
هێشتا وەرزی پاییز نەهاتووە، بەڵام لە هەموو پایتەختی وڵاتانی ئەورووپایی باس لە پاییزی داغ دەکرێت. ئاکامەکانی شەڕی ئیمپریالیستی لە ئۆکراین هەموو بوارەکانی ژیانی خەڵکی خستووەتە ژێر کاریگەرییەوە. لە سەرەتادا دەوڵەتانی دەسەڵاتداری وڵاتانی پێشکەوتووی سەرمایەداری بەزەبری تەبلیغاتی شەووڕۆژی دیانویست خەڵک بەو باوەڕە بگەیەنن کە سەرانی ئەم دەوڵەتانە هاوکات لەگەڵ تەرخانکردنی میلیاردها دۆلار بۆ ناردنی چەک بۆ ئۆکراین، لێرە و لەوێ بیر لە ڕێگایەک دەکەنەوە بۆ ئەوەی گوشارە ماڵییەکانی سەر خەڵک کەم بکەنەوە. بەڵام واقعییەت زۆر زووتر لە تەسەوری سەرانی ئەم دەوڵەتانە، ڕوخساری خۆی نیشان دا. ئەگەر تا دۆینێ هەژاری تایبەت بە وڵاتانی غەیرە ئەورووپایی بوو، ئێستا هەر لەم وڵاتە پێشکەوتووانەی سەرمایەداریش چوونەسەرەوەی نرخی وزە، بەرزبوونەوەی بەردەوامی نرخی پێداویستییە سەرەکییەکانی ملیۆنان ئینسان کە لە خوارەوەی هێرەمی کۆمەڵگەدان، مانای ڕاستەقینەی شەڕی قابیلی لەمس کردووە. ئێستا تەنانەت توێژەکانی خوارەوەی چینی مامناوەندیش نیگەرانی وەرزی زستانن. بۆ جارێکی دیکە دوای قەیرانی جیهانیی ساڵی ٢٠٠٨ هەموو ئۆرگانە تەبلیغاتییەکانی بورژوازی کەوتوونەتە کار تا لەڕێگەی فریوێکی گشتییەوە وای نیشان بدەن کە قەیرانی ئێستا تەنیا و تەنیا بەهۆی هێرشی نیزامیی ڕووسیە بۆسەر ئۆکراینە. لێرەدا بەهیچ شێوەیەک باس لە سیاسەتەکانی دەوڵەتانی ئەندامی ناتۆ ناکرێت. واتە ئەو سیاسەتانەی کە ئەم شەڕە ئیمپریالیستییەی لێ کەوتەوە. دەوڵەتانی ئەندامی ناتۆ بەبیانووی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ پەرەسەندنی نفووزی چین و ڕووسیە، پەرەپێدانی میلیتاریزمیان کردووەتە سیاسەتی سەرەکیی خۆیان. بەڵام دەرکی ئەم واقعییەتە دژوار نەبوو کە باری قەیرانی شەڕ و ئەم میلیتاریزمە هەوسارپچراوە دەکەوێتە سەر شانی ملیۆنان مرۆڤ.
بە سەرەنجدان بە هەواڵ و ڕاپۆرتەکان بۆمان دەردەکەوێت کە بۆچی لە هەموو شوێنێکی ئەورووپا باس لە پاییزی داغ دەکرێت. لە بریتانیا حەوتووی ڕابردوو ڕاگەیەندرا کە بەپێی بڕیاری ئیدارەی کۆنتڕۆڵی نرخەکان، تێچووی وزە بۆ بنەماڵەیەکی مامناوەند لانیکەم لە سەدا هەشتا دەچێتە سەرێ. وەزیری دارایی ڕایگەیاند “لەڕاستیدا پێویستە هەموومان پێداچوونەوەمان بێت بەسەر ئاستی وزەیەک کە بەکاری دێنین”. وەزیری دارایی ئەم باروودۆخەی بە “قۆناغێکی دژوار” وەسف کرد و وتی کە چوونەسەرەوی نرخی وزە لە مانگی داهاتوودا بەکردەوە دەردێت. هەروەها ڕووسیەی بە بەرپرسی بەرزبوونەوەی نرخی وزە پێناسەکرد. هەڵبەت وەزیری دارایی لەبیری چوو ئەوەش بڵێت کە کۆمپانیای “شێل” لە مانگی یەکەمی ئەمساڵدا زیاتر لە چواردە ملیارد دۆلاری قازانج کردووە. کارمەندانی پۆست و تەلەفون ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو وڵامی ئەم کاربەدەستەی ئینگلیسیان دایەوە. سەد و پازدە هەزار کەس لە کارمەندانی پۆست و چل هەزار کەس لە کارمەندانی تەلەفون بە خواستی بردنەسەرەوەی حەقدەست، دەستیان دایە مانگرتن. سەرۆکی بەشی پەیوەندییەکان ڕایگەیاند “ئێمە ناتوانین لە وڵاتێکدا بژین کە سەرۆکەکانمان بە ملیارد قازانج دەکەن، لە حاڵێکدا کارمەندەکانمان مەجبوورن سەردانی ناوەندە خێرخوازەکان بکەن تا پێداویستیی سەرەتایی بخرێتە ئیختیاریانەوە”. خاوەنکار بێشەرمانە پێشنیاری بردنەسەری دوو لەسەدی حەقدەستەکانی کردبوو و ئەوەش لە حاڵێکدایە کە چەندین مانگە نرخی تەوەرۆم لە بریتانیا لە سەرووی دە لەسەدە. یەکیەتیی کارمەندان ڕایگەیاندووە کە لە ڕۆژانی ٨ و ٩ی مانگی سێپتامبردا بۆ جارێکی دیکە دەست دەدەنەوە مانگرتن.
مەکرۆن سەرۆک کۆماری فەڕانسە داوا لە خەڵک دەکات کە قوربانی بدەن. ناوبراو باسی لە ” کۆتایی فراوانی، کۆتایی خاترجەمی و کۆتایی کەمتەرخەمی” کرد. وتەکانی مەکرۆن لەڕاستیدا وڵامێک بوو بە کاندیدی بەرەی چەپی فەڕانسە لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریدا کە خوازیاری سیاسەتێکی عەداڵەتخوازانە ببوو بۆ ٦٧ ملیۆن دانیشتووی فەڕانسە. ئەو داوای لە دەوڵەت کردبوو کە چوونەسەرەوی نرخی سووتەمەنی لە گیرفانی ٥٠٠ کەس لە دەوڵەمەندەکانی فەڕانسەوە بدرێت. ئەو مەکرۆنی بەوە تۆمەتبار کرد کە لە قۆناغی یەکەمی سەرۆک کۆماریدا هەموو خواستێکی دەوڵەمەندەکانی فەڕانسەی جێبەجێ کردووە و هەربۆیە خواستی مەکرۆن لە خەڵک بۆ قوربانی دان هیچ مەشرووعییەتێکی نییە. ئەم کاندیدەی بەرەی چەپ لە مەکرۆن دەپرسێت کە لە کام جیهاندا دەژیت و دەشڵێت کە لە فەڕانسەدا دە ملیۆن کەس لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین. هەشت ملیۆن کەس بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی ژیانیان پێویستیان بە یارمەتیی دەوڵەتە. چوار ملیۆن کەس لەو شوێنانە دەژین کە شیاوی مرۆڤ نییە، دوازدە ملیۆن کەس توانای دانی پارەی کارەبا و گازیان نییە.
سەرۆک وەزیرانی ئاڵمان ڕوو بە خەڵک دەڵێت: “سەردەمی ڕەفاهی کۆمەڵایەتی بەسەرچووە”. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە ئەم ڕەفاهە کۆمەڵایەتییە لەڕێگەی چەوساندنەوەی بەرینی کرێکاران و تاڵانکردنی سەرچاوە سرووشتییەکان و هێزی کاری هەرزانی وڵاتانی غەیرە ئەورووپایی بەدەست هاتووە و بەشێکی بەرین لەم خەڵکە لە چوارەمین دەسەڵاتی ئابووریی جیهاندا هیچ شتێکیان لە ڕەفاهی کۆمەڵایەتی نەبینیوە و میلۆنان کەس لە خەڵکی ئەم وڵاتە سەرەڕای چل سەعات کار لە هەفتەدا پێداویستییەکانی ژیانیان بۆ دابین ناکرێت و لە هەموو شوێنێک باس لە هەژاریی دەورەی خانەنشینی دەکرێت. لە وەها باروودۆخێکدا سەرۆک وەزیرانی ئاڵمان بێشەرمانە داوا لە خەڵک دەکات کە خۆیان بۆ ڕۆژانی سەخت ئامادە بکەن. بەپێی پەسندکراوی دەوڵەت شیرکەتەکانی گەیاندنی گاز لە مانگی داهاتووەوە ڕێژەی چوونەسەرەوەی نرخی گاز لەناو سوورەت حیسابەکانی خەڵکدا دەگونجێنن. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی ئامار، دوازدە و هەشت دەهومی لەسەد لە خەڵک، لەسەدا چلی حەقدەست و مووچەی خۆیان دەکەنە خەرجی کرێ ماڵ و هەزینەی ئێنێرژی. وتەبێژانی دەوڵەتی ئاڵمان و میدیای دەسەڵاتداران و سەرۆکی ڕێکخراوی ئەمنییەتیش هەر لەئێستاوە هێرشە تەبلیغاتییەکانی خۆیان دژبە ناڕەزایەتیی خەڵک لە پاییزی ئەمساڵدا دەست پێکردووە و ملیۆنان کەس لە خەڵکی ناڕازی دەخەنە پاڵ ڕەوتە ڕاسیستەکان و گۆیا لە ناڕەزایەتیی خەڵک بۆ ئامانجی ڕاسیستیی خۆیان کەڵک وەردەگرن. ناڕەزایەتیی بەرین لەماوەی حەوتووەکانی ڕابردوودا لەلایەن کرێکارانی بەندەر، مامۆستایان، کارمەندانی نەخۆشخانە و پزیشکانی نەخۆشخانە دەوڵەتییەکانەوە هەروا درێژەی بووە. لە درێژەی ئەم ناڕەزایەتییانەدا، داخستنی دەرگای گەورەترین کۆمپانیای بەرهەمهێنانی چەکی ئاڵمان لەلایەن چالاکانی دژی شەڕ و هێرشی وەحشیانەی پۆلیسی ئاڵمان بە گازی فرمێسکڕێژ و سپرێی بیبەر بۆسەر ڕیزەکانیان، نیشانەی ئەو پاییزە داغەیە کە هەر لەئێستاوە بەرپرسانی ئەمنییەتی ئاڵمانی ترساندووە.
ئێستا پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە کامە ئاراستەی کۆمەڵایەتی لە پاییزی داغدا قازانج دەکات. هەر لەئێستاوە ڕەوتە ڕاسیست و ڕاستەکان خۆیان بۆ ڕێبەریی ئەم ناڕەزایەتییانە ئامادە دەکەن. ڕاپرسییەکان دەرخەری ئەوەن کە لە ئیتالیا لە نەبوونی بەدیلێکی پێشکەوتنخوازدا، هاوپەیمانیی حیزبە ڕاست و نێئۆفاشیستەکان دەسەڵات دەگرنە دەست. ئەوەیکە پاییزی داغ بۆ کامە لا بڕوات بەر لە هەموو شتێک بە ڕێبەری سیاسیی ناڕەزایەتییەکانەوە گرێی خواوردووە. ئایا چینی کرێکار دەتوانێ خۆی لە کۆت و بەندی ئەو یەکیەتییانەی کە سیاسەتی سازشکارانە و ڕێفۆرمیستییان تا ئێسقان بردووتە خوارێ ڕزگار بکات و مۆری خۆی بەسەر ئاڵوگۆڕەکانی ئەورووپادا بکوتێت. جەماوەری خەڵکی ناڕازی نابێ تووشی ئەو خۆشباوەڕییە بن کە وڵامی باروودۆخی ئێستا لای ئەحزابی ڕاست و نێئۆفاشیست و ڕاسیستە. ئەمانە تەنها دەتوانن باروودۆخەکە بەقازانجی سەرمایەداران باشتر بکەن و کۆمەڵگە بەرەو دوو جەمسەرییەکی درۆیین بەرن کە لە خزمەت سیاسەتی کۆنەپەرستانەیان دایە. کۆمۆمیستەکان و سۆسیالیستە شۆڕشگێڕەکان کە مانگرتنی کرێکاری و ناڕەزایەتی دژبە تەوەرۆم و هەژاری و گرانی و نیشانەکانی موقاومەت و ناڕەزایەتی دژبە وەزعی مەوجود دەبینن، ڕێگایەکیان بێجگەلە بەشداریی چالاکانە لەناو ئەم بزووتنەوانە و یارمەتیدان بە بابەتی پەروەردە و ڕێکخستن و ڕێبەری نییە. بزووتنەوەی سۆسیالیستی بە پشت بەستن بەم بزووتنەوە ڕادیکاڵە دژە سەرمایەدارییانە دەتوانێت دەوڵەتانی سەرمایەداری و ڕەوتە نێئۆفاشیستەکانی دەرەوەی دەوڵەت بباتە ژێر پرسیارەوە.