ڕۆژی سێشەممە ٣٠ی مانگی خەزەڵوەر مەجلیسی کۆنەپەرستی ئیسلامی گەڵاڵەی دژەکرێکاریی “بردنەسەری تەمەنی خانەنشینی” پەسندکرد و بۆ شۆرای نیگەهبانی نارد تا لەوێش پەسند بکرێت. ”ئیسنا” هەواڵنێریی خوێندکاریی ڕژیم هەفتەی ڕابردوو لەسەر زاری “موحسین زەنگەنە” وتەبێژی کۆمیسیۆنی تەلفیقی لایەحەی مەجلیس، وردەکاریی ئەم گەڵاڵەیەی کە بە ڕەزایەتی دەوڵەتی ڕەئیسیی قاتڵ ئامادە کراوە، ئاشکرا کرد. بەپێی ئەم موسەوەبەیە سەقفی تەمەنی خانەنشینی بۆ پیاوان لە ٥٥ ساڵەوە بۆ ٦٢ ساڵ و بۆ ژنان لە ٥٠ ساڵەوە بۆ ٥٥ ساڵ زیاد دەکرێت. هەڵبەت بێجگەلە مەرجی تەمەن، مەرجی سەنەواتی کاریش بۆ پیاوان ٣٥ ساڵ و بۆ ژنان ٣٠ ساڵ دەبێت. بەو مانایەی کە پیاوان و ژنان تەنانەت ئەگەر بگەنە تەمەنی خانەنشینیش، ئەگەر پێشینەی کاریان بە تەرتیب لە ٣٥ و ٣٠ ساڵ کەمتر بێت، تەنها بە ئەندازەی ساڵەکانی کار یان ئەو ساڵانەی کە پووڵی بیمەیان داوە، حقووقەکەیان پێدەدرێ. مەعلووم نییە کەسی خانەنشینکراو دوای ئەم ماوەیە چۆن دەتوانێ خەرجی ژیانی خۆی و خانەوادەکەی دابین بکات. تاکتیکێکی فریوکارانەی دیکەی حکوومەتی ئیسلامی لەئاست خانەنشینان ئەوەیە کە بردنەسەری حقووق و مووچەی خانەنشینانیشی لە چەند ساڵی داهاتوودا بە پەسندکردنی گەڵاڵەی دیاریکردنی تەمەنی خانەنشینییەوە گرێ داوە. هەڵبەت بەڵێنی بردنەسەری حقووقی خانەنشینانیش بەلەبەرچاوگرتنی قەیرانی ئابووری و بێتوانیی ڕژیم زەمانەتێکی ئیجرایی نابێت.
هەر لەم پەیوەندەدا هەواڵنێریی “تەسنیم” ڕۆژی سێشەممە حەوتی مانگی سەرماوەز ڕایگەاند کە “سەولەت مۆرتەزەوی” وەزیری کاری ڕژیم وتوویەتی: ”بردنەسەری حقووقی خانەنشینکراوان بۆ دەوڵەت جێبەجێ نابێت. چونکە داخوازیی سندووقەکانی خانەنشینی ناتوانێ سەرچاوەی پێویست بۆ ئەم زیادکردنە دابین بکات و مەجلیس بەبێ ئەوەیکە سەرچاوەیەک بۆ دابینکردنی بوودجەی بردنەسەری حقووقی خانەنشینان ڕاگەیەنێ، بەڵێنی بردنەسەری حقووقی ئەوانی داوە”. بەڵام ئەم مۆرەیەی ڕژیم کە باس لە بەش نەکردنی سندووقەکانی خانەنشینی دەکات، وەڕووی خۆی ناهێنێ کە بە ئیعترافی وتەبێژی ئابووری دەوڵەتی ڕەئیسی، دەوڵەتەکانی هەتا ئێستا بڕی ٤٤٨ هەزار ملیارد تمەنیان لە پارەی سندووقەکانی خانەنشینی هەڵگرتووە و بەهۆی ئیختلاس و دزیی بەرپرسانەوە بەفیڕۆچووە. لەڕاستیدا ئەوە دەوڵەتە کە بە نەدانەوەی قەرزەکانی، سندووقەکانی بەرەو نابوودی بردووە. هێرشی دەسەڵاتی ئیسلامی بۆسەر ژیان و گوزەرانی کرێکارانی خانەنشین لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بەردەوام بەرەوڕووی ناڕەزایەتیی سازماندراوی ڕێکخراوەکانی خانەنشینان بووەتەوە. تا جێگەیەک کە لە چەندین مانگ لەمەوبەرەوە خانەنشینان ناڕەزایەتییەکانی خۆیان بەشێوەی یەکشەممە و دووشەممە و سێشەممەکانی ناڕەزایەتی بەڕێوە دەبەن. پەسندکردنی ئەم گەڵاڵە نگریسەش هەتا ئێستا بەرەوڕووی وڵامی لێبڕاوانەی ڕێکخراوەکانی خانەنشینان و باقی کرێکاران و توێژە بێبەشکراو و تێکۆشەرەکانی کۆمەڵگا بووەتەوە.
بۆ نموونە کرێکاران و ئەندامانی سەندیکای شیرکەتی واحیدی ئۆتۆبووسڕانیی تاران ودوروبەر لە ڕاگەیاندنێکدا کە ٧ی سەرماوەز بڵاویان کردووەتەوە بە دروشمی “چارەی کرێکاران یەکگرتوویی و ڕێکخراوی سەربەخۆ لە دەوڵەت و خاوەنکارە”، لە ناڕەزایەتی بە بردنەسەری تەمەن و پێشینەی کاری خانەنشینان، ڕایگەیاند: ئەمە یەکێک لە بەرنامە یەکجار چەوسێنەرەکانی ڕژیمە و بەمانای کۆت و زنجیرکردنی کرێکاران بەشێوازی کۆیلەداریی مۆدێرنە. دەوڵەت بۆ قەرەبووکردنەوەی کەسری سەرچاوە داراییەکانی خۆی دەیهەوێ لە خودی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش لەڕێگەی دزی و ئیختلاسی بەرین لەم سندووقانە، بوودجەکەی دابین بکات.
گرووپی ئیتحادی خانەنشینانیش ٢ی مانگی سەرماوەز بە دەرکردنی ڕاگەیاندنێک لەژێرناوی “بۆچی ئێمە کرێکاران دەبێ تاوانی گەندەڵی و دزیی تاڵانکەران بدەین؟”، گەڵاڵەی بردنەسەری تەمەنی خانەنشینیی بە یاسای دیلیەتی وەسف کرد و ڕایگەیاند کە مەجلیس و دەوڵەتی سەرمایەداران بۆ چەوساندنەوە و بەهرەکەشیی زیاتر ئەمەیان پەسندکردووە. بردنەسەری تەمەنی خانەنشینی بە واتای چەوساندنەوەی زیاتری کرێکاران و هێنانەخواری حەقدەست تا ئاستی زیندوو مانەوەیە.
تەنانەت ئەنجومەنە سینفییەکانی کرێکارانی ساختمانی کە چوارچێوەی ئەرک و ئیختیاراتیان لەلایەن شۆرای باڵای کار و خانە کاریگەری ڕژیمەوە دیاری دەکرێت، دەنگی ناڕەزایەتییان بەرز بووەتەوە. ڕۆژی سێشەممە حەوتی مانگی سەرماوەز ١٢٢ ئەنجومی کرێکاران و وەستاکارانی ساختمانیی ئۆستانی کوردستان کە لەلایەن باقیی ئەنجومەنەکانەوە پشتیوانییان لێدەکرێ لەڕێگەی بەیاننامەیەکەوە دژایەتیی خۆیان لەگەڵ بردنەسەری تەمەنی خانەنشینی ڕاگەیاند. بەیاننامەی ئەم ١٢٢ ڕێکخراوە باسی ئەوەی کردووە کە نوێنەرانی مەجلیس لە جیاتی پێڕاگەیشتن بە کێشەی کرێکاران و خانەنشینان، کە هەموو ڕۆژێ بۆ گەیشتن بە مافە پێشێلکراوەکانیان لەسەر شەقامەکانن، تەمەنی خانەنشینییان بردووەتە سەرێ. ئەوان دەیانهەوێ نیشان بدەن کە گۆیا قەیرانی دارایی سندووقی خانەنشینی بەهۆی لەخوارێبوونی تەمەنی خانەنشینیە. ئەنجومەنەکانی کرێکارن و وەستاکارانی ساختمانی لەم بەیاننامەیەدا تەئکیدیان کردووە کە : بەهۆی تەوەرۆمی بەرین، هاتنەخواری بەردەوامی توانای کڕینی کرێکاران، ئاماری لەسەرێی بێکاری، حەقدەستی چەند بەرابەر ژێر هێڵی هەژاری، قەیرانی ئابووری، پەراوێزخستن و بایەخ نەدان بە ڕێکخراوە کرێکارییەکان، ژمارەیەکی یەکجار زۆر لە خەڵکی ئێران لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین.
هەر لە ڕۆژی سێشەممە حەوتی سەرماوەز، خانەنشینان لە زۆرێک لە شارەکانی لەوانە تاران، شیراز، سنە، کرماشان، هەمەدان، ئەراک و مەمەسەنی لە ناڕەزایەتی بە جێبەجێ نەکرانی خواستەکانیان بە دروشمەکانی وەک “دەوڵەتی وەرشکستە، دوژمنی بازنشستە”، “وڵاتی پڕ داهات، چیت بەسەر هات”، “موعەلیمی زیندانی دەبێ ئازاد بکرێت” کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد. ڕۆژی دووشەممە شەشی سەرماوەزیش خانەنشینانی موخابرات هاوکات لە زیاتر لە ٢٠ شاری گەورەی ئێران کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان ڕێکخست. ڕۆژی “یەکشەممەی ناڕەزایەتی” ڕێکەوتی پێنجی سەرماوەزیش خانەنشینانی تەئمینی ئیجتماعی لە چەندین شار لە ناڕەزایەتی بە وەزعیەتی نالەباری مەعیشەتی و وەدینەهاتنی خواستەکانیان دەستیان دایە کۆبوونەوە و ڕێپێوان.
گەڵاڵەی بردنەسەری تەمەنی خانەنشینی کە بەرهەمی هاوبەشی پیلانی دەوڵەتی ڕەئیسیی قاتڵ و مەجلیسی شۆرای کۆنەپەرست بەدژی کرێکاران و خانەنشینانە، بەرنامە و تەعەڕوزێکێ بێشەرمانەی دیکەی دەسەڵاتی دەرماندەی ئیسلامییە بۆسەر مافی ژیانی خانەنشینان. تا بەڵکوو بتوانێ لەم ڕێگەوە بەشێک لە کەسریی بوودجەی دەوڵەت لە سفرەی بەتاڵی خانەنشینانەوە دابین بکات. بێگومان پەسندکردنی ئەم گەڵاڵەیە لە بارودۆخێکدا کە قەیرانی ئابووریی حکوومەتی ئیسلامی ڕۆژ بە ڕۆژ قووڵتر و بەرینتر دەبێتەوە، پەلەقاژەی بێهوودەی ڕژیمە بۆ دەربازبوون لە ئیفلاس و وەرشکستەیی ئابووری. بەڵام دەسەڵاتی ئیسلامی لە هەلومەرجێکدا دەستی داوەتە ئەم تەعەڕوزە کە لەگەڵ ڕەوتی ڕوو لە گەشەی بزووتنەوەی کرێکاران و خانەنشینان و توێژە بێبەشەکانی دیکەی کۆمەڵگا بەرەوڕوو بووەتەوە. ئەم بزووتنەوە ناڕەزایەتیی و داخوازییە، بەستێنێک بۆ گەشە و پێگەیشتنی ڕێکخراوی کرێکاران و زەحمەتکێشان و پێکهێنانی ڕەهبەرییە. لە درێژەی ئەم ڕەوتەدایە کە پێداویستییەکانی ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی ئامادە دەبێت.