فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

گوزارشی بەڕێوەچوونی پلنۆمی دووهەمی کومیتەی ناوەندی حیزبی کمونیستی ئێران بەشی دووهەم
سێشەممە ۰۱-۰۶-۱۴۰۱   |  23-08-2022

پلنۆمی دووهەمی کومیتەی ناوەندی حیزبی کمونیستی ئێران هەڵبژێردراوی کونگرەی سیزدەهەم لە ڕۆژەکانی شەممە و یەکشەممە ٨ و٩ ی گەڵاوێژ بەرانبەر بە ٣٠ و ٣١ ی مانگی ژوئیەی ٢٠٢٢ بەڕێوە چوو. لە درێژەی گوزارشە سیاسیەکەی کومیتەی ئیجرایی حزب بە کۆبوونەوەی بەرینی کومیتەی ناوەندی و باسەکانی ئەو پلنۆمە، بە کورتی ئاماژە کرا بە بارو دۆخی ئامریکای لاتین و هەر وەها مەبەست لە سەفەری رەئیس جمهوری ولایەتە یەک گرتوەکانی ئامریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەراست لە جەرگەی قەیرانەکانی ئەمڕۆی دونیادا.

لە گوزارشە سیاسیەکەدا بە چاوگێڕانێک بە سەر بارودۆخی ئامریکای لاتیندا دەست لە سەر ئەوە دانرا کە بە سەرکەوتنی گوستاوپیرۆ لە کولومبیا و ئەگەری سەرکەوتنی لوولا لە هەڵبژاردنی ریاسەتی جمهوری بریزیل تا کۆتایی مانگی ئوکتوبەری ساڵی زاینی، دەوڵەتەکانی دەسەڵاتدار لە شەش ئابووری گەورەی ئامریکای لاتین، ئارژانتین، بریزیل، شیلی، کولومبیا، مکزیک و پیرۆ کە هەموویان لە نزیکان و هاوپەیمانانی ئامریکا بوون جێگای خۆیان بە دەوڵەتە چەپەکان دەدەن. ئەم جێ گۆڕکییەی دەسەڵات، بەرهەمی شکستی سیاسەتە نیئولیبرالیەکان  و لە جەرگەی بەرین بوونەوەی بزووتنەوە کۆمەڵایەتیەکان لە دژی سیاسەتەکانی ریازەتی ئابووری، بە پشتیوانی سندووقی نێو نەتەوەی پوڵ بوو. ئەم جێ گۆڕکییەی دەسەڵات یەکێکی تر لە نیشانەکانی هاتنە خوارەوەی هەژەموونی وڵاتە یەک گرتووەکانی ئامریکا لە ئامریکای لاتینە. بەڵام پاژنە ئاشیلی ئەم چەپە ڕیفۆرمیستە و دەوڵەتەکانی بە دەسەڵات گەیشتوو، پاراستنی تەواو وکەماڵی ماشێنی دەوڵەتیی، ئەرتەش، سازمانی پۆلیس، هێزە ئەمنیەتیەکان و دام و دەزگاکانی دوور درێژی بوروکراسی دەوڵەتیە. یانی هەمان ساختاری دەوڵەتێک کە تا دوێنێ کەرەسەی دەستی دەوڵەتە ڕاستگراکان و چینی سەرمایەداری دەسەڵاتدار لە بەرانبە ئیعترازاتی کرێکاری و چینە چەوساوەکانی کۆمەڵگا بوون، لەمە بەوڵاوە قەرارە بکەوێتە دەستی دەوڵەتەکانی تازە بە دەسەڵات گەیشتوو بۆ پێک هێنانی ریفورمە سیاسی، ئابووری و کۆمەلایەتیەکان کە بڕیاریان لە سەر دابوو. ڕوون و ئاشکراێە کە دام و دەزگای سەرکوتی بوڕژوازی ناتوانێ لە خزمەت خۆش بژیوی و ئاسایشی خەڵکدا بێت. ئەو دەزگا دەوڵەتیانەی کە ژنڕاڵەکانی ئەرتەش، رەئیسەکانی پۆلیس و مودیرانی گەندەڵ لە بەش گەلی سەرەوەی بوروکراسی ئیداری و دەوڵەتیدا بوون، دەبنە کۆسپی سەر ڕێگای هەر چەشنە ڕیفورمێکی کارامە لە بابەت باشتر بوونی ژیانی کڕێکاران و توێژەکانی خوارەوەی کۆمەڵگا. کەواتە سەرەڕای دەست بە دەست بوونی دەسەڵاتی سیاسی، هەر چەشنە ئیسڵاحێک لە بابەت کەم کردنەوەی نابەرابەری، ئیسڵاحی سیستمی ماڵیاتی، باشتر بوونی خزمەت گوزاریەکان و چوونە سەرەوەی حەقدەستەکان، تەنیا دەتوانێ ئاکامی  سازماندانی سەربەخۆ لە دەوڵەت لە لایەن چینی کرێکارەوە، سازماندانی کۆمەڵایەتی بزووتنەوەی ژنان، بزووتنەوەی دیفاع لە ژینگە و باقی بزووتنەوە پێشڕەوەکانی دیکەی کۆمەڵایەتی بێت.

سەفەری جوبایدن، رەئیس جمهوری ئامریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە هەل و مەرجێکی پڕ لە ئاڵ و گۆری جهانی و مەنتەقەیدا بوو، ئاڵ و گۆڕێک کە زۆربەی قەیرانە سیاسی و ئابووریەکان و رەقابەتی نێوان دەوڵەتەکانی پەرە پێدابوو. یەکێک لە مەبەستەکانی ئەم سەفەرەی جو بایدن هاندانی پاشایەتی عەرەبستانی سعودی بۆ زیاد کردنی بەرهەم ‌هێنان و هەناردە کردنی نەوت بوو تا لەم ڕێگایەوە کاردانەوەی هێرشی ڕوسیە بۆ سەر ئوکراین کەم بکاتەوە  و هەر وەها بازاڕی نەوت و ئینڕژیش کونتڕۆل بکات. یەکێکی تر لە مەبەستەکانی بایدن لەم سەفەرە شکڵ دان بەپێک هێنانی بلوکێکی تازە لە نێوان دەوڵەتی ڕەگەز پەرستی ئیسڕائیل و باقی هاوپەیمانانی ئامریکا لە مەنتەقە بوو تا بە خەیاڵی خۆی جێگای خاڵی بێ هێزی هەژەموونی ئامریکا لە مەنتەقە، بە رەقیبەکانی وەک روسیە و چین پڕ نەبێتەوە. بایدن هەر وەها هەوڵیدا تا بە باشتر کردنی پەیوەندی نیوان دەوڵەتی عێراق لە گەڵ دەوڵەتانی دەسەڵات دار لە کەنداو و باقی وڵاتانی عەرەبی، لە گەڵ دەست تێوەردانەکانی ڕژیمی جمهوری ئیسلامی لەم وڵاتە بەربەرەکانێ بکات. سەفەری بایدن ئەم واقعیەتەی سەلماند کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە لەبەر چاو گرتنی جێگا و شوێنی ژئوپولیتیکێک کە هەیەتی و بازاڕی پڕ رەونەقی فرۆشتنی چەک و چۆڵی نیزامی لە لایەن کومپانیاکانی ئامریکاوە، هێشتا گرینگی خۆی بۆ دەوڵەتی ئامریکا لە دەست نەداوە.

سەبارەت بە بارو دۆخی سیاسی ئێران، ئەم واقعیتە دەبێ لە بەر چاو بگرین کە بە درێژبوونەوەی شەڕی ئەمپریالیستی لە ئوکراین و جێ کەوتنی نیزامی چەند جەمسەریی لە دونیادا و توند بوونەوەی رەقابەتەکانی نێوان ئامریکا و باقی ئەندامانی ناتۆ لە گەڵ ڕوسیە و چین، رژیمی جمهوری ئیسلامی بە بەراورد لە گەڵ ڕابوردوو لە سەر مەسەلەی بەرجام، ئیمکانی مانۆڕی سیاسی زیاتری لە بەرانبەر ئامریکا و باقی لایەنەکانی دیکەی ئوروپاییداهەیە. بە درێژ بوونەوەی شەڕ لە ئوکراین پێداویستی دەوڵەتانی ڕۆژاوایی لە هاوردە کردنی نەوتی زیاتر بۆ بازاڕەکانی دونیا، ئاشکرایە کە لە فرۆشتنی نەوت لە لایەن ئێرانەوە چاوپۆشی دەکەن. لە وەها هەل و مەرجێکی تازەدا سەرانی ڕژیمی جمهوری ئیسلامی لە گفت و گۆ هەستیەکەدا، سەر سەختیکی زیاتر لە بەرانبەر ئامریکا و وڵاتانی ئورپایی لە خۆیان نیشان دەدەن. لەم حەوتوانەی دوایدا ژومارەیەک لە سەرانی ڕژیم ئیدیعای ئەوەیان دەکرد کە توانایی فەنی دروست کردنی چەکی ناوەکیان بە دەست هێناوە. ئەوە نیشانەی ئەوەیە کە سەرانی ڕژیم وەسوەسەی ئەوە کەوتۆتە سەریان کە بۆمبی ئەتۆمی دروست بکەن. با وای دابنیین کە جمهوری ئیسلامی دەستی بە چەکی ئەتۆمیش ڕابگات، لەو چەکە تەنیا دەتوانێ وەک ئامرازێک بۆ هەڕەشەی دەرەکی کەڵکی لێوەربگرێ، ئەوەش لە هەڵ و مەرجێکدایە کە هیج عامیلێکی دەرەکی هەڕەشە لە ڕژیم ناکات، نە ئامریکا و نە باقی وڵاتانی ئوروپایش هێشتا نەکەوتوونەتە  ئەو خەیاڵەی کە جمهوری ئیسلامی بڕوخێنن. کەواتە دروست کردنی بۆمبی ئەتۆمیش ناتوانێ مانەوەی رژیم زەمانەت بکات و خەونی ناخۆشی ڕووخان  لە چاوی بزڕێنێ. ئەو هێزە کۆمەڵایەتیانەی کە لە هەر کات و ساتێکدا بیر لە ڕووخانی جمهوری ئیسلامی دەکەنەوە لە ناو سنوورەکانی ئێرانن و لە دڵێ درێژەی مانگرتنی کرێکاری، خۆڕاگری و خەباتی شکۆداری ژنان و ئیعترازە کۆمەڵایەتیەکان و ڕیزی لێک هەڵپیکراوی و سازماندراوی ئەوانە کە پێداویستیەکانی  روخانی شٶڕشگێرانەی جمهوری ئیسلامی ئامادە دەکات.

ڕژیم هەر وەها دەیهەوێ لە کاردانەوەی رەوانیی شەپۆلی تەوەروم و گرانیەکان لە سەتحی دونیاشدا وەک لەنگەرگایەک کەڵک وەر بگرێت و بە خەڵکی ئیرانی بسەلمێنێ کە گرانی تەنیا تایبەت بە ئێران نیە و هەموو شوێنێک لە دونیادا غەرقی تەوەروم و گرانین، بەڵام واقعیەت ئەوەیە کە لە ئیران نەتەنیا تەوەروم و گرانی و فەلاکەتی ئابووری، بەڵکە هەموو قەیرانەکان لە ڕادەیەکی بە دەر لە تەحەمولی ئینسانە.