فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

گەڵاڵەی دژی حەقیقەت و مەنتقی شەڕی دایمی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ خەڵک
دوشەممە ۱۳-۰۵-۱۴۰۴   |  04-08-2025

تەنیا دوو ڕۆژ دوای پەسند کردنی بەپەلەی گەڵاڵەی “بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ هەواڵی ناڕاست لە فەزای مەجازیدا”، هەیئەتی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی، لەژێر فشاری تووڕەیی بیروڕای گشتیدا، وەریگرتەوە. بە وتەی وتەبێژی دەوڵەت “ئەم پاشەکشەیە بە تەئکیدی سەرۆک کۆمار و لە ڕاستای پاراستنی یەکڕیزیی میللیدا ئەنجامدراوە”. بەڵام حەقیقەت بانتر لە وشەی دیپلۆماتیک و لە یارییە سیاسییەکانە. ئەوەی دەیبینین، واتە هەم پەسندکردن و هەم وەرگرتنەوەی ئەم گەڵاڵەیە، بەشێک لە ستراتێژی مانەوەی حکوومەتێکە کە بەردەوام دژبە خەڵک لە شەڕدایە.

ئەم گەڵاڵەیە، بەو ناوە چەواشەکارانەیەوە، بە شوێن هەمان ئامانجەوە بوو کە لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا لە ڕێگەی پیلان و یاسا و ڕێوشوێنە ئەمنییەکانی ترەوە پەیڕەو کراوە. سەرکوتکردنی ئازادی ڕادەربڕین و کۆنتڕۆڵکردنی هەواڵ و لەناوبردنی فیزیکی یان مەجازیی دەنگی ناڕازی، هەمیشە بەشێک بووە لە ستراتیژی مانەوەی کۆماری ئیسلامی. ئامانجی ئەم پڕۆژەیە نەک ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی هەواڵی ناڕاست، بەڵکوو بێدەنگکردنی حەقیقەت و بێدەنگکردنی هەر ڕەوایەتێکی بەدیل بوو. ئەم یاسایە کە چالاکان و ڕۆژنامەوانان و بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و تەنانەت هاوڵاتیانی ئاسایی دەکردە ئامانج، بەشێک لە ماشێنی جەنگی ڕژێمی ئیسلامی لە دژی کۆمەڵگا و جەماوەری ناڕازییە.

لە لۆژیکی چینی دەسەڵاتداردا، هەر وتارێکی ڕەخنەگرانە یان گێڕانەوەیەکی جیاواز، وەک هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی دادەنرێت. گەڵاڵەگەلێکی لەم شێوەیە، هەروەک ئێعدام، دەستبەسەرکردنی بەکۆمەڵ، خاڵی پشکنینی سەر شەقامەکان و کۆنتڕۆڵکردنی فەزای مەجازی، بۆ سەپاندنی کەشوهەوای شەڕی دایمییە.

وەرگرتنەوەی ئەم گەڵاڵەیە نیشانەی ترسی ڕژیم و حەرەکەتێکی تاکتیکی بۆ ڕێگری کردن لە تەقینەوەی تووڕەیی و ناڕەزایەتیی جەماوەری بوو. دەسەڵات لە هەڵسەنگاندنەکانی خۆیدا بەوە گەیشتووە کە هاوکات لەگەڵ پەرەپێدانی سەرکوت، بەم مانۆڕە سیاسی و فریوکارانەیە بیروڕای گشتی بەلاڕێدا بەرێت و لە لێکهەڵوەشانی پێکهاتە سەرکوتگەرەکەی ڕێگری بکات. دروست هەر بەم هۆکارە، وەرگرتنەوەی ئەم گەڵاڵەیە نەک بەمانای ڕاگرتنی سەرکوت، بەڵکوو نیشانەی هەوڵ بۆ مودیرییەتی باشتریەتی.

ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە بارودۆخێکدا ئەم پاشەکشەیەی ئەنجام دا کە تەنیا چەند حەفتە لە کۆتایی شەڕی دوازدە ڕۆژە تێپەڕیوە. ئەو شەڕەی مەشرووعییەت و ئیعتباری ڕژیمی زیاتر لە ڕابردوو بردە ژێر پرسیارەوە و قەیرانە ناوخۆییەکانی توندتر کردووەتەوە. ئاکامی ئابووری، کۆمەڵایەتی و دەروونیی ئەم شەڕە و ترس لە تەقینەوە کۆمەڵایەتییەکان، دەسەڵاتی بەرەو جۆرێک لە پاشەکشەی تاکتیکی بردووە. بەشێک لە دەسەڵات دەزانێ کە درێژەی سیاسەتی مشتی ئاسنین دەتوانێ ئەو یەکڕیزییە لاوازەی بە سەختی ڕایانگرتووە، لەناو بەرێت.

کۆماری ئیسلامی لە یەکێک لە هەستیارترین قۆناغەکانی تەمەنیدایە. لەلایەکەوە قەیرانە ناوخۆییەکان توندتر بوونەوە و ڕەهەندەکانی هەژاری و نەهامەتی ئابووری و قووڵبوونەوەی بۆشایی نێوان هەژاری و سەروەت و ڕەهەندەکانی هەڵاواردن و نادادپەروەری توڕەیی و ناڕەزایی خەڵکیان گەیاندۆتە لێواری تەقینەوە. لە لایەکی دیکەوە هەڕەشە و گوشارە کۆنترۆڵکراوەکانی زلهێزە ئیمپریالیستەکان بۆ ڕامکردنی نیزامی ئیسلامی لەگەڵ نەزمی ناوچەیی خوازراویان، سەرانی ڕژیمی خستۆتە دۆخێکەوە کە دەبێ هاوسەنگی لە نێوان چڕکردنەوەی سەرکوت لە ناوخۆ و دانوستان و سازشکردن لەگەڵ زلهێزە دەرەکییەکان پێک بهێنن.

لە وەها هەلومەرجێکدا ئەرکی تێکۆشەران و ڕێبەرانی چەپ و ڕادیکاڵ و سۆسیالیستی بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە، پەرەپێدانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییەکانی ناو کۆمەڵگایە. تەنیا بە گەشە و پەرەپێدانی ناڕەزایەتی و مانگرتنی کرێکاری، خەباتی ژنان، خوێندکاران، دادخوازان و بە پەرەپێدانی بزووتنەوەی خەبات لەدژی سزای ئێعدام و خەبات بۆ ئازادیی زیندانیانی سیاسییە کە دەتوانین بەستێنی پێگەیشتنی ئەم بزووتنەوانە لە بواری ڕێکخستن و شکڵدان بە ڕێبەریی سەرتاسەری دابین بکەین. بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییەکان لە ناوەوە و ئەو هێزە چەپە کۆمەڵایەتییەی کە هەمووان دان بە بوونی دادەنێن، لەم مەسیرەوەیە کە دەتوانێ هەم بەرەنگاری ماشێنی سەرکوتی ڕژیمی هاری کۆماری ئیسلامی بێتەوە و زەمینگیری بکات و هەم لە سێناریۆی ڕژیم چەینج و دەست بە دەست بوونی دەسەڵاتی سیاسی لە سەرەوەی ئیرادەی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و خەڵکی ئازادیخوازی ئێران بە دەخاڵەتی دەسەڵاتە ئیمپریالیستەکان ڕێگری بکەن.

وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

alternative-shorai.tv

cpiran.org

komala.co

t.me/peshrawcpiran

facebook.com/Peshrawcpiran

instagram.com/Peshrawcpirn

t.me/KomalaCpiranTv