لە درێژەی دووشەممە ئیعتڕازییەکاندا ڕۆژی ٩ی مانگی گەلاوێژی ١٤٠٢ بۆ جارێکی تر خانەنشینانی موخابراتی ناوچەی فارس و چوار مەحاڵی بەختیاری، خانەنشینانی پارێزگای کرماشان، خانەنشینانی موخابراتی ناوچەی خووزستان و چەند پارێزگای دیکە لە ناڕەزایەتی بە وەدینەهاتنی خواستەکانیان ڕێپێوانیان ئەنجامدا و لە بەرامبەر بینای موخابرات لەم پارێزگایانە بۆ جارێکی دیکە دەستیان دایە کۆبوونەوە. داخوازیی خانەنشینان بردنەسەری حقوقی خانەنشینان بەپێی تەوەرۆمی بەرینی ئێستا، ئیجرای ئاییننامەی ٨٩، هێنانەخواری سەهمی بیمەی تەکمیلی لە ٥٠وە بۆ ٢٠ لەسەدی پێشوو، پێدانی ڕفاهیات و سەهمی خاروبار و چارەسەرکردنی کێشەکانی بیمەی دەرمانییە.
هەروەها ڕۆژی ٨ی مانگی گەلاوێژ لە درێژەی ناڕەزایەتیی سەرانسەریی یەکشەممەکان بۆ جارێکی تر خانەنشینانی تەئمینی ئیجتماعی لە چەندین شاری ئێران لەوانە لە شووش و حەوت تەپە، کەرخە، ئیسفەهان، ئەهواز، ڕەشت و کرماشان ڕێپێوان و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد. ڕۆژی ٣ی مانگی گەلاوێژ، بەڕەسمی سێشەممەکان، خانەنشینانی کشوەری و فەرهەنگی لە چەندین شاری ئێران لەوانە لە شارەکانی ئەردەبیل، سنە، کرماشان، یەزد، شیراز، قەزوین و کەرەج کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەرپاکرد و دژبە دەوڵەتی ڕەئیسی و مەجلیسی ئیسلامی دروشمیان وتەوە. خانەنشینان لەم کۆبوونەوانەدا چەندین دروشمی جۆراوجۆریان بەرز کردەوە کە بریتی بوون لە: “لەژێر باری ستەمدا بەسەر نابەین ژیان، گیان فیدا دەکەین لەڕێگای ئازاد ژیان”، “موخابرات حەیا کە، بە وەعدەکانت عەمەل کە”، “تا بە مافمان نەگەین، بۆ ساتێک پشوو نادەین”، “ئیعتڕاز، ئیتحاد، لەدژی هەژاری و گەندەڵی”، “هاوار لە زوڵم و بێداد”، “وڵاتیان تاڵان کرد، ئێمەیان بێچارە کرد”، “دەرمانی بەخۆڕایی مافی ڕەوای ئێمەیە”، “کوا کۆنتڕۆڵی تەوەرۆم؟ درۆ مەکەن بۆ خەڵک”، “دەوڵەتی وەرشکستە شمشیری لە ڕووەوە بەستووە”، “گرانی تەوەرۆم بەڵای گیانی خەڵک”، “مودەعیی عەداڵەت خەجاڵەت خەجاڵەت”، “تا بێدەنگ بین بێ مافین”، “هەم مەجلیس هەم دەوڵەت – درۆ دەکەن لەگەڵ میللەت”، “دەوڵەتی شەش کلاسە – لەم ڕۆژانەدا خڵاسە”، “موعەلیمی زیندانی دەبێ ئازاد بکرێ”.
لەو کاتەوە کە دەوڵەتەکانی ڕژیمی ئیسلامیی سەرمایەداران یەک لە دوای یەک بە نەدانی قەرزەکانیان بە سندووقەکانی تەئمینی ئیجتماعی، ئەم سندووقانەیان بەرەوڕووی قەیران کردەوە و قەیرانەکەشیان بەسەر ژیانی فەلاکەتباری ئابووری خانەنشیناندا شکاندەوە، زیاتر لە دە ساڵە کە ناڕەزایەتیی خانەنشینان بەردەوام درێژەی بووە. سەران و کارگێڕانی ڕژیم دروست لە بارودۆخێکدا کە هێڵی هەژاری گەیشتووەتە ٣٠ ملیۆن تمەن، لە جیات وڵامدانەوە بە داخوازییەکانی خانەنشینان و چارەسەرکردنی کێشەی مەعیشەتییان، بۆ کۆنتڕۆڵکردنی قەیرانی سندووقەکانی تەئمینی ئیجتماعی و خانەنشینی، بیر لە بردنەسەری تەمەنی خانەنشینی دەکەنەوە. خانەنشینان کە بەشێکی زۆر لە ژیانیان لە شوێنی کاردا تێپەڕیوە و گەلێک سەختی و دژوارییان تەحەمول کردووە و بە فرۆشی هێزی کاریان لانیکەمی پێداویستییەکانی ژیانیان دابین کردووە، ئێستا بەحەق چاوەڕوانی ئەوەن کە لەم قۆناغەی تەمەنیاندا ناچار نەبن دووبارە بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانیان کار بکەن و لە بەشە غەیرە ڕەسمیەکاندا ئەم قۆناغەی تەمەنیان تێپەڕێنن. بەڵام حکوومەتی ئیسلامی، ئەم دەسەڵاتە کەمینە و زەرووسفەتەی سەرمایەداران، هەروەک چۆن لەگەڵ لاویەتی و شادی و بەختەوەریی زۆربەی کۆمەڵگە دوژمنە لەگەڵ خانەنشینانیش ڕەفتارێکی دژەئینسانی و تێکەڵ بە سووکایەتیی گرتووەتە بەر. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی تەنها هەڵاواردنی ڕەگەزی، نەتەوەیی و ئایینی داناسەپێنێت، بەڵکوو بەپێی تەمەنیش هەڵاواردن دادەسەپێنێ و خانەنشینانی لە لانیکەمەکانی ژیان بێبەری کردووە.
ئەوەیکە خانەنشینکراوانی لە پانتایی سەرتاسەریدا بەرەو ناڕەزایەتی و مانگرتن بردووە و لەئاستێکی بەریندا هێناونێ سەر شەقامەکان ڕیشەی لە بۆشایی چینایەتی، هەژاری و فەلاکەت، نابەرابەری و دیکتاتۆریی لەئاستی ئێران دایە. هەر ئەم حەقیقەتە سادەیە زەروورەتی خەباتی یەکگرتووانەی خانەشینانی هێناوەتە بەرەوە. درێژەی سیاسەتی نێئۆلیبرالی لەلایەن حکوومەت و نیزامی سەرمایەداریی دەسەڵاتدار، پەلاماری ئاشکرا و بەرین بۆسەر هەستیی کۆمەڵایەتی و مەعیشەت و مەنزەلەتی ئینسانەکان، خانەشینانیشی هەروەک مامۆستایان و باقیی بەشەکانی تری چینی کرێکار بەرەو موقاومەت و ناڕەزایەتی بردووە. خانەنشینان لە بەرامبەر پەلاماری دەزگای گەندەڵی دەسەڵاتدار بۆسەر ژیان و بژێویان دەستیان لەسەر دەست دانەناوە و بە ناڕەزایەتیی سەرانسەری و سازماندراوی خۆیان بوونەتە گرووپێکی فشاری سیاسیی بەهێز بۆسەر ڕژیمی ئیسلامی.
بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی مونەزەم و سەرانسەری خانەنشینان نیشانەی ئەوەیە کە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی جەماوەری ڕاپەڕیوی ئێران ئەگەرچی لە ناڕەزایەتی هەموو ڕۆژێ و شەڕ و تێکهەڵچوونی سەرشەقامی دوو سێ مانگی ئەوەڵ فاسلەی گرتووە، بەڵام بەشێوەی جۆراوجۆرە هەروا درێژەی هەیە. ئەم ڕەوتە نیشانەی ئەوەیە کە تەهاجومی سەرانسەری بۆسەر ژنانی بێ حیجاب، هێرشی سازماندراو بۆسەر زانکۆکان، شەپۆلی ئێعدام و دەستگیرکردنی چالاکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان نەیتوانیوە خەڵک چاوترسێن بکات. درێژەی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی سەرانسەریی خانەنشینان کە بەتایبەت لەماوەی یەک دوو ساڵی ڕابردوودا بە دروشمی “تا بە مافمان نەگەین، بۆ ساتێک پشوو نادەین” شەقامەکانی گرتووەتەوە، لە بارودۆخی ئێستادا لە بواری سیاسییەوە یەکجار گرینگە. ناڕەزایەتی و خەباتی لێبڕاوانەی خانەنشینان پێویستە بە درێژەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی سەرانسەری هەڵسەنگێندرێ و لە خواستەکانی پشتیوانی بکرێ. پێویستە بە یەکشەممە، دووشەممە و سێشەممەکانی ناڕەزایەتی پەیوەست بین.
وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە