فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

گوزارشی بەڕێوەچوونی پلنۆمی دووهەمی کومیتەی ناوەندی حیزبی کمونیستی ئێران بەشی سێهەم
چوارشەممە ۰۲-۰۶-۱۴۰۱   |  24-08-2022

پلنۆمی دووهەمی کومیتەی ناوەندی حیزبی کمونیستی ئێران هەڵبژێردراوی کونگرەی سیزدەهەم لە ڕۆژەکانی شەممە و یەکشەممە ٨ و٩ ی گەڵاوێژ بەرانبەر بە ٣٠ و ٣١ ی مانگی ژوئیەی ٢٠٢٢ بەڕێوە چوو. لە درێژەی گوزارشە سیاسیەکەی کومیتەی ئیجرایی حزب بە کۆبوونەوەی بەرینی کومیتەی ناوەندی و باسەکانی ئەو پلنۆمە، هاتە سەر بارودۆخی سیاسی ئێران. لەم بەشە لە گوزارشەکەدا باس لەوە کرا کە بە دڕێژ بوونەوەی شەڕێ ئوکراین و پێداویستی  و نیازی دەوڵەتانی ڕۆژاوایی بە هاوردە کردنی زیاتری نەوت بۆ بازاڕەکانی دونیا، بە ڕاشکاوی لە بەرانبەر فرۆشتنی نەوت لە لایەن جمهوری ئیسلامیەوە چاوپۆشی دەکەن. لەو هەل و مەرجە تازەیەدا کاربەدەستانی جمهوری ئیسلامی هەوڵ دەدەن بە گەورە کردنەوەی توانایی ناوەکی خۆیان، لە گفت و گۆکاندا لە گەڵ ئامریکا  و باقی دەوڵەتانی بەشدار لە بەرجام دا ئیمتیازێکی زیاتر بە دەست بێنن. ئیدیعای توانایی فەننی دروست کردنی چەکی ناوەکی لە هەمان کات دا کە هەڕەشەیەکە، نیشانەی ئەوەیە کە سەرانی جمهوری ئیسلامی وەسوەسەی دروست کردنی بۆمبی ئەتۆمی کەوتوتە سەریان. بەڵام دەست ڕاگەیشتنی جمهوری ئیسلامی بە چەکی ئەتۆمی دەتوانێ تەنیا ئامرازێک بێت بۆ ڕێگری لە هەڕەشەکانی دەرەکی. کەواتە دروست کردنی بۆمبی ئەتۆمێش ناتوانی هێچ زەمانەتێک بێت بۆ مانەوەی ڕژیمی جمهوری ئیسلامی . چونکە بەرەی ئەسڵی شەڕ لە گەڵ ئەم ڕژیمە لە ناوەوەی سنوورەکانی ئێراندایە. ئەو هێزە کۆمەڵایەتیانەی کە هەر کات و ساتێک لە فکری ڕوخانی ئەم ڕژیمەدان لە ناوەوەی سنوورەکانی ئێران و لە جەرگەی درێژەی مانگرتنەکانی کرێکاری، خۆڕاگری شکۆمەندی ژنان و ئیعترازە جەماوریەکاندایە کە ڕیزەکانی خۆیان بە سازماندراوی لێک هەڵدەپێکن وهەنگاو بە هەنگاو بە کردەوە پێداویستیەکانی ڕوخانی شۆڕشگێڕانەی رژیمی جمهوری ئیسلامی ئامادە دەکەن.

لە بارو دۆخی ئێستادا ئابووری سەرمایەداری ئێران بە هۆی ساختاری ئیدئولۆژیک و سیاسی ڕژیمی دەسەڵاتدار، لە گەڵ بەربەستێکی ساختاری بەرەو ڕوو بووە. ئەم قەیران و بەربەستە بە بێ ئاڵ و گۆڕێکی بنەڕەتی سیاسی چارە سەر ناکرێ. حکومەتی ئیسلامی سەرمایەداران تەنانەت ناتوانێ لە میکانیزمەکانی نموونەی نئولیبرالیزمی ئابووری بازاڕیش بۆ ئاڵ و گۆڕی قەیرانەکان کەڵک وەربگرێ. لە ئابووریە پێشکەوتووەکانی سەرمایەداریدا کە بە پێی نموونەی نئولیبرالیزم کار دەکەن، بە بردنە سەرەوەی نرخی بەهرەی بانکی دەتوانن تێچووی قەرز وەرگرتن لە بانکە کان و خەرج کردنی بەرنە سەرەوە و بە شوێن ئەوەدا بە کەم کردنەوەی ناردنی پووڵ بۆ ناو بازاڕ، میزانی تەقازا بێننە خوارێ و بەم جۆرە بە هاتنە خوارەوەی تەقازا و سابت مانەوەی عەرزە، تەوەروم و چوونە سەرەوەی قیمەتەکانیش تا ڕادەیەک کونتڕۆڵ بکەن. یان بە زیاد کردنی چەند لە سەدێک لە ماڵیاتەکان داهاتی دەوڵەت بەرنە سەرێ و لە مەترسی بەرشکست بوون ڕزگاری بکەن. بەڵام لە ئێران هێج کونتڕۆلێک بە سەر حەجمی گەورەی نەقدینەگی لە بازاڕدا و زیاد بوونی تەوەروم و گرانی  بوونی نیە. لە حەقیقەت دا بێجگە لە ئاکامەکانی قەیرانی سەرمایەداری، ساختاری ئاکامی بەربەستی سیاسی-ئیدئۆلۆژیک و گەندەڵیی جمهوری نئیسلامیش بەر لە هەموو شتێک  بە سەر کرێکاران و توێژە کەم داهاتەکانی کۆمەڵگادا دەشکێتەوە. دەوڵەتی رەئیسی بۆ رێگری لە بەرشکست بوون، دەستی دایە بڕینی سوبسیدەکان لە سەر کاڵا ئەساسیەکانی ژیان و بەڕێجوونی خەلک. گرانی ئارد، نان، ماکاڕۆنی، رۆن و زۆر شتی دیکە کە بوە هۆی ناڕەزایەتی و ئیعترازی کۆمەڵانی خەلک، تەنیا گۆشەیەک لە بەرینایی ئەم بارو دۆخە کارەسات بارە نیشان دەدات. دانی یارانەیەکی کەم بە دەهەکەکانی خوارەوەی کۆمەڵگا لەم ساختارە گەندەڵەدا ناتوانی قورسایی ئەم قەیرانە لە سەر شانی خەڵکی هەژار لابەرێت. بەم بەربەستە ساختاری و قەیرانە کە لە پەیوەندی نێونەتەویدا هەیە، هیچ چەشنە کرانەوەیەکی ئابووری لە ژیان و بەڕێچونی کرێکاران و کۆمەڵانی زەحمەتکێش دا بەرچاو ناکەوێ. قەیرانی شوێنی ژیان و گوزەرانیش لە ئێران هەر چی کات تێ پەڕ دەبێ کارەساتبارتر دەبێ. شاری تاران لە سەرەتای ساڵەوە تا ئێستا پێنج جار لە پیسترین شارەکانی دونیا هاتۆتە ئەژمار. بێجگە لە تاران لە زۆرێک لە شارەکانی دیکە وردیلەکان و تۆفانی تەپ و تۆز سڵامەتی شارۆمەندانی بە شیوەیەکی جیدی خستۆتە مەترسیەوە. بەو قەیرانە بێ ئاویەوە کە هەیە ناتوانرێ ڕیگا چارەی نێو خۆیی بۆ بدۆزریتەوە بەڵکە پێویستی بە ڕیگا چارەی مەنتەقەیی هەیە.

بەم بارو دۆخەوە کە لە ئارادایە ئەسڵی ترین ڕێگایەک کە ڕژیم لەبەرانبەر بەرین بوونەوەی مانگرتنەکانی کرێکاری و ئیعترازە جەماوەریەکان و بەربەرەکانێ لە گەڵ ئاکامەکانی شکستی ئیدئۆلۆژیکی نیزامی ئیسلامیەکەی و تەزمینی مانەوەی خۆی گرتوویەتە بەرەر ئەوەیە کە، ستراتژی سەرکوت  لە رادەی جۆر بەجۆردا بەکار بێنێ. لە عالەمی واقعدا ئامرازی سەرکوت بٶ ڕژیم، هەم دەوری تاکتیک دەگێڕی و هەم ستراتژی. بە پشتیوانی تاکتیک  دەێهەوێ ڕێگری لە لێک هەڵپێکان و سەرتاسەری بوونی مانگرتنە کرێکاریەکان و ئیعترازە جەماوەریەکان بکات، ستراتژیش وەک تەنیا بەرژەوەندێک کە دەتوانێ مانەوەی ڕژیمەکەی خۆی مسۆگەر بکات. ئەگەر ئەو کات کە ڕەئیسی هاتە سەر کار ڕامانگەیاند کە ئەم دەوڵەتە دەوڵەتی ستراتژی توند کردنەوەی سەرکوتە، ئەمڕۆ بە ئاشکرا دەبینین کە بە دەست بەسەر کردنە بەرینەکان بە تایبەت دوای ئەوەڵی مانگی مەی، بە توند کردنەوەی فشاری ئەشکەنجە و زیندان، بە بەرین کردنەوەی زەخت بۆ سەرژنان و بەڕێوە بردنی سەرلەنویی تەرحی “حیجاب و عیفاف”، بە بەرین کردنەوەی شەپۆلی تازەی ئیعدامەکان  و زۆر کردەوەی دیکە مانای واقعی ئە حوکمەی ئێمەی نیشان دا.

لە وەها هەل و مەرجێکدا کۆتایی هێنان بەم بارودۆخە فەلاکەت بارە و چوونە دەر لەم بەربەست و قەیرانانە، تەنیا لە ڕێگای ئاڵ و گۆڕێکی سوسیالیستیەوە ئیمکانی هەیە. رووخانی شٶڕشگێڕانەی جمهوری ئیسلامی تەنیا یەکەمین هەنگاو لە ڕێگای ئەم ئاڵ و گۆڕە بێ وەستان و کۆموڵایەتیەیە. بە بێ ئاڵ و گۆڕێکی  سوسیالیستی کۆتایی هێنان بەم هەموو بێکاری  و فەقر و هەژاریە ئابووریە، باشتر کردنی شوێنی ژیان و گوزەران، لە هەمان حاڵدا مسۆگەر کردنی گەشەی ئابووری و ریفاهی کۆمەڵایەتی و پێک هێنانی کۆمەڵگایەکی ئازاد ئیمکانی نیە.