بۆ هەموو ژنان و پیاوانی خەباتکار کە لە سەرانسەری جیهان لەپێناو ڕزگاریی ژنان دەستیان داوەتە خەباتێکی بەردەوام، هەوڵی دەسەڵاتەکان بۆ بەدیل گرتنی جەستەی ژن، نیشانەی جۆرێک لە توندوتیژی لە ئاستی کۆمەڵگا یان بنەماڵەدا نییە، بەڵکوو چ لە وڵاتانی پێشکەوتوو و چ لە وڵاتانی وەک ئێران، پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ و بنەڕەتی و چارەنووسسازی لەگەڵ ئابووریی، سیاسی و پەیوەندی کاڵایی سەرمایەداری هەیە. بێگومان جیاوازیی سەرەکی ڕوانگەی کۆمۆنیستی لەگەڵ فێمێنیسمی لیبڕاڵ لە پێوەند لەگەڵ بابەتی ڕزگاریی ژن لێرەوە سەرچاوە دەگرێت. بەڵام بۆچی جەستەی ژن لە پێکهاتەی کاڵایی سەرماداریدا ئەوەندە چارەنووسسازە کە بە قەولی ڕۆزا لۆکزانبۆرگ پێوەری ڕزگاریی کۆمەڵگا، ڕزگاریی ژنە.
لە ڕاستیدا کەڵەکەکردنی سەورەت لە سیستەمی سەرمایەداریدا لە خاوەنداریەتیی سەرمایەدار بەسەر ئامرازی بەرهەمهێناندا سەرچاوەدەگرێت کە ئیمکانی بەهرەکێشیی هەرچی زیاتر لە هێزی کار دەخوڵقێنێت. ئەوەیکە لەم پێوەندەدا پێویتسە لەبەرچاوبگیرێت ئەوەیە کە ژنان هێزی کار بەدنیا دێنن و هەر ئەم خاڵە گرینگەشە ئەساسی موناسباتی زاڵ و پەیوەندی دەسەڵات بەگەشتی لەگەڵ ژن نیشان دەدات. کەوابوو دەکرێ ئەمە ڕوونبکرێتەوە کە بۆچی مەسەلەی حیجاب وەک هێمای کۆیلەتیی ژنان بۆ دەسەڵاتەکانی وەک کۆماری ئیسلامی کە ئاڵاهەڵگری ئیسلامی سیاسین، ئەوەندە گرینگە و بۆچی لە وڵاتانی وەک ئەمریکا ڕەوتە فاشیستە مەسیحییەکان بەشێوەی ڕێکخراو دژبە مەسەلەی ئازادیی لەباربردنی کۆرپەڵە هەوڵ دەدەن.
ئەگەرچی کۆماری ئیسلامی هیچ کات دەستی لە سەرکوتی ژنان هەڵنەگرتووە بەڵام هاتنە مەیدانی ژنان لە بزووتنەوەی جۆراوجۆرە کۆمەڵایەتییەکان چ لە ئاستی ڕێبەری و چ لە ئاستی مەحەلی و پیشەییدا، دەسەڵاتی سەمایەداریی بەجۆرێک ترساندووە کە بەردەوام گوشار بۆسەر ژنان پەرەپێدەدات. بەکردەوەدەرهێنانی یاسای ناسراو بە “پشتیوانی لە بنەماڵە و لاوبوونی جەمعییەت” کە لە مەجلیسدا پەسەندکراوە و شۆرای نیگەهبان تاقیکردنەوەی ٧ مانگەی ئەم گەڵاڵەیەی تەئید کردووە، لەناو چالاکانی بزووتنەوەی ژناندا کاردانەوەی بەرینی لێکەوتووەتەوە. ئەم گەڵاڵەیە کە بە پێی ئەسڵی ٨٥ لە کۆمیسیۆنی هاوبەش و بە بێ هەڵسەنگاندنی عەلەنی لە مەجلیسی ڕژیمدا پەسەندکرابوو، هێندێک ئیمتیازی ماڵی و پیشەیی بە کەسانی خاوەن منداڵ دەدات و لە پەنا ئەم هاندەرە ماڵیانەوە، ئیمکانی ڕێگری لە دووگیان بوون و لەباربردنی کۆرپەڵە سنووردار دەکات.
ئەم گەڵاڵەیە کە ئێستا بووەتە یاسا، پێدانی دەرمانی هۆرمۆنی بۆ ڕێگری لە دووگیانبوونی لە دەرمانخانەکان سنووردار کردووە و هەرجۆرە بڵاوکردنەوەی بەخۆڕایی و دانی ئامرازەکانی بەرگری لە دووگیانبوونی لە تۆڕەکانی تەندرووستیی وڵاتدا قەدەغە کردووە. هەروەها وەزارەتی تەندرووستی لە بەکاربردنی وشەکانی وەک دووگیانبوونی پڕمەترسی مەنع کراوە. ئەم یاسایە کە لە ماوەی یەک مانگ دا، پەسەندکراوە و چووەتە بواری جێبەجێ کردنەوە، لەئاستی میدیا نێونەتەوەییەکانیشدا ڕەنگدانەوەی بەرینی بووە. هەواڵنێریی ئاڵمانیی “دویچە وێلە” لە پێوەند لەگەڵ ئەم گەڵاڵەیەدا نووسیویەتی: “بە پێی ماددەی ٥٣، تاقیکردنەوە و پشکنینی نەخۆشییەکانی کۆرپەڵە کە هەتا ئێستا ئیلزامی بوو، تەنیا لەسەر داوای یەکێک لە سەرپەرستەکان و یان بە پێی هەڵسەنگاندنی پزیشکی پسپۆڕ ئەنجام دەدرێت. ماددەی ٥٦یش گشت ناوەندەکانی پزیشکیی قانوونیی لە ئۆستانەکان ئەرکدار کردووە کە داواکارییەکانی لەباربردنی کۆرپەڵە بەرنە لای کۆمیسیۆنی “لەباربردنی یاسایی”. پڕۆسەیەک کە بە وتەی شارەزایان یەکجار دژوار و درێژخایەن و پڕمەترسییە”.
جێگای سەرەنج ئەوەیە کە ماهییەتی تاوانبارانەی ئەم یاسایە ئەوەندە ئاشکرایە کە کاردانەوەی هێندێک لە بەرپرسانی ڕژیمیشی لێکەوتووەتەوە. مەسعوود مەردانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوخۆی بەرنگاربوونەوە لەگەڵ ئیدز و ستادی میللیی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ کۆرۆنا لە ئێران، ئەم یاسایەی “تەواوەن ناکارناسانە” وەسف کردووە. مەردانی هۆشداری داوە کە بەربەست نانەوە بۆ شێوازەکانی ڕێگری لە دووگیان بوون لە ئێران بەئامانجی چوونەسەرەوی جەمعییەت، دەتوانێ “دووگیان بوونی نەخوازراو و نەخۆشییەکانی نزیکایەتی بەرێتە سەرێ و یارمەتیدەری پەرەسەندنی “ئێچ ئای وی” لە وڵاتدا بێت. ناوبراو تەئکیدی کرد کە “تەنانەت سەرەڕای تەئیدی شۆرای نیگەهبانیش ئەم گەڵاڵەیە دەبێ وەربگیرێتەوە و لەسەری کار بکرێت.” بەڵام کۆماری ئیسلامی هەوڵ دەدات بە پەسەندکردنی وەها یاسایەکی دژەژن نەتەنیا لەپێناو ڕاگرتنی چالاکیی ژنان، کە زۆرێک لە ڕێبەرانیان بوونەتە هێمای هیوابەخشی خەبات و خۆڕاگری هەنگاو هەڵگرێت، بەڵکوو بەتەمایە بە بردنەسەرەوەی ڕێژەی جەمعییەتی ئێران بە خەیاڵی خۆی یارمەتیدەری زیادکردنی جەمعییەتی ئوممەتی ئیسلامیی، ئەویش لە جۆری شیعە بێت. خافڵ لەوەیکە خەڵکی ئێران، ژنان و لاوانی پڕگوڕوتین و شۆڕشگێڕ ساڵەهایە کە نەتەنیا هەڵوێستی خۆیان لەئاست یبری کۆنەپەرستانەی مەزهەبی ڕوونکردووەتەوە بەڵکوو بە درێژایی تەمەنی کۆماری ئیسلامی بەرەنگاری بوونەتەوە.
بەکردەوەدەرهێنانی ئەمجۆرە گەڵاڵانە نەتەنیا ناتوانێ ببێتە کۆسپێک لەسەر ڕێگای پێشڕەویی بزووتنەوەی ڕزگاریی ژن بەڵکوو بەپێچەوانەوە، چۆنیەتیی پەیوەندیی جەستەی ژن لەناو موناسباتی کاڵایی کە لەسەر بنەمای ئایدیۆلۆژیی شیعەیە، زیاتر لە ڕابردوو ئاشکرا دەبێت و هۆگرایەتیی کۆمەڵایەتیی زیاتر بە ستراتێژ و ڕێگاچارەی سۆسیالیستی لەپێوەند لەگەڵ ڕزگاریی ژن دەبەخشێت . بە سەرەنجدان بە پەیوەندی جەستەی ژن و سەرمایەدارییە کە ئەم بابەتە ڕوون دەبێتەوە کە چۆن موناسباتی کۆمەڵایەتیی و کلتووریی پیاومەزن ڕێگە بە پیاوێک دەدات سەری کچەکەی بە داس ببڕێت، چونکە لە نیزامی پیرۆزی بنەماڵەی ئیسلامیدا ئەوە باوکە کە خاوەنی بنەماڵەیە و هەربۆیە دەتوانێ ئەم جەنایەتە ئەنجام بدات و یان برایەک خوشکەکەی ئاگر تێبەردات، شوویەک ژنەکەی بێسەروشوێن بکات و یان لە نەبوونی باوکدا، باوەگەورە مافی لە دایکی منداڵەکە زیاتر بێت. بەڵام سەرەڕای هەمووی ئەوانە ژنان نیشانیان داوە کە نەتەنیا ئەم گەڵاڵانە و کردەوەی جەنایەتکارانەی کۆماری ئیسلامی چاوترسێنیان ناکات بەڵکوو ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ زیاتر بەرەو گۆڕەپانی خەبات هەنگاویان هەڵگرتووە و لە ڕێگای ڕزگاریی خۆیاندا گیانفیدایی دەکەن.