له‌ماوه‌ی ڕۆژانی ڕابردوودا، به‌هۆی تۆپبارانه‌كانی سپای پاسداران له ناوچه‌ی ”كۆساڵان”ی سه‌ر به شارستانی سه‌وڵاوا، دارستانه‌كانی ئه‌و ناچه‌یه سووتا و زیانێكی گه‌وره به‌ر سرووشتی ناوچه‌كه كه‌وت.
به‌پێی ڕاپۆرتەکان هێزه‌كانی سپای پاسدارانی ڕژیم هاوكات له‌گه‌ڵ تۆپبارانی ناوچه‌ی”كۆساڵان” كه له ڕۆژی دووشه‌ممه‌وه ده‌ستیپێكرد، ده‌ستیان داوه‌ته بانگهێشتی شۆرای گونده‌كانی ده‌ورووبه‌ری ”كۆساڵان” و گوشاریان خستووه‌ته سه‌ریان كه ئه‌بێ خه‌ڵكی گونده‌كان به‌رزاییه‌كانی ناوچه‌كه چۆڵ بكه‌ن. به‌وته‌ی یه‌كێك له‌دانیشتووانی ناوچه‌كه، هێزه‌كانی سپای پاسداران چه‌ند كاتژمێر كوێستانه‌كانی ”كۆساڵان”یان تۆپباران كردووه و كاتێك ئاگره‌كه ته‌شه‌نه‌ی كردووە خه‌ڵكی ناوچه‌كه ویستوویانە بۆ کۆنتڕۆڵكردنی ئاگره‌كه خۆیان بگه‌یه‌ننه ناوچه‌كه، به‌ڵام له لایه‌ن سپای پاسدارنه‌وه ڕێگرییان لێكراوە.
