباشانی خۆی لە گیانی ژنان و کچانی بوێر بەردا و مەدرەسەکانی کچانی دایە بەر هێرشی کیمیایی، ژنان شەقام و مەیدانی شارەکانیان کردە گۆڕەپانی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ سەرکوتگەران. ڕژیم داماوانە لە فرۆشگاکان لات و چەقۆکێشەکانی خۆی بۆ ڕێگری لە چوونەژوورەوەی ژنانی بێ حیجاب دانا. چەند ملیۆن کورتە پەیامی هە ڕەشەئامێزی بۆ ژنان نارد. فرۆشگا گەورە و چکۆلەکانی لە زۆرێک لە شارەکان بەتۆمەتی ڕەعایەت نەکردنی حیجاب پلۆمب کرد بەو خەیاڵەی کە کەسەبە و بەڕێوەبەری فرۆشگاکان دژبە ژنان هان بدات. سەرانی ڕژیم لایان وابوو کە دەتوانن لەڕێگەی ئاراستەی دواکەوتووانەی پیاوسالاری و باوکسالاری لە کۆمەڵگـە، پیاوان بەرەنگاری ژنان بکەنەوە. بەڵام کاتێک کە هەر ئەم دوکان و فرۆشگایانە دووبارە کرانەوە لەلایەن مشتەرییەکانەوە زیاتریان پێشێوازی لێکرا. کاتێک لە شاری مەشهەد ناوەندێکی کڕینی گەورە پلۆمب کرا، لەگەڵ مانگرتنی کەسانێک کە لەم ناوەندەدا کاریان دەکرد بەرەوڕوو بوونەوە. ئەم پلۆمب کردنانە شەپۆلی ناڕەزایەتی و مانگرتنی کەسەبەی لێکەوتەوە و دەرکەوت کە سیاسەتی تۆقاندن و ترس وەبەرنانی ڕژیم کاریگەری خۆی لەدەست داوە.

بەم حاڵەوە خامنەیی لابردنی حیجابی “حەرامی شەرعی و سیاسی” وەسف کرد. دەوڵەتی سەرۆک کۆماری قاتڵ بە گەڵاڵەی “حیجاب و عیفاف”ەوە هاتووەتە مەیدان و دەیهەوێ بنەمای یاسایی بە سەرکوتگەرییەکانی بدات. بەڵام ئەم گەڵاڵەیە بەر لەوەیکە ڕاگەیەندرێت شکستی خواردووە. ئەندامی کۆمیسیۆنی ئوموری ناوخۆی وڵات و شۆراکان دەڵێت: „بەم شێوەیەی کە لەگەڵ پاساژ و دوکانەکان هەڵسوکەوت دەکرێت، دەبێ هەموو شار دابخرێت”. دەبیری شۆرای باڵای ئینقلابی فەرهەنگیی ڕژیمیش دەڵێ: „بەپێی یاسای ئێستا ئەگەر کەسێک حیجابی لابردبێت تاوانبارە و پێویستە دەستگیر بکرێت و دادگای بۆ تەشکیل بدرێت و خانمەکە دەبێ پارێزەر بۆخۆی بگرێت و سەرەنجام بەپێی یاسا جەریمە بکرێت کە بەلەبەرچاوگرتنی ژمارەی تاوانباران ئەم کارە جێبەجێ نابێت”. هەروەها لە درێژەدا دەڵێت: „بە هۆکاری ژمارەی زۆری کەسانێک کە حیجابیان ڕەعایەت نەکردووە، دەستگیری و موحاکمەکردنیان مومکین نییە”. ئاشکراتر لەم وتەیەی دەبیری شۆرای باڵای ئینقلابی فەرهەنگیی ڕژیمی ئیسلامی، ناکرێ بە داماویی ڕژیم بەرانبەر بە ژنان ئیعتراف بکرێت.

بەپێی گەڵاڵەی “حیجاب و عیفاف”، کەسانێک کە حیجاب لادەبەن، “دوای تەزەکوری دووهەم ١٦٦ هەزار تمەن و دەفعەی دواتر ٣٣٣ هەزار تمەن جەریمە دەکرێن. دوو ملیۆن تمەن جەریمە بۆ دەرکەوتنی بەشێک لە جەستە و یان پۆشینی جلوبەرگی تەسک. جەریمەی هەشت ملیۆن تمەن بەسەر ئەو کەسانەدا دەسەپێنرێت کە جەستەیان لەبەردەم خەڵک یان لە فەزای مەجازیدا دەردەخەن. ئەم کەسانە ئەگەر لەماوەی یەک مانگدا جەریمەکە نەدەن، دوو بەرابەر دەکرێتەوە و لە هەژماری بانکییان کەم دەبێتەوە. سنوف و شوێنە گشتییەکان لە دەفعەی دووهەمدا تا یەک حەفتە و لە دەفعەی سێهەمدا تا سێ حەفتە دادەخرێن و تا یەک ساڵ لە هەموو ئیمتیازات و تەخفیف و موعافیەت لەوانە موعافیەتی ماڵیاتی بێبەری دەکرێن. کەسانی مەشهور و بەناوبانگ بێجگەلە جەریمە بە بێبەریبوون لە چالاکیی پیشەیی و چالاکی لە فەزای مەجازی بۆ ماوەی سێ مانگ تا یەک ساڵ مەحکووم دەکرێن. لە ئەگەری دووبارە کردنەوەدا بە سزای دەرەجە شەش مەحکووم دەکرێن. کەسانێک کە لە فەزای مەجازیدا دژبە حیجاب تەبلیغ دەکەن، لە دەفعەی ئەوەڵدا بێجگەلە سڕینەوەی پەیجەکەیان یان ناوەندە هەواڵنێرییەکەیان هۆشداریان پێ دەدرێت، لە دەفعەی دووهەمدا بێجگەلە بێبەریکردن لە هەرجۆرە چالاکییەک لە فەزای مەجازی بۆ ماوەی سێ هەتا شەش مانگ بەرابەری زۆرترین جەزای نەغدی دەرەجە پێنج جەریمە دەکرێن”.

سەرانی ڕژیم دەتوانن بە جلی یاسا سەرکوتگەری و هێرش بەرانبەر بە ژنان داپۆشن. بەڵام ژنان و پیاوانی ئازادیخوازی ئێران لە یاساکانی کۆماری ئیسلامی تێپەڕیون. واقعیەت ئەوەیە کە کۆمەڵگا لە جەرەیانی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی هەشت مانگی ڕابردوودا هەموو سوننەت و یاسای نووسراو و نەنووسراوی حکوومەتی ئیسلامیی سەرمایەدارانی خستووەتە ژێر پێ و چەندین هەنگاو بەرەوپێش چووە. ژنان، پێشەنگانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە، چیتر بەم هەڕەشانە و بەم لایەحانە پاشەکشەیان پێناکرێت. ژنان و پیاوانی ئازادیخوازی ئێران لە جەرەیانی ئەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەیەدا بە دەنگی ڕەسا ڕایانگەیاند کە ڕژیمی هەڵاواردنی ڕەگەزی دەڕووخێنن و لەسەر وێرانەکانی کۆمەڵگایەک دادەمەزرێنن کە تێیدا ئازادیی هەر تاکێک پێوەری ئازادیی کۆمەڵگا بێت.

وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

https://alternative-shorai.tv

https://cpiran.org

https://komala.co