
یازدەی خەرمانان ساڵرۆژی دامەزرانی حیزبی کمونیستی ئێرانە. ٣٩ ساڵ لەمەوبەر لە وەها ڕۆژێکدا حیزبی کمونیستی ئێران، لە کونگرەیەکی موئەسسدا دامەزرا و بەڕەسمی موجودیەتی خۆی ڕاگەیاند. لە ساڵرٶژی دامەزارنی حیزبی کمونیستی ئێراندا یاد و بیرەوەری لە خۆبووردویی هاوڕێیان و هاوسەنگەرانێک رێز لێدەگرین کە لە ڕیزەکانی حیزبی کمونیستی ئێراندا، چ لە زیندان و لەژێر دڕندانەترین ئەشکەنجەکان، یان لە بەردەم داری ئیعدام و لە بەرانبەر جوخەی ئیعدامی جمهوری ئیسلامیدا و چ لە سەنگەری شەڕی شۆڕشگێڕانەی کوردستان و خەباتی چەکدارانە لە ڕیزەکانی پێشمەرگەی کۆمەڵە دا، بۆ ڕزگاری ئینسانەکان لە دەست ستەم و چەوسانەوە گیان و ژیانی خۆیان فیدا کرد. هەروەها سڵاو و ڕێزی خۆمان پێشکەش بە بنەـالە سەربەرزەکانیان دەکەین. لەم ڕۆژەدا ڕیز دەگرین لە خۆڕاگری هەموو ئەو کرێکار و کمونیستانە و زیندانیانی سیاسی کە بۆ دیفاع لە ئامانج و بیرو باوەڕیان بە ئەسیری گیراون. بە هیوای ئەو ڕۆژەی کە دەنگی پڕ لە خرۆش و ئیعترازی کرێکاران و کۆمەڵانی خەڵکی زەحمەتکێش لە درێژەی خۆیدا تەخت و بەختی ڕژیمی جمهوری ئیسلامی بروخێنێ و شاهیدی شادی وسەرکەوتنی ئەو ئازیزانە بۆ گەرانەوە بۆ باوەشی بنەماڵە سەربەرزەکانیان بین.
دامەزرانی حیزبی کمونیستی ئێران لە رۆژی یازدەی خەرمانانی ساڵی ١٣٦٢ ئەگە چی کاریکی دەسبەجی بۆ وەڵام دانەوە لە هەل و مەرجێکی سیاسی ئەو دەورەیە لە لایەن کمونیستەکانەوە بوو کە کەوتە دەستوری کاریانەوە، بەڵام بە هیچ جۆڕێک کردەوەیەکی لەناکاو نەبوو و لە ژوورێکی داخراودا و بە دوور لەچاوی کۆمەڵگا و بزووتنەوە، زەمینە سازی و تەدارەکی بۆ نەبیندرابوو. حیزبی کمونیستی ئێران لە درێژەی خەباتی مارکسیزمی شۆڕشگێڕ لە دژی بیرورای وردەبورژوازی کە بزووتنەوەی چەپی ئێرانی خستبووەە ژێر تەئسیری خۆی، پێک هات. مارکسیسمی شۆشگێر لە ماوەی چەند ساڵ سوسیالیزمی وردەبورژوازی، پوپولیزمی مودەعی مارکسیزمی لە بونیادەکانی متودۆلۆژیک، ئابوری، سیاسی و ڕیکخراوەیی ، دایە بەر رەخنە و جارێکی تر ئاڵای سەربەخۆیی کمونیزمی شەکاوە ڕاگرت. شکڵ گرتن و گەشەی بە خێرای مارکسیزمی شۆڕشگێڕ، لە ئێران ڕەنگدانەوەی سیاسی و ڕێکخراوەیی حوزوری بەرچاوی چینی کرێکاری ئیران لە مەیدانی ئینقلابدا بوو. چینێک کە بۆ بەرەو پێش چوون و ڕزگاری خۆی پێویستی بە تیئۆری شٶڕشگێرانە و سازمانی خۆی هەبوو، چینێک کە لە عەینی حاڵدا بە حوزوری خۆی لە مەیدانی خەباتی شۆڕشگێڕانەدا زەمینەی مادی و هەل و مەرجێکی لەباری بۆ گۆڕینی ئەم تیئۆری شۆڕشگێرانەیە بە هێزێکی واقعی و کۆمەڵایەتی ئامادە کردبوو و هەروەها باروودۆخێکی گونجاوی بۆ بەهێز کردنی سیاسی و ڕێکخراوەیی سازمانە پێشڕەوەکانی خۆی خولقاندبوو. لە واقعدا حیزبی کمونیستی ئێران بەرهەمی حوزور و دەوری چینی کرێکار لە ئاڵ و گۆڕەکانی شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧ و هەوڵ و تەقالای شٶڕشگێڕانی کمونیستە، کە نەتەنیا لە ڕیزەکانی کۆمەڵە و ئیتحادی موبارزانی کمونیست دا کە ئاڵای مارکسیزمی شۆڕشگێڕانەیان بەرز کردبوەوە و مەبانی فیکریەکەیان لە هەڵوێستە رەسمیەکانی خۆیاندا نوێنەرایەتی دەکرد، بەڵکو لەناو سازمانەکانی پەیکار، ڕەزمەندەگان، وەحدەتی ئینقلابی، ڕەزمی ئینقلابی و چریکە فیدایەکانی خەڵک، بۆ هێنانە دەری مارکسیزم لە ژێر ئاواری بە لاڕیدا بردنەکانی بورژوایی و وردەبورژوایی بە شیویەکی هەڵسووڕاوانە خەباتیان دەکرد.
ئەم حیزبە لە هەل و مەرجێکدا پێک هات کە شۆڕشی ئێران کەوتبووە ژێر زەبری حکومەتی دژی شۆڕشی ئیسلامی و دوایین هەناسەکانی خۆی دەکێشا. هێزە چەپ و ڕادیکاڵەکانی ئێران بە توندی گیرۆدەی سەرلێ شێواوی و پرژ و بڵاوی ببوون. سەرکوتە خوێناویەکان، دەستگیریە بەربڵاوەکان و ئیعدامە بەرینەکان، بەشێک لە سازمانە چەپەکانی بە کردەوە هەڵوەشاندبوەوە. لە وەها هەل و مەرجێکدا دامەزراندنی حیزبی کمونیستی ئێران بە دەستی بەشێک لە هێزەکانی چەپی ئێران، وەڵامێکی شۆڕشگێڕانە و کارامە و لە ڕادەی خۆیدا، بەو بارو دۆخە نا بەسامانە بوو. لە حاڵێکدا حکومەتی جمهوری ئیسلامی لە هەموو شوێن هەڵوەشاندنەوەی سازمانە سیاسیەکانی تەبلیغ دەکرد، حیزبێکی سیاسی تازە و بە شوور و شەوق، بە ڕۆحیە و هومیدەوار لە حاڵی شکڵ گرتندا بوو. حیزبی کمونیستی ئێران هەر لە سەرەتای پێک هاتنیەوە، لە تاران و شارە گەورەکانی ئێران و لە شوێنە کرێکاریەکان تەشکیلات و هەڵسووڕاوانی کرێکاری لەگەڵ خۆی هێنا و ژومارەیەکی بە نیسبەت زۆر لە هەڵسووڕاوانی سیاسی و کمونیستی ئێرانی لەگەڵ بوو. لە کوردستانیش پشتی بە بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی گەورە بەستبوو کە بەرژەوەندێکی سیاسی و بەرنامەیەکی ڕۆشنی هەبوو. هەبوونی حیزبی کمونیستی ئێران ئاسۆیەکی تازەی بە رووی کۆمەڵەدا کردەوە. رەزمەندەگی و شور و شەوقی شٶڕشگێڕانەی لە ریزەکانی کۆمەڵەی بردە سەرێ و ڕێگای نەدا کە پاشەکشەی چەکدارانەی بزووتنەوەی کوردستان ئاسۆی سیاسی پێشمەرگەکان لێڵ و تاریک بکات و یارمەتی دەری کۆەمەڵە بوو بۆ ئەوەی کە ئەو دەورانە سەخت و گرینگە بە باشی وەپشت سەر بنێ.
ئەمڕۆ کە چاو لە چواڕ دەیەی ڕابوردوو دەکەین ئەم واقعیەتە بە ڕوونی دەردەکەوێ کە دامەزرانی حیزبی کمونیستی ئێران لە ڕۆژی یازدەی خەرمانانی ساڵی ١٣٦٢ خاڵێ وەرچەرخانێکی دیکە بوو لە ڕێگای چێنی کرێکاردا کە دەتوانێ و دەبێ سەرکەوتووانە بی پێوێ بۆ ئەوەی لە چینێکی چەوساوە و بێ بەشەوە ببێت بە چێکی دەسەڵاتدار، تا کۆمەڵگای ئێران لە هەموو ئەو موسیبەتانەی کە زۆربەی خەڵکی ئێران لەگەڵی بەرەو روون رزگار بکات. ئێستا ٣٩ ساڵ لە دامەزرانی حیزبی کمونیستی ئێران تێ دەپەڕێ. هەل و مەرجێک کە حیزبی کمونیستی ئێرانی تێدا پێک هات گۆڕانی زۆری بە سەردا هاتوە. لە ماوەی ئەم سێ یان چوار دەیەدا چ لە سەتحی دونیادا و چ لە سەتحی ئێراندا ئاڵ و گۆڕی زۆر پێک هاتوە. رووخانی ئوردوگای شوورەوی و کۆتایی شەڕی سارد، کۆتایی مودێلی ئابووریی دەوڵەتیی لە جیهانی سێهەمدا، لە هێز و توانا کەوتنی بزووتنەوە دژی ئەمپڕیالیستیکان و هەڵکشان و داکشانی نیئولیبرالیسم، کەم بوونەوەی دەسەلاتی ئابووری ئامریکا و هاتنە مەیدانی دەسەڵاتە ئابووریەکانی دیکە و پێکهاتنی دونیای چەند جەمسەری و هیتر چەند نموونە لەو ئاڵ و گۆڕانەن. لە سەتحی ئێرانیشدا هەل و مەجی کاری ئێمە زۆر گۆڕدراوە و ئاڵ و گۆرێ گەورەی تێدا پیك هاتوە. لە ماوەی ئەم ٣٩ ساڵەدا جەمعیەتی ئێران بۆتە زیاتر لە دوو هێندە، جەمعیەتی کرێکارانی سەنعەتی بە چەندین قات زیادی کردوە و رەنگ دانەوەی ئەم ئاڵ و گۆڕە، خۆی لە داخوازیەکان و بەرین بوونەوەی ئیعترازاتی کرێکاری دا نیشان دەدات. جیلێک لە هەڵسووڕاوان و ڕابەرانی کرێکاری لە رەوتی خەباتی کرێکاریدا پەروەردە بوون و هاتوونەتە مەیدان کە توانایی و پوتانسیەلی خۆیان لە سازماندان و رابەری دەیان ئیعتراز و مانگرتنی کرێکاریدا نیشان داوە. ژنان بە وەڕێ خستنی بزووتنەوەیەکی خۆ راگری گەورە لە دژی یاساکانی دژە ژنی ئیسلامی و بە حوزوری بەرچاوی خۆیان لە بزووتنەوە ئیعترازیەکاندا نیشانان دا کە پێ یەکی ئەسڵی هەر ئاڵ و گۆڕێکە لە داهاتوودا. ئاخیزە جەماوەری و سەرتاسەریەکانی بەفرانباری ساڵی ١٣٩٦ و گەڵاڕێزانی ٩٨ ئاڵ و گۆڕێکی گەورەی لە زەین و مێشکی کۆمەڵانی خەلکدا پێک هێنا. قەیرانەکانی ژینگە و ئاکامەکانی، خەبات لە دژی ویران کردنی ژینگەی کردۆتە ئەمرێکی دەست بەجێ بۆ کمونیستەکان. مەسەلە کۆمەلایەتیەکانی ئێران ئەمڕۆ، بە بەراورد لە گەڵ سێ یان چوار دەیە لەمەو بەر بە تەواوی تازەیە. شەپۆلی موهاجرەتی ئاوایی نشینەکان بەرەو شارەکان و پەرە ئەستاندنی شار نشینی و هاوکات پەرە ئەستاندنی حاشیە نشینی، سەرجەمی ئەم ئاڵ و گۆڕانە ئێمە و هەل و مەرجی کار و هەڵسووڕانی ئەمڕۆی ئێمەی لە بارو دۆخێکی بە تەواوی جێاواز بە بەراورد لە گەڵ یەکەمین ساڵەکانی هەڵسووڕانی حیزبی کمونیستی ئێران داناوە. ئەوانەی کە ئەم واقعیەتە بەرچاوە نابینن و نەخشەی هەڵوەشاندنەوەی حیزبی کمونیستی ئێران لە سەریاندایە، لە حەقیقەتدا بە ڕاگەیاندنی عەجز و بێ توانایی خۆیان لە تێگەیشتن لە بارودۆخی ئێستا و ئەرکە گەورەکانی ئەم دەورەیە، بە کردەوە کرێکاران و زەحمەتکێشان و خەڵکانی هەژاری کۆمەڵگا لە مەیدانی خەباتەوە دەنێرنە قوربانگای سات و سەودا لەگەڵ حیزبە بورژوایەکان.
لە کوردستانیش ئەگەر لە زاویەی قازانج و بەرژەوەندی خەباتی کرێکاران و زەحمەتکێشان و خەڵکی هەژارەوە چاو لە مەسەلەکانی کۆمەڵگا بکەین، هەرچی زیاتر کردنی هەڵسوورانی حیزبی کمونیستی ئێران و کۆمەڵە وەک بەشێکی جیا نەکراوەی ئەم حیزبە پێویست و حەیاتیە. لە زەمانێکدا کە ناسیونالیزم بە یارمەتی هەموو پاشەکەوتەکانی فەرهەنگی و سیاسی و بەرنامەیی خۆی، تەفرەقە و جیایی لە نێو رێزەکانی کرێکارانی سەر بە نەتەوە جۆراوجۆرەکان پەرە پێدەدات و ئێمە هەموو ڕۆژێک شاهیدی ئەو کارەساتانەین کە بەپێی بەرنامە و سیاسەتە ناسیونالیستیەکانیان لە شوێنە جۆراوجۆرەکانی دونیا دەیخوڵقێنن، لیرەش لە کوردستان پشت بەستن بە حیزب و سازمانێکی سەرتاسەری و کمونیستی، بە شێوەئەکی کارامە یارمەتیدەری بەهێز کردنی هاوبەستەگی چینایەتی کرێکارانی کوردستان لەگەڵ باقی کرێکارانی بە شەکانی دیکەی ئێرانە. لە کاتێکدا حیزبە ناسیونالیستەکان لە کوردستان تێ دەکۆشن بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان بکەنە هاوپەیمان و هێزی زەخیرەی ئوپوزیسیونی بورژوایی لە سەتحی سەرتاسەریدا، کۆمەڵە وەک سازمانی کوردستانی حیزبی کمونیستی ئێران تێدەکۆشێ پەیوەند و هاوبەستەگی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان لەگەڵ بزووتنەوەی کرێکاری، بزووتنەوەی ژنان و باقی بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتیەکان لە سەتحی سەرتاسەریدا بە هێز بکات. کۆمەڵە لەم ڕێگایەدا خەبات بۆ ڕوخانی شٶڕشگێڕانەی جمهوری ئیسلامی و هەڵسووڕانی سەرتاسەری بۆ شکڵ پێدان بە بەدیلی سوسیالیستی، هێز و توانا دەبەخشی و ئاسۆی سەرکەوتن و حاکمیەتی شوورایی دەخاتە بەردەم خەڵکی کوردستان.
لە ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبی کمونیستی ئێراندا بۆ جارێکی تر هەموو کمونیستەکان و کرێکارانی وشیاری ئێران بۆ پەیوەست بوون بە ڕیزەکانی ئەم حیزبە و خەبات لەپێناو ئەم ئەرکە مێژوویی و پڕ لە شانازییە بانگەشە دەکەین.