فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

مناڵانی کار قوربانیەکانی بەرین بوونەوەی هەژاریی لە ئێران
چوارشەممە ۰۹-۰۶-۱۴۰۱   |  31-08-2022

بەپێی ئەو ئامارانەی کە لە رۆژنامە و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا هەموو ڕۆژیک بڵاو دەکرێنەوە تەوەروم و گرانیی کاڵا ئەساسیەکانی ژیانی خەڵک بوەتە بەشێک لە واقعیەتی کۆمەڵگای ئێران. ئاکامی ئەم تەوەرومە سەرسووڕهێنەرە و گرانیی، ئەگەر چی بەرۆکی بە میلیونان کەس لە خەڵک گرتووە بەڵام لەم بەینەدا چارەنووسی خەمباری مناڵانی کار، بە ئێش وئازارترین سیمایەکە کە هەموو رۆژێک لە شەقام و خیابانەکاندا لە بەرچاوی خەڵک دێت و دەڕوات. چارە نووسی خەمباری ئەم مناڵانە تەنیا حیکایەتی ئەم ساڵانەی دوایی نیە . مناڵانی کار قوربانیەکانی قەیرانی نەزمی سەرمایەداری ئیسلامین کە زیاتر کە چوار دەیەیە دەستی بە سەر ئەم کۆمەڵگایەدا گرتوە. بەرینایی ئەم کارەساتە ئەوەندە زۆرە کە تەنانەت سەرانی ڕژیم و رۆژنامەکانی حکومەتیش ئیقراری پێ دەکەن. رەئیسی ئەنجومەنی مەدەدکارانی کۆمەڵایەتی بە لە بەر چاو گرتنی قووڵ بوونەوەی قەیرانی ئابووری دەڵێ: “بە پەرەئەستاندنی هەژاریی، هەموو رۆژێک شاهیدی شکڵ و شیوەگەلی جۆراوجۆری تازەی کاری مناڵانین. بەڵام کار گەلێک کە زۆرتر لە سواڵکەری دەچێ، لە نێو مناڵاندا رەواجی زیاتری هەیە” ڕۆژنامەی جامی جەم لە ڕاپۆرتیکدا ئاماژە بە شێوەی تازەی چەوساندنەوەی مناڵانی کار لە لایەن خاوەنانی بەشگەلێک لە دوکانداران و سوپر مارکیتەکان دەکا و  دەنووسێ ” لە شارەگەورەکانی وەکو تاران، کچان و کوڕانی چکۆلە بە پاڕانەوە داوا لە ڕێبوارانی ئەو شوێنانە دەکەن کە چەند دانە نانیان بۆ بکڕن و لەبەر ئەوەش کە نان هەرزانتری خواردەمەنیە،  ئەو کەسانە دەچنە نێو فروشگاکان و وێڕای کرینی نانەکە ناچار دەبن چەند شتی تری وەک کونسروی ماسی ، ماکاڕۆنی و تەنانەت کیسەیەک برینجیش بکڕن”. بە پێی نووسراوەی جامی جەم ئەم کارە، شێویەکە لە سازانی نێوان ئەو مناڵانە و خاوەن دوکانەکە چونکە دوای ئەوەی مناڵەکان ئەو شتانەیان وەرگرت سەرلە نوێ دەیبەنەوە ناو دوکانەکە و بە قیمەتێکی زۆر لە خوارەوە دەیفرۆشنەو ە بە خاوەن دوکان، ئەویش هەر ئەوکەل و پەلە دەخاتەوە جێی خۆی و بەم جۆرە پارەیەکی زۆر بە دەست دێنێ.  

کارەساتەکە ئەوەندە قووڵە کە مانگی پووشپەری ساڵی ١٣٨٤ دەوڵەت ئاین نامەیەکی لە ژێڕ ناوی ساماندهی مناڵانی خیابانی پەسند کرد، بەڵام ئێستا دوای ١٧ ساڵ نە تەنیا ئەم ئاین نامەیە هیچ بەرهەمێکی نەبوە بەڵکو ئاکامێکیشی بۆ مناڵان تێدا بەرچاو ناکەوێ. ئەم سیمایە تەنیا بەشێکی هەرە بچووکی ژیانی مناڵانی کار دەخاتە بەرچاو کە لە پیادەڕەوەکان و خیابانەکاندا دەبیندرێ. بەڵام بەشی گەورەی ئەم کارەساتە ئەو مناڵانەن کە  لە ژێرخانەکانی تاریک و لە کارگە نماویەکاندا بە حەقدەستێکی لە غایەت بەدەر کەم نە تەنیا هێزی کاریان دەفرۆشن  بەڵکو هەموو دەورانی مناڵی خۆشیان هەڕاج دەکەن. بەشێکی زۆر لەم مناڵانە سەر پەرشتی خانەوادە و نان هێنەری بنە ماڵەکانیشیانن.  هاوکات لە گەڵ ئەوەی کە بە شێوەیەکی سەرسووڕهێنەر قیمەتی خوردەمەنی دەچێتە سەرێ و سفرەی بنەماڵەکانیش رۆژ لە گەڵ ڕۆژ چکۆلە دەبیتەوە، هێچ گومانێکی تێدا نیە کە نسیبی ئەم مناڵانەی کار و بنەماڵەکانیشیان ئەوەندە نیە کە ژەمێک زکیان تێر بکات.

واقعیەت ئەوەیە کە هەژاری و نەداری سەرتاسەری کۆمەڵگای ئێرانی گرتۆتەوە. لەم مانگانەی دواییدا بازاڕەیەکان باس لە هاتنە خوارەوەی مەسرەفی خواردەمەنی وەک شێر و ماست، برینج ، هێلکە و مریشک دەکەن. چەند رۆژ لەمەوبەر ئەندامی هەیئەت ڕەئیسەی ئیتحادیەی بەرهەم هێنان و دابەشکردنی گۆشتی گا باسی ئەوەی دەکرد کە ” مەسرەفی گۆشت لە ساڵی ڕابوردوودا سەد لە سەر سەد هاتۆتە خوارێ”.  هەر وەها لە دڕێژەی قسەکانیدا دەڵێ: ” رەوتی هاتنە خوارەوەی مەسرەفی گۆشت ئەوەندە  توندە کە لە مانگی گەلاوێژدا بە هەڵسەنگاندن لە گەڵ مانگی پێشووی پانزدە تا بیست لە سەر سەد کەمی کردوە. ئەم بەر پرسە پێی وایە کە کەسادیی بازاڕی گۆشت دەگەڕێتەوە بۆ هاتنە خوارەوەی قودرەتی کڕینی خەڵک. تازە ئەو کەسانەش کە توانایی کڕینی گۆشتیان هەیە روویان کردۆتە کڕینی گۆشتی یەخ زەدە کە زیاتر لە سی لە سەر سەد قیمەتەکی لە خوارەوەیە. دەبیری ئەنجوومەنی سەنعەتی بەستە بەندی کردنی گۆشت، بە ئاماژە بە خواردنی گۆشت کە ڕۆژانە دەبێتە هەشت گرەم دەڵێ: “ئەم ئامارە بۆ کۆمەڵگا جێگای نیگەرانیەکی گەورەیە”. رەئیسی ئیتحادیەەی فرۆشیارانی میوە و سەوزی جاتیش لە رۆژی بیستی گەلاوێژدا ڕایگەیاند کە” بەشێک لە بنەماڵەکان بە هۆی گرانی، میوە زایع بووەکان دەکڕن”. هەروەها ئاماژە بەوە دەکات کە” نابێ بە سەر ئەم ڕووداوەدا بە ئاسانی تێپەڕێن”. مودیر کوللی وەزاڕەتی بێهداشتیش دەڵێ” نزیکەی  یەک لە سەر سێی ئێرانیەکان خواردنی شیر و شێرەمەنیان  تا ڕادەیەکی زۆر کەم کردۆتەوە بە جۆرێک کە ئیتر لە سفرەی خۆیان لایان بردوە”.

با ئەوەش بزانین کە هەموو ئەمانە ئامارە ڕەسمیەکانن بە جۆرێک کە ئامارە واقعیەکان زۆر لە وە زیاترە. لە ژێر فشاری ئەم هەژاری و نەداریە ئابووریەدا پەدیدەی فڕێ دانی مناڵانی ساوا بۆ نێو زبڵدانەکان زیادی کردوە. ژەومارەی ئەو مناڵانەی کە دەرس و مەدرەسەیان بەجێ هێشتووە و بۆ یارمەتی دان بە تەئمینی ژیانی بنە ماڵەکانیان چوونەتە نێو بازاڕێ ڕەش، بەرینایەکی  تازەی پەیدا کردوە. بە میلیون مناڵ لە شادی  و خۆشی دەورانی مناڵیی  بێ بەرین و لە کارگاکاندا بە توندی دەچەوسێنەوە. هەموو ئەمانە واقعیاتی ڕوون و ئاشکرای قەیرانی ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتیە کە داوێن گیری میلیۆنەها خەڵکی  ئەم کۆمەڵگایە بووە. کۆمەڵگایەک کە زیاتر لە نیوەی دانیشتوانی لە هەژاری موتڵەق دا بە سەر دەبەن، کۆمەڵگایەک کە نزیکەی سی(٣٠) میلیون کەسی لە پەراوێزی شارەکاندا دەژین.

 ئەگەرچی هاتنە خوارەوەی قودرەتی کڕینی خەڵک و چکۆلە بوونەوەی سفرەکانیان لە ماوەی ئەم چوار دەیەی ڕابوردوودا درێژەی هەبووە، بەڵام بە هاتنە سەر کاری ئیبراهیمی ڕەئیسی  و بەرنامە ئابووریەکەی، توندیەکی زیاتری بە خۆیەوە گرتوە. بەم حاڵەشەوە ڕەئیسی و سەرانی دەوڵەت لەو پەڕی بێ شەرمیدا هەمیشە ئیدیعای کونتڕۆلی نرخی تەوەروم دەکەن ودەڵێن ژیان و گوزەرانی خەڵکیان بە بەرجامەوە گرێ نەداوە. بە دوور لە هەموو ئەو ئیدیعایانەی سەرانی ڕژیم، تەنیا ڕیگا چارەی ڕزگار بوونی کۆمەڵگا لە هەژاری و نەداری و کۆتایی هێنان بە پەدیدەی مناڵانی کار و خیابان و گەڕاندنەوەی شادی مناڵانەیان، لە گرێوی درێژەی مانگرتنە کرێکاریەکان و ئیعترازە کۆمەڵایەتیەکان، شٶڕشی ئوردوی کار و زەحمەت لە دژی نیزامی زاڵمانەی ئیستا و دامەزراندنی نەزمێکە کە ئازادی، ئاسایش و ئەمنیەتی ئینسانەکان بکەوێتە سەر لەوحەی کاریانەوە.