یازدەیەمین ڕۆژی مانگرتن لەخواردنی ٩ بەندکراوی سیاسی لە زیندانی قزڵحیسار
پێنجشەممە ۱۶-۰۵-۱۴۰۴   |  07-08-2025

هاوکات لەگەڵ شەپۆلی نوێ توندووتیژی و سەرکوتی بەندکراوان لە زیندانەکانی ئێران، ٩ بەندکراوی سیاسی لە زیندانی قزڵحیسار، بۆ یازدەیەمین ڕۆژی بەردەوام، درێژەیان بە مانگرتن لە خواردنەکەیاندا.
ئەم بەندکراوانە کە لە ژووری تاکەکەسی واحیدی ٣ی ئەم زیندانە ڕاگیڕاون، لە ئێعتڕاز بە هێرشی مەئموورانی زیندان بۆ سەر بەندکراوان، ئێعدامی دوو بەندکراوی سیاسی، دوورخرانەوەی سەعید ماسووری و هەڵسووکەوتی نائینسانانەی بەرپرسانی زیندان لەگەڵ بەندکراوان، دەستیانداوەتە مانگرتن لەخواردن. ناوی ئەم ٩ بەندکراوە بریتییە لە: “لوقمان ئەمین پوور، سپێهر ئیمام جومعە، مەیسەم دێهبانزادە، حەمزە سەواری، مستەفا ڕەمەزانی، سەلاحەدین زیایی، ئارشام ڕەزایی، ئەحمەدڕەزا حائێری و ڕەزا سەلمان زادە”.