
هێشتا بیرەوەریی ئاخێزی بێبەشانی مانگی بەفرانباری ٩٦ و خەزەڵوەری ٩٨ لە زەینییەتی مێژوویی ئەم کۆمەڵگەیەدا زیندوویە. هێشتا خەڵک تازیەباری گیانبەختکردنی زیاتر لە هەزار و پێنجسەد کەس لە ئازیزیانیانن کە لەئاکامی هێرشی سەرکوتگەرانی خەزەڵوەری ٩٨دا گیانیان لەدەست دا. هێشتا زۆرێک لە بنەماڵەکان لە ماتەمینی قوربانییانی سد و حەفتا و شەش کەس لە ئازیزانیان دان کە لە جەرەیانی بەردانەوەی فڕۆکەی ئۆکراینی بە مووشەکی سپای پاسداران گیانیان بەخت کرد. هێشتا خەڵک داماوی، درۆودەلەسە و سیاسەتی کارەساتباری ڕێژیم لە جەرەیانی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنایان لەبیر نەچووەتەوە. هێشتا لەبیریان نەچووەتەوە کە لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا ناچاربوون لەنێوان مەرگ بەهۆی کۆرۆنا و مەرگ بەهۆی برسییەتییەوە یەکیان هەڵبژێرن. ئێستا لە باروودۆخێکدا کە ملیۆنان کەس لەم خەڵکە لە ژێر چنگی بێبەزەییانەی هەژاری و گرانیدا گرفتارن، دەوڵەتی ڕەئیسی بە بردنەسەرەوەی پێنج بەرابەری نرخی ئارد، هێرشێکی ڕێکخراوی نوێی بۆسەر ژیان و گوزەرانی ملیۆنان کەس لە خەڵک دەست پێ کردووە. لە درێژەی ئەم شەپۆلە لە گرانییەدا ئەمجارەیان چوونەسەرەوەی قیمەتی کاڵا سەرەکییەکانی خەڵک کەوتە دەستووری کاری دەوڵەتەوە. مریشک شەست هەزار تمەن، هێلکە هەر شانەیەکی سی دانەیی حەفتا و شەش هەزار تمەن، ڕۆنی مایەعی خۆراکی هەشتسەد گرەمی شەست هەزار تمەن، ڕۆنی جامدی پێنج کیلۆیی سێسەد و هەشتا هەزار تمەن، شیری هەشتسەد گرەمی پازدە هەزار تمەن، بەستەی چوارسەد گرەمیی پەنیر سی و هەشت هەزار تمەن و قیمەتی زۆرێک لە کاڵا سەرەکییەکانی دیکەش سەد لە سەد چوونەتە سەرێ. ئەم هێرشە وەحشیانەیە بۆسەر ژیان و گوزەرانی کرێکاران و بێبەشان نەیدەتوانی بێ وڵام بمێنێتەوە. لانیکەم لە سی و یەک شار و لە چەندین ئۆستانی ئێران هەژاران و برسییەکانی شار چەندین ڕۆژی بەردەوام دەستیان دایە ڕاپەڕین. هاوکاتبوونی ئەم ڕاپەڕینانە لەگەڵ ناڕەزایەتیی سەرانسەریی مامۆستایان لە بیست و دووی گوڵان و مانگرتنی کرێکارانی پەیمانیی نەوت و گاز و مانگرتنی شۆفیرەکانی شیرکەتی واحید، حکوومەتی ئیسلامیی سەرمایەدارانی خستە لەرزە. بۆ جارێکی دیکە ڕێژیم بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ڕاپەڕینی برسییەکان ڕووی کردە سەرکوت و داخوازیی نانی بە گولـلە و دەستبەسەرکردن و زیندان وڵام دایەوە. بەڵام جەماوەری ڕاپەڕیو بە درووشمەکانی وەک “ڕەئیسی حەیا کە، مەملەکەت ڕەها کە”، “مەرگ بۆ خامنەیی”، “مەرگ بۆ ڕەئیسی”، “مەرگ بۆ گرانی”، نەتەنیا دەستیان دایە موقاومەت لە بەرامبەر هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕێژیم، بەڵکوو لە هەر کوێ دەرفەتیان بۆ هەڵکەوت، هێمای ئایدیۆلۆژیک، سیاسی و نیزامیی ڕێژیمیان ئاگر تێبەردا. لە زۆرێک لە شارەکان هێزە سەرکوتگەرەکان بەشێوەی ڕاستەوخۆ بەرەو خەڵک تەقەیان کرد. هەزاران کەس هەتا ئێستا دەستبەسەر کراون. بەپێی ڕاپۆرتی “هرانا” لە سێ زیندانی ئۆستانی خووزستاندا لانیکەم چوار سەد و چل و نۆ کەس لە زینداندا بەسەر دەبەن. شەپۆلی دەستبەسەرکردنەکان تەنیا جەماوەری ڕاپەڕیوی سەر شەقامەکانی نەگرتەوە. ڕێژیم شەپۆلێکی بەرینی دەستبەسەرکردنی لە ڕۆژانی بەر لە ئەوەڵی مانگی مەی ڕۆژی ڕەزمی جیهانیی کرێکاران لەناو هەڵسووڕاوانی کرێکاری و مامۆستان دەست پێ کردبوو و بەردەوام ڕۆژانی دواتری پەرەی پێدا.
ئەوپەڕی تەوەحوشی ڕێژیم لە جەرەیانی دەستبەسەرکردنی مامۆستایاندا کاتێک ئاشکرا بوو کە خانمی سیسیل کۆهلەر مامۆستا و ئەندامی یەکیەتیی مامۆستایانی فەڕانسە و هاوسەری ژاک پاریس مامۆستای قۆناغی سەرەتایی کە گۆیا لەڕێگەی مامۆستایانەوە خەریکی “ئاژاوەگێڕی” بوو، لە تەراحییەکی مایە سووختەدا لەڕێگەی تەلەڤیزیۆنی ڕێژیمەوە بڵاوکرایەوە. گاڵتەی مێژووش ئەوەیە کە مامۆستایانی ئێران و بەتایبەت ئەو کەسانەی کە لە “تەراحیی سووختە”دا بە تەسویر کێشران کەسانێکن کە زیاتر لە بیست ساڵە بۆ داخوازیی ڕەوای مامۆستایان خەبات دەکەن و گۆیا لەناکاو بوونەتە ئامرازی دەستی کەسانێک کە تەنانەت لە وڵاتی خۆشیان بەرەنگاری سیاسەتەکانی دەوڵەتی فەڕانسە بوونەتەوە.
لەناو سەدان مامۆستای دەستبەسەرکراوی مانگی گوڵان، ئەسکەندەر لۆتفی، مەسعوود نیکخاه، شەعبان موحەممەدی، ڕەسووڵ بۆداقی، جەعفەر ئیبراهیمی، موحەممەد حەبیبی، ڕەزا ئەمانیفەر، مۆحسێن عۆمرانی، هادی سادق زادە، مۆژگان باقری، فەریبا نیزامزادە، موحەممەد عالیشوندی، ئەسغەر یەغمایی، ئەفشین ڕەزمجوو، غۆڵامڕەزا غۆڵامی کەندازی، حەمید عەباسی، عەبدوڵڕەزاق ئەمیری، محەممەد عەلی زەحمەتکێش، مۆحسێن بەهرامی، فەریبا مۆعینی، مێهدی کەلانتەری، حەمیدە زارع و ئەحمەد چەنگیزی هەروا دەستبەسەرن. هاوکات ڕێژیم کە نەیتوانیبوو بە دەستبەسەرکردنی ڕەزا شەهابی و هەڕەشەکردن و تەنانەت نیشاندانی هێزی نیزای لە پشت فەرمانی ئۆتۆبووسەکانی شیرکەتی واحید لە تاران بەر بە مانگرتنی شۆفیرانی واحید لە ڕۆژانی بیست و شەش و بیست و حەوتی گوڵان بگرێت، زیاتر لە بیست کەس لە شۆفیرانی شیرکەتی واحیدی دەستبەسەرکرد.
سەرەڕای هەموو سەرکوتگەرییەکانی سەر شەقام و دەستبەسەرکردنی بەرین، ناڕەزایەتییەکان نەتەنیا لە ناوخۆی وڵات درێژەیان هەیە بەڵکوو شەپۆلێکی بەرینی پشتیوانی جیهانی لەلایەن یەکیەتییە کرێکارییەکان لە دیفاع لە ڕاپەڕینی برسییەکان و داخوازیی ئازادیی دەستبەسەرکراوان وەڕێ کەوتووە. هەر دووی ئەم فاکتۆرانە لە ناوەوە و دەرەوەی سنوورە جوگرافیاییەکانی ئێران نیشانەی ئەوەیە کە بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی جەماوەری و ناڕەزایەتی و مانگرتنی کرێکاری هەنگاو بە هەنگاو خۆی بۆ نەبەردی نیهایی لەگەڵ ڕێژیمی سەرمایەداری – مەزهەبی ئامادە دەکات. سەرەڕای هەموو ئەمانە، لەئێستادا یەکجار گرینگە کە داخوازیی ئازادیی دەستبەسەرکراوان و زیندانیانی سیاسی ببێتە یەکێک لە درووشمە میحوەرییەکانی ڕاپەڕینی سەر شەقام و ناڕەزایەتی و مانگرتنی کرێکاری. پێویستە هەوڵ بدرێت ئاخێزی جەماوەری بکێشرێتە بەرامبەر گرتووخانە و زیندانەکان. نابێ ڕێگە بدرێت کە ڕێژیم لەڕێگەی بە بەندکێشانی ڕێبەران و چالاکانی بزووتنەوەی کرێکاری و ڕاپەڕینی بێبەشان و بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان بەر بە پێشڕەویی خەباتی جەماوەری وەگیانهاتوو بگرێت. بۆ ڕێکخستن و هاوئاهەنگ کردنی ناڕەزایەتییەکانمان پێویستە کۆمیتە و شۆراکانی گەڕەک پێک بێنین.