فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

گەڵاڵەی “کاڵا بە قەرز”، سەلمێنەری ڕەهەندە سامناکەکانی هەژاریی گشتی
شەممە ۱۲-۰۲-۱۴۰۵   |  02-05-2026

لەگەڵ قوڵبوونەوەی قەیرانی پێکهاتەیی ئابووری، کۆماری ئیسلامی لەبری وەڵامدانەوە بە داخوازییەکانی چینی کرێکار، هەنگاوی فریوکارانەی وەک گەڵاڵەی “کاڵا بە قەرز بە زەمانی یارانەی نەغدی” خستووەتە بەرنامەی کاری خۆیەوە. وردەکارییەکانی ئەم گەڵاڵەیە ڕۆژی چوارشەممە، نۆی گوڵان، لەلایەن ڕێکخراوی پلان و بودجە و وەزارەتی کاری دەوڵەتی پزیشکیانەوە ڕاگەیەندرا. ئەم گەڵاڵەیە کە نیشاندەری قوڵبوونەوەی قەیرانی ئابووری و مایەپووچبوونی حکومەتی ئیسلامییە، لە ڕاستیدا پڕۆژەیەکە بۆ ئاساییکردنەوە و سەپاندنی هەژاری و برسیەتی بەسەر کرێکاران و توێژە چەوساوەکانی دیکەی کۆمەڵگەدا، نەک هەنگاوێک بۆ کەمکردنەوەی. گەڵاڵەی “کاڵا بە قەرز بە زەمانی یارانەی نەغدی”، وەڵامی دەوڵەتی پزیشکیانە بە داڕمانی بێ‌وێنەی بەهای تمەن بەرامبەر بە دراوە بیانییەکان و دابەزینی توندی توانای کڕینی کرێکاران و زەحمەتکێشان.

بەپێی ئەم گەڵاڵەیە، ئەو کرێکار و جەماوەرە بەشمەینەتەی ئێران کە یارانەی نەغدی وەردەگرن، دەتوانن ئەو یارانە کەم و بێ‌بەهایە وەک پێشەکی بدەن؛ واتە بە گرەنتیی یارانەی دوو مانگ، بەشێکی زۆر کەم لە خۆراکە سەرەکییەکانیان بە قەرز بکڕن. بێگومان بڕی یارانەی نەغدیی دەوڵەت بۆ بنەماڵە کەم‌داهاتەکان، تەنیا یەک ملیۆن تمەنە لە مانگێکدا (کە دەکاتە نزیکەی ٥ دۆلار و نیو) کە بڕیارە کۆماری ئیسلامی بیدات. جێی ئاماژەیە کە دەوڵەت لە بەفرانباری ساڵی ڕابردوودا بڕیاریدا دراوی پاڵپشتیکراو (ارز ترجیحی) واتە “دۆلاری ٢٨٥٠٠ تمەنی” هەڵبوەشێنێتەوە و لەبری ئەوە یارانەیەکی نەغدیی یەک ملیۆن تمەنی بداتە بنەماڵەکان. بەپێی ئەم بڕیارەی حکومەتی ئیسلامی، ئەو کۆمپانیایانەی کە تۆڕی فرۆشتنی ڕاستەوخۆ و ئۆنڵاینیان هەیە، دەتوانن لە خولی دوو مانگەدا، بە بڕی دوو ملیۆن تمەن متمانەی کڕینی قەرزەکیی کاڵا سەرەکییەکان بدەنە ئەو خێزانانەی کە یارانە وەردەگرن.

لەم گەڵاڵەیەدا، بۆ دڵنیابوون لە گەڕاندنەوەی ئەم قەرزە، هاتووە کە “لە ئەگەری نەتوانینی خێزانەکان بۆ دانەوەی قەرزەکانیان، ڕێکخراوی هەدەفمەندکردنی یارانەکان بۆی هەیە بڕی قەرزەکە لە یارانەی نەغدیی مانگەکانی دواتر کەم بکاتەوە و بیخاتە سەر هەژماری کۆمپانیاکە”. گەڵاڵەی “کاڵا بە قەرز بە زەمانی یارانەی نەغدی”، لە واقیعدا پیلانێکی ئەمنیی حکومەتی ئیسلامیش هەژمار دەکرێت؛ چونکە مەرجی جێبەجێکردنی ئەوەیە کە ڕێکخراوی هەدەفمەندکردنی یارانەکان ئەرکدار کراوە تەواوی زانیارییە کەسی و خێزانییەکانی کەسی وەرگری یارانەکە بخاتە بەردەست کۆمپانیا تایبەتە قەرزدەرەکان.

ئەم گەڵاڵەیە تەنیا چینی کرێکار و توێژە چەوساوەکان ناگرێتەوە، بەڵکو توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگەش دەگرێتەوە. بەپێی دانپێدانانی جێگری وەزارەتی کاری ڕژێم، ٨٦ ملیۆن و ٩٠٠ هەزار کەس لە خەڵکی ئێران مافی وەرگرتنی “کالابەرگ” (کۆپۆنی کاڵا)یان هەیە، کە ٩٨ لەسەدیان متمانەی یارانەکەی خۆیان بەکارهێناوە. ئەمەش بە واتای بوونی هەژارییەکی گشتگیرە لە کۆمەڵگەدا، کە جگە لە مشتێک سەرمایەدار و دەست‌وپێوەندەکانی حکومەتی ئیسلامی، تەواوی خەڵکی دیکە ناچارن ئەم یارانە بێ‌بەهایە وەربگرن و لە بەرامبەریشدا مەرجە ئەمنییەکانی ڕژێم قبوڵ بکەن و زانیارییە تایبەت و خێزانییەکانیان بخەنە بەردەست حکومەت و کۆمپانیا تایبەتەکان کە هیچ بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقی و مرۆییان بەرامبەریان نییە.

ڕەهەندە سامناکەکانی هەژاریی گشتی تەنانەت لە ڕاپۆرتی بانکی ناوەندیی کۆماری ئیسلامیشەوە هەستی پێ دەکرێت، کە تیایدا هەڵاوسانی گشتیی ساڵانەی لە سەرووی ٥٠ لەسەد و هەڵاوسانی خاڵیی کاڵاکانی لە سەرووی ٩٥ لەسەد ڕاگەیاندووە. لە ماوەی ئەو دوو مانگەی کە بەسەر شەڕی کۆنەپەرستانەی نێوان دەوڵەتانی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا تێپەڕ دەبێت، نرخی کاڵا سەرەکییە پێویستەکانی خەڵک زیاتر لە ٤٠ لەسەد بەرزبووەتەوە. ئەمەش لە لای خۆیەوە توانای کڕینی بنەماڵە کرێکارییەکان و توێژە زەحمەتکێشەکانی دیکەی زیاتر دابەزاندووە و هەژاریی گشتیی لە کۆمەڵگەدا گەیاندووەتە قۆناغێکی باڵاتر.

لە لایەکی دیکەوە، هەلومەرجی شەڕیش، ڕەهەندەکانی دەرکردن لە کار و بێکارسازی فراوانتر کردووە. بەپێی ڕاپۆرتی دامەزراوە حکومییەکان کە بە شێوەیەکی ئاسایی ئامارگەلێکی زۆر کەمتر لە قەبارەی ڕاستەقینەی هەژاری و بێکاری دەخەنە ڕوو، ئەم دۆخە بووەتە هۆی ئەوەی کە تەنیا لە تاران زیاتر لە ٤ ملیۆن کەس بێکار ببن، کە بەشێکی زۆریان بەهۆی بڕینی ئینتەرنێت لەلایەن حکومەتەوە کارەکانیان لەدەست داوە. بۆردومانی ناوەندە پیشەسازییەکان کە بووەتە هۆی وێرانبوون و پەککەوتنی تەواوەتی یان بەشێکیان، دەرکردن و بێکاربوونی زیاتری کرێکارانی لێ کەوتووەتەوە. بەپێی ڕاپۆرتی هەڵسوڕاوانی کرێکاری، ئەم بۆردومانانە تەنیا لە پیشەسازییەکانی پترۆکیمیایی لە ماهشەهر و عەسەلویە بوونەتە هۆی بێکاربوونی زیاتر لە ٣٠ هەزار کەس. هەلومەرجی شەڕ کاریگەریی خستووەتە سەر زیاتر لە ٨٠ لەسەدی کرێکارانی کەرتی بیناسازیش و بێکاری کردوون.

لە ماوەی دەیەکانی ڕابردوودا دەوڵەتەکانی کۆماری ئیسلامی یەک لەدوای یەک، بۆ دابینکردنی بەشێک لە کورتهێنانی بودجەی خۆیان، بڕە پارەیەکی زۆریان لە سندوقەکانی دابینی کۆمەڵایەتی تاڵان کردووە و ئەم سندوقانە ئێستا ناتوانن وەڵامدەرەوەی دابینکردنی بیمەی بێکاری بۆ کرێکاران و مووچەخۆران بن و دەوڵەتیش لە بەرامبەریاندا بێباکانە شانی لێ دادەتەکێنێت. تەنیا هەنگاوی دەوڵەتی پزیشکیان لەم پێوەندییەدا، فێڵێکی دیکەیە لەژێر ناوی “پشتیوانیی دەوڵەت لە کارەکان” بۆ ڕێگریکردن لە دەرکردن و کەمکردنەوەی هێزی کار. بە پەسەندکردنی ئەم گەڵاڵەیە، بڕیارە دەوڵەت قەرز بداتە کارگە و کارخانە بچووکەکان. بەپێی ئەم بڕیارە درۆینەیە، دەوڵەت لەبری هەر کرێکارێک، بڕی ٢٠ ملیۆن تمەن وەک قەرز دەداتە ئەم کارگانە. ئەم قەرزە بۆ ماوەی دوو مانگ و بە ڕێژەی سوودی ٩ لەسەدە، کە دەبێت لە ماوەی ٦ مانگدا بگەڕێندرێتەوە. ڕێگاچارەی دەوڵەت لەم بوارەدا خزمەتکردنە بە سەرمایەداران و هیچ پەیوەندییەکی بە پاراستنی هێزی کارەوە نییە.

بێگومان ڕێبەران و هەڵسوڕاوانی کرێکاری بەباشی لە فێڵە دژەکرێکارییەکانی دەوڵەتی ئیسلامیی سەرمایە و سەرمایەداران ئاگادارن و دەزانن کە هەر پڕۆژە و جووڵەیەک لەلایەن ئەوانەوە، لە خزمەت پاراستنی بەرژەوەندییەکانی سەرمایەدایە و هیچ گۆڕانکارییەک لە بارودۆخی دژواری ژیانیان دروست ناکات؛ دەزانن لە بەرامبەر شەپۆلی بێکارسازییەکان بە بیانووی شەڕ، لە دەوڵەتی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی هیچ شتێک چاوەڕێ ناکرێت. بۆیە زەروورە خودی کرێکاران بە پەرەپێدانی ناڕەزایەتی و مانگرتنەکان و سەرانسەری‌کردنیان و ڕێکخستنی ڕیزەکانی خۆیان لەم مەیدانەدا، پێداویستییەکانی ڕووخانی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی دابین بکەن و لەسەر وێرانەکانی ئەم ڕژێمە، دەسەڵاتی شۆرایی خۆیان دامەزرێنن.