بریندار بوونی ١٢ کۆلبەر لە سنوورەکانی بانە و سەقز
سێشەممە ۲۵-۰۵-۱۴۰۱   |  16-08-2022
شەوی دووشەممە ٢٤ی گەلاوێژ لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی لە سنووری هەنگەژاڵی بانە، لانی کەم ١٢ کۆڵبەری خەڵکی بانە و سەقز بریندار بوون.
بە پێی ڕاپۆرتەکان، ٧ کۆڵبەری خەڵکی بانە و ٥ کۆڵبەری خەڵکی سەقز لە ئەنجامی دەستڕێژی هێزەکانی ڕژیم بریندار بوون کە هەتا ئێستا ناوی یەک کەس بە ناوی سامان محەممەدزادە تەمەن ٢٩ ساڵی خەڵکی بانە زانراوە.سەرچاوەیەکی ئاگادار لەمبارەوە ڕاگەیاند، هێزە چەکدارەکانی رژیم لە مەودای ٦ مەتری و بە چەکی ساچمەیی تەقەیان لە کۆڵبەران کردووە و تەنیا ٤ کۆڵبەر گوازراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە و ئەوانی دیکە لە ترسی دەستبەسەرکران سەردانی نەخۆشخانەیان نەکردووە.
