
حەوتووی ڕابوردوو لە دڕیژەی بێنەو بەرەی نێوان جیناحەکانی ڕژیم و ئاشکرا بوونی گەندەڵی و دزیەکانی لایەنەکان، ڕاپۆرتێک لە رەقەمێکی سەرسووڕ هێنەری دیکە لە گەندەڵی هاوبەشی نێوان نیهاد و سەرانی حکومەتیدا، ئەمجارە لە “موجتەمەعی فولادی موبارەکە” لە ئیسفەهان لە مەجلیسەوە دزەی پەیدا کرد. مەجلیسی شوورای ئیسلامی رژیم ڕۆژی ٢٥ی گەلاویژ لە دانیشتنی ئاشکرای خۆێدا ڕاپۆرتی لێکۆڵینەوەی کومیسیونی ” تەحقیق و تەفەحوس”ی خۆی کە دەرخەری ١٢٠٠ گەندەڵی ماڵێ، دزی و ئیختلاس و بەرتیل دان و بەرتیل خۆری لەو موجتەمەعەی بەدەست هێنابوو دایە بەر باس ولێکۆڵینەوە. لەم ڕاپۆرتە ٣٠٠ لاپەڕەیەدا ئاماژە بە دزی و ئیختلاسی نزیک بە ٩٢ هەزار میلیارد تمەن کراو لە پێنج سەرفەسڵدا کۆی کردەوە. سەر فەسڵەکان بریتین لە ” سەرچاوە ئینسانی و ئیستخدامییەکان، کڕین و قەراردادەکان، بەرهەمهێنان و فرۆشتن، بەرپرسایەتی کۆمەڵایەتی و حقوقی و مودیریەتی و خەرج گەلێکی غەیرە واقعی”. ڕاپۆرتەکە دان بەوەدا دەنێ کە ئەم گەندەڵی و دزیانە لە نێوان ساڵەکانی ١٣٩٧ تا ١٤٠٠ یانی لە کاتی دەسەڵاتداریەتی ڕۆحانیدا روویان داوە. لەم ڕاۆپۆرتەدا بەشی بەرتیلدان بە کەسان و نیهادە حکومەتیەکان لەم سفرەی نیعمەتە، بەشگەلێکی بە ناوی بێدەنگە لێکردن بەم جۆرەیە: هیزە نیزامیەکانی ئوستان ١،٥ میلیارد تمەن، سپای پاسدارانی “ساحەب الزەمان” ی ئوستان، پایگاکانی بەسیج و وەزاڕەتی بەرگری و پشتیووانی ٦ میلیارد تمەن، دەفتەری ئیمام جومعەکان١،٥ میلیارد تمەن، حەوزەی عیلمیە، بونیادی نێونەتەوەیی غەدیر و ستادی بەڕێوەبردنی نوێژی جومعە یەک میلیارد تمەن، ڕیک و پێک کردنی ساختمانی دادگوستەریش ٣ۆۆمیلیون تمەن. ئەم پووڵانە بە ئیزافەی بەشی دەنگ و ڕەنگی سەدا و سیما، بە حیسابی هەر کام لەم نیهادانە پەرداخت کراوە. هەڵبەت بەستنی قەرارداد گەلێکی نادیار و جەعلیی و یارمەتی دان بە ڕەوتە ترۆریستیە ئیسلامیەکان لە وڵاتانی دونیا بە چەند قاتی ئەو ڕەقەمانەی کە دزراون بەشێکی دیکە لەو فەساد و گەندەڵیەیە. تەنانەت ژومارەیەک لەو ڕەوتە ترۆریستیانەی سەر بە جمهوری ئیسلامی لە دەرەوەی وڵاتیش کە لە لیستی تەحریمەکانی ئامریکا دان.
مەبەستی مەجلیس لە دانە دەرەوەی ئەم گەندەڵیە گەورەیە لە نیهادە مەزهەبی و نیزامیەکان، لە نێو ڕەسانەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا، بە مەبەستی ئاشکرا کردنی گەندەڵی لە جیناحی ڕۆحانیدایە. قاڵیباف رەئیسی مەجلیسی کۆنە پەرستیی کە پەروەندەی دزی و گەندەڵی ئەویش لە لایەن جیناحی رەقیبەکەیەوە لە قاو درابوو، لەم پەیوەنیەدا دەڵێ: “ڕێگای دروستی موبارزە لە گەڵ گەندەڵیی، دەخاڵەتی قانوونی و تەخەسوسی، بەو شوێنانەیە کە قابیلی زەربەلێدانن. شیرکەتە خسوسیەکانی لە چەشنی فوڵادی موبارەکە ساڵەهای ساڵە حەیات خەڵوەتی ” لایەنی بەرانبنەر” بووە و ئێستاش دەبێ ڕوون بێتەوە”.
بەڵام ئەم لە قاودانە کورت بینانەیە کاردانەوەی مەنفی و ئەمنیەتی زۆری بۆ ڕژیم تێدا بوو. لە قاودانی ئەم کارە سەرانی ڕژیمی لە بڵاوکردنەوی غەڵەتێکی گەورە کە کردبوویان تێگەیاند. ئیبراهیمی ڕەئیشی، ئەم رەئیس جمهورە جینایەتکارە لەترسی سەر هەڵدانی ئیعترازاتی جەماوەریی و سەرتاسەری وتی: “نابێ بە بڵاو کردنەوەی ڕاپۆرتی بێ سەنەد لە رەسانە و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا خەڵک نیگەران بکەین. هەموو هاوکارانی دەوڵەت دەبێ دەست بەجێ هەوڵ بدەن کێشەی نیوان دام و دەزگاکان چارە سەر بکەن. هە چەشنە قسە کردن یان کردەوەیەک کە ببێتە هۆی نا ئەمنی و کەم کردنەوەی بڕوای خەڵک، هێڵی سووری دەوڵەتە”. رۆژنامەی هاوشاریش رۆژی سێ شەممە ئەوەڵی خەرمانان هەوڵی دا بۆ تەبرەئە کردنی حکومەت لە و گەندەڵیە گەورەیە نووسی:” ڕاپۆرتی مەجلیس سەبارەت بە موبارەکە دەبێتە گۆپاڵێک لە دژی نیزام. لە قاودانی بونگایەکی ئابووری بۆتە نیشانەی گەندەڵیەکی ئاڵۆزکاو لە دژی جمهوری ئیسلامی”.
ڕۆژی چوار شەممە دووی خەرمانان رەوابتی عمومی ڕژیم بۆ پاساو هێنانەوەی غەڵەتێک کە مەجلیس کردوویەتی دەست بەجێ ناچار بوو بە بڵاو کردنەوەی ئیعلامیەیەک ڕابگەیەنێ کە” ئەوەی لە کەش و هەوای رەسانەییدا لەم بابەتەوە لە لایەن مەجلیسەوە بڵاو کراوەتەوە، بۆ ئاگاداریی گشتی نەبوە و تەنانەت نوسخەی ئەم ڕاپۆرتە بە نوێنەرانی مەجلیسیش نەدراوە و نە دەبووا ڕوو بە دەرەوە بڵاو بکرایەتەوە.
لە قاودانەکەی مەجلیس لە کاتێکدا ڕوو بەدەورەو دزەی پەیدا کرد کە قەیرانی ئابووری رژیم و ژیان و گوزەرانی کۆمەڵانی کرێکار و زەحمەتکێشی کۆمەڵگا رۆژ لە گەڵ رۆژ بەرەو خراپی دەچێت. بێکاری و گرانی ژیانی زیاتر لە ٧٠ لە سەدی خەڵکی ئێرانی بەرەو هێڵی هەژاری بردوە، ڕۆژانە دەیان ئیعتراز لە گۆشە و کەناری ئێران لە دژی جمهوری ئیسلامی وەڕێ دەکەوێ. لە وەها هەل و مەرجێکدا بەشێک لە مەقاماتی ڕژیم بەڵام واقع بینی حکومەتی ئیسلامی، بە لە قاودانی ئەم دزی و گەندەڵیە گەورەیە، نیگەرانی بڵێسەی ئاگری تووڕەیی کۆمەڵانی خەڵک و وەڕێ کەوتنی ئاخێزێکی گەورەی کۆمەڵایەتی دیکە لە سەرتاسەری ئێرانن.
موجتەمەعی فوولادی موبارەکە گەورەترین ناوەندی بەرهەم هێنانی خوسوسی سازی کراوی ئێرانە. بە پێی ئامارە بڵاو کراوەکان قازانجی بەرهەم هێنانی ئەم شیرکەتە لە ساڵدا سەر لە دەیان هەزار میلیارد تمەن دەدات. دیسان بە پێی هەر ئەو ئامارانە سوودی خالسی موجتەمەعی فولاد لە ساڵی ٩٩ دا نزیک بە ٦٠ هەزار میلیارد تمەن بووە و چۆتە گیرفانی سەرمایەدارەکانی سەر بە حکومەت. کرێکارانی ئەم شیرکەتە زۆر جار بۆ ئیعتراز بە خراپ بوونی ژیان و گوزەرانیان ولە خوارەوە بوونی حەقدەستەکانیان، هەبوونی هەڵاواردن سەبارەت بە حەق دەستەکانیان، وەدوا کەوتنی حەق دەستەکان ، نەبوونی بیمەی کۆمەڵایەتی و دەرمانیی و نەبوونی ئەمنەتی شوێنی کار و پاک و خاوێنی و پیسی کەش و هەوای شوێنی کار و خراپ کردنی ژینگە، دەستیان داوەتە مانگرتن و ئیعتراز. بەڵام هەمیشە لە جیاتی ڕاگەیشتن بە داخوازەکانیان بە ناردنی هێزە سەرکوتگەرەکان و دەستگیر کردن و ئەشکەنجە و زیندان وەڵامیان دراوەتەوە.
واقعیەت ئەوەیە کە دزینی ٩٢ هەزار میلیارد تمەن بەشێک لە ئەرزشی ئیزافەی کرێکارانی فوڵادی موبارەکە و بەرهەمی کار وڕەنجی ئەوانە کە دزراوە و چۆتە گیرفانی بەرپرسانی حکومەتی و سەرمایەدارەکانی سەر بە حکومەت. ئەم پووڵە نە تەنیا دەیتوانی بارودۆخی ژیانی تەواوی کرێکارانی فولادی موبارەکە تەئمین بکات، بەڵکو دەیتوانی ببێتە هۆی سالم بوونی کەش وهەوای شوێنی کار و دابین کردنی بودجەی پێویستی بیمە کۆمەڵایەتی و دەرمانیەکانی هەموو کرێکاران و بنەماڵەکانیان و هەر وەها بەشگەلێک لە پیداویستیەکانی کۆمەڵگا. ئەگەر بەڕێوە بردنی ئەم شیرکەتە بە خودی کرێکاران بسپێردری و بە شێوەی شوورایی ئیدارە بکرایە، نە دەکەوتە بەر دزی و گەندەڵی و کاراییەکی زیاتری لە خۆی نیشان دەدا. هەڵسووڕاوان و پێشڕەوانی کرێکاری لەم موجتەمەعە گەورە سەنعەتیە دەتوانن بە دامەزراندنی مەجمەعی عمومیەیکی ڕێک و پێک و سازماندراو و بە پێک هێنانی شوورای کرێکاران و بە پشت بەستن بە یەکەیتی و خەباتی خۆیان، هەر وەک ئەوەی ئەزموونی کرێکارانی حەوت تەپە بوو، سەرمایەداران و مودیریەتی ئەم موجتەمەعە سەنعەتیە بخەنە ژێر زەخت و فشارەوە وئیجازە نەدەن لەوە زیاتر بەرهەمی کار و ڕەنجەکانیان لە لایەن حاکمانی ڕژیمی ئیسلامی و سەرمایەدارەکانەوە لە ژێر ناوی خوسوسی سازیدا بە تاڵان ببردرێ.