فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

یەکێتیی ئەوروپا داوای ئاگربەستی کاتی و دروستکردنی رێڕەوێکی مرۆیی لە غەززە دەکات   
هەینی ۰۵-۰۸-۱۴۰۲   |  27-10-2023

دوای دوو ڕۆژ کۆبوونەوەی وڵاتانی یەکێتیی ئۆرووپا سەبارەت بە شەڕی نێوان دەولەتی ئیسڕائیل و گرووپە چەکدارەکانی فەلەستین، ئەندامانی یەکێتییەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا، داوای درووستکردنی ڕێڕەوێکی ئارامیان کرد بۆ گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بۆ خەڵکی غەززە.
ماوەی دوو رۆژە ٢٧ وڵاتی ئەندام لە یەکێتیی ئۆرووپا، لەبارەی شەڕی ئیسڕائیل و حەماس، لە برۆکسێل لە کۆبوونەوەدا بوون بۆ ئەوەی هەڵوێستێکی هاوبەشیان هەبێت لەبارەی مامەڵەکردن لەگەڵ شەڕەکە. سەرجەم وڵاتانی ئەندام لە یەکێتییەکە وێڕای پاڵپشتیکردنی ئیسرائیل بۆ بەرگریکردن لەخۆی، داوای پاراستنی خەڵکی سڤیل و گەیاندنی هاوکارییان بۆ غەززە کرد. رۆژی هەینی ٥ی خەزەڵوەر، کۆبوونەوەکە بە راگەیێندراوێکی ١٩ خاڵی کۆتاییهات و تێیدا داوای دروستکردنی رێڕەوێکی ئارامیان بۆ گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکانیان بۆ کەرتی غەززە کرد. بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی یەکێتیی ئۆرووپا، داوای ئاگربەستی کاتی لە غەززە کراوە بۆ گەیاندنی کەلوپەل، خۆراک و پێداویستییە سەرەتاییەکان بە خەڵکەکەی. هاوکات، ئاماژە بە پێکهێنانی کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی بۆ ئاشتی کراوە کە “بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا بەڕێوەبچێت.” ئیسپانیا کە دژی بەردەوامی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانە لە غەززە، پێشنیازی پێکهێنانی ئەو کۆنفرانسەی کرد و پەسندکراوە. بەگوێرەی وڵاتانی یەکێتیی ئۆرووپا، بۆ پاراستنی خەڵکی سڤیل، هاوکاری و گەیاندنی خۆراک، ئاو، چاودێریی پزیشکی و پەناگە، دوای ئەوەی دڵنیابووینەوە لەوەی رێکخراوە تیرۆریستییەکان سوود لەو هاوکارییانە وەرناگرن، لە نزیکەوە لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە ناوچەکە هاوکاریمان دەبێت.” هاوکات لەو کۆنفرانسەدا بڕیاردرا دوو فڕۆکەی بارهەڵگری هاوکاری لە ئۆرووپاوە بگەیێندرێتە غەززە و گوتیشیان کە “نابێت هیچ لایەنێک رێگری لە گەیشتنی ئەو هاوکارییانە بە خەڵکی غەززە بکات.”