ناوەندی مافی مرۆڤی ئێران بڵاوی کردووەتەوە لانیکەم ١٨ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ڕێژیمی ئیسلامیدا بۆ جێبەجێکردنی سزای لە سێدارەدان گوازراونەتەوە بۆ بەندە تاکەکەسییەکان.
ناوەندی مافی مرۆڤی ئێران، ڕۆژی یەکشەممە ١٣ی خەرمانان بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک سەبارەت بە جێبەجیکردنی سزای سێدارەی ١٨ بەندکراو لە بەندیخانەکانی کەرەج، میناب و گەوهەردەشت، نیگەرانییەکانی ئەو ناوەندەی لە پێشێلکردنی مافە مرۆییەکان لەلایەن بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامی و دەزگای قەزایی ئەو ڕێژیمەوە دەربڕی.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە ٣ بەندکراو لە بەندیخانەی کەرەج، ٧ بەندکراو لە بەندیخانەی میناب و ٨ بەندکراوی دیکە لە بەندیخانەی گەوهەردەشت، بۆ جێبەجیکردنی سزای لە سێدارەدانەکانیان گوازراونەتەوە بۆ بەندە تاکە کەسییەکان. ئەو ناوەندە هەروەها ڕایگەیاندووە، بەندیخانەی ناوەندی کەرەج ١٠ بەندی هەیە کە لانیکەم لە هەر بەندێکدا ١٠٠ کەس سزای سێدارەیان بەسەردا سەپاوە، بە واتایەکی دیکە هەزار کەس لەو بەندیخانەیە چاوەڕێی جێبەجێکردنی سزای لە سێدارەدانن.
ئەو ناوەندە داوا لە هەموو ڕێکخراو و ناوەندە مافی مرۆییە نێوخۆیی و جیهانییەکان دەکات کە لە ئاست ئەو جینایەتە مرۆییانەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە بەندیخانەکاندا بێ دەنگ نەبن.