فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

یەکێتیی ماموستایانی کوردستان: مەترسی لە سەر پرۆسەی خوێندن نییە
یەکشەممە ۲۱-۰۸-۱۴۰۲   |  12-11-2023

ماوەی زیاتر لە دوو مانگە بەهۆی بەردەوامی دواكەوتنی حەقدەست و شایستەداراییەكانی ھەرێمی كوردستان لەلایەن حكومەتی عێراقەوە، فەرمانبەران تەواوی حەقدەستەكانیان وەرنەگرتووە و مامۆستایانیش لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە بایكۆتی خوێندنیان كردووە.
ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی خەزەڵوەر، ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا، لە وەڵامی پرسیاری “راستە ئەگەر بایکۆتی مامۆستایان تا سەری ساڵ بەردەوام بێت، یونسێف خوێندنی ئەمساڵ لە هەرێمی کوردستان هەژمار ناکات؟” رایگەیاند، “پڕۆسەی خوێندن لە هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا هیچ مەترسییەکی لەسەر نییە. یونسێف تەنها راسپاردەی هەیە و بڕیارنادات لە پەکخستنی خوێندن نە لە هەرێمی کوردستان و نە لە هیچ شوێنێکی دیکە”. سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایان دووپاتیشی کردەوە، “ئەگەر بایکۆتی خوێندن لە چەند شوێنێک بەردەوام بوو، بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردە لەو شوێنە کۆتایی بە پڕۆسەی خوێندن دەهێنێت، نەک لایەنێک لە دەرەوە بێت و کۆتایی بە خوێندن بێنێت”. گەرمیانی ئاماژەی بەوەش کرد، “لە سنووری سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و راپەرین کە پڕۆسەی خوێندن لە ناوەندەکان وەستاوە و تەنها قوتابیانی پۆلی ١٢ دەوام دەکەن، مەترسیی قورسایی دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی خوێندن هەیە. هەر کاتێک لەو سنوورە پڕۆسەی خوێندن دەستیپێکرد؛ خوێندن ئاسایی دەبێتەوە و مامۆستایان توانایان هەیە قەرەبووی خوێندنەکە بکەنەوە، بەڵام چەند دوابکەوێت دەستپێکردنەوەکە قورستر دەبێت”.