فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ئامانجی ڕێژیمی ئیسلامی لە گەڵاڵەی دامەزراندنی ٢٠ هەزار ئاخوند لە بانکەکان
پێنجشەممە ۱۷-۰۶-۱۴۰۱   |  08-09-2022

کۆماری ئیسلامی بۆ دەخاڵەت و کۆنتڕۆڵکردنی زیاتری کۆمەڵگە، بەنیازە ٢٠ هەزار ئاخوند لە بانکەکاندا دامەزرێنێت. تا لەژێرناوی “ئیسلامی کردنی بانکەکان”دا هەم ئیمکانی دزی و گەندەڵیی زیاتر بۆ بەرپرسان و کاربەدەستانی دەوڵەت بخوڵقێنێت و زەمانەتی زیاتر بۆ ئاشکرانەبوونی دزی و گەندەڵیی ماڵیی مافیای ناوەندە مەزهەبییەکان پێک بێنێت و هەم بوارێکیش بێت بۆ ئاخوندەکان تا داهاتی زیاتر بەدەست بێنن. ناوەندە جۆراوجۆرە مەزهەبییەکان کە لەژێر چاوەدێریی عەلی خامنەیی دان و بەشێک لە ئابووریی وڵاتیان لە کۆنتڕۆڵ دایە، ساڵەهایە وەک مافیای ئابووری و ئامرازێک بۆ دزییە گەورەکانی ڕێبەران و سەرانی حکوومەتی ئیسلامی بەکار دەهێندرێن. ئەم ناوەندانە بە هیچ کەس وڵامدەرەوە نین، ماڵیات نادەن و بە خەیاڵی ئاسوودە دزی و ئیختلاس دەکەن. بەوەشەوە جاروبارە ڕسواییەکی ماڵی لەناو حکوومەتدا ئاشکرا دەبێت. دوو حەفتە لەمەوبەر ماجەرای ئیختلاسی ٩٢ هەزار ملیارد تمەنیی ناوەندی فولادی موبارەکە ئاشکرابوو.
لەم پێوەندەدا هەواڵنێریی تەسنیمی سەربە سپای پاسداران ڕۆژی دووشەممە ١٤ی خەرمانان ڕایگەیاند کە: “کۆی گشتیی ماڵیاتی وەرگیراوی دەوڵەت لە پێنج مانگی ڕابردوودا تەنیا ١٨٥ هەزار ملیارد تمەن بووە. ماڵیاتی ناوەند و دامەزراوەکانی ئینقلابی ئیسلامی لەوانە ستادی ئیجرایی فەرمانی ئیمام نزیکەی ٦٥ ملیارد تمەن و شیرکەتەکانی سەربە ئاستانی قودسی ڕەزەوی بەگشتی نزیکەی ٥٣ ملیارد تمەن، واتە سەرجەم ١١٨ هەزار ملیارد تمەن بۆ ساڵی ڕابردوو ڕاگەیەندراوە”. بەوتەی جێگری ئیدارەی گشتیی ماڵیاتی خۆراسان هەر ئەم بڕە ماڵیاتەش سەرەڕای ئەوەیکە ئیزهارنامەی ماڵیاتی دەدەن بەڵام بە حیسابی دەوڵەت واریز نەکراوە. ناوەندە مافیاییەکانی ژێر چاوەدێریی خامنەیی هەر لە سەرەتاوە هەتا بە ئەمڕۆ لەسەڕ بڕیاری خومەینی لە دانی ماڵیات موعاف کراون. پێشتر ژووری بازرگانیی ڕێژیم ڕایگەیاندبوو کە لە ٣٧ ناوەندی غەیرە دەوڵەتی لانیکەم ١٩ ناوەند هیچ زانیارییەکی ئاماری بەمەبەستی بەراوردکردنی ئاستی داهاتیان بڵاوناکەنەوە. لە وەها باروودۆخێکدا سەرۆکی سازمانی بازڕەسیی گشتیی ئێران دانی بەوە داناوە کە ماڵیاتی دواخراو بەرابەرە لەگەڵ ٢٢٤ هەزار ملیارد تمەن کە دەبێتە بوودجەی یەک ساڵی ئێران. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە سەرەڕای داهاتی کەمی هێندێک لە گرووپە کۆمەڵایەتییەکان، لەماوەی پێنج مانگی ڕابردووی ئەمساڵدا، لە ئەسناف و خاوەنانی پیشە یازدە هەزار ملیارد تمەن، لە کارمەندانی دەوڵەت زیاتر لە حەوت هەزار ملیارد تمەن و لە کارمەندانی بەشی خسووسیش دە هەزار ملیارد تمەن ماڵیات وەرگیراوە.
دەوڵەتی ڕەئیسیی قاتڵ بۆ شاردنەوەی گەندەڵی و دزی، بە هاوکاریی باقیی ناوەندە حکوومەتییەکان بەنیازە بانکەکانیش زیاتر بخاتە ژێر کۆنتڕۆڵەوە و کەشوهەوای ئەمنییەتییان بەسەردا زاڵ بکات. ئێستا کە بەرپرسانی حکوومەت گەندەڵییە ماڵییەکانیان زیاتر لێ ئاشکرا بووە، بەتەمان هەموو بانکەکانی ئێران لەڕێگەی دامەزراندنی ئاخوندەوە کۆنتڕۆڵ بکەن. هەفتەی ڕابردوو بانکی ناوەندیی ڕێژیم گەڵاڵەی “دامەزراندنی ئاخوند لە بانکدا وەک چاوەدێری شەرعی” ڕەوانەی مەجلیس کرد تا پەسند بکرێت. غوڵامڕەزا مێسباحی موقەدەم سەرۆکی “شۆرای فێقهیی بانکی ناوەندی” کە خۆی ئەندامی مەجمەعی تەشخیسی مەسلەحەتی نیزام و سەرۆکی کاروباری ژێرخان و بەرهەمهێنان و نوێنەری مەجلیسی خوبرێگانی ڕێبەرییە، گەڵاڵەی دامەزراندن و جێگیرکردنی زیاتر لە ٢٠ هەزار ڕووحانیی لە بانکەکاندا ئامادە کردووە. جێگەی ئاماژەیە کە ئەم ئامارەش لەگەڵ ژمارەی بانکەکانی ئێران کە ٢٠ هەزار و ٣٠٠ لق ڕاگەیەندراوە، یەک دەگرێتەوە.
ناوبراو ڕایگەیاند کە: ” بۆ چاوەدێریی بەردەوام بەسەر کردەوەی شەرعیی بەڕێوەبەران و کارمەندانی بانکەکان، ئەم کەسانە دوای تێپەڕاندنی خولی فێرکاری بە بانکەکان دەناسرێن و لە هەر بانکێکدا یەک کەس لەوان دادەمەزرێت”. هەروەها وتیشی بۆ ئەم مەبەستە لە ساڵی ١٣٩٧ەوە حکوومەتی ئیسلامی دەستی داوەتە پێکهێنانی ناوەندێکی مەزهەبی بەناوی “شۆرای فێقهی” لە بانکی ناوەندیدا. بەڵام ئامانجی سەرەکیی ڕێژیم لەم گەڵاڵەیە لەلایەکەوە ئەوەیە کە بەشێک لەو ٢٠٠ هەزار ئاخوندەی کە دەزگای فریو و کۆنەپەرستیی نیزام بەرهەمی هێناون و ئێستا بێکارن، بەبێ بەشدارییان لە بەرهەمهێنانی کۆمەڵگە، بە نەوایەک بگەن. لەلایەکی دیکەشەوە ببنە بەشێک لە هێزی سیخوڕی و ئەمنیەتیی ڕێژیم و کۆنتڕۆڵی بانکەکانیان لە ئیختیاردابێت تا لە ئاشکرابوونی دزی و گەندەڵیی سەران و کاربەدەستانی حکوومەت ڕێگری بکەن. ئەگینا تەلەبەکانی حەوزەی عیلمییە چ شارەزاییەکی ئابووری و بانکییان هەیە کە بتوانن لە بانکەکاندا حزووریان بێت و چالاکی بکەن.
بڵاوبوونەوەی ئەم گەڵاڵەیە لە بانکەکاندا ناڕەزایەتیی زۆری لێ کەوتەوە. مێسباحی موقەدەم نیگەران لە پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکان دەستی دایە پاساوکردنی ئەم نەخشە ئەمنییەتییەی ڕێژێم و وتی: “پەسندکراوەکانی شۆرای فێقهیی بانکی ناوەندی، بەپێی یاسای “عەمەلیاتی بانکیی بێ رێبا” پەسندکراوی ساڵی ١٣٦٢ بەشێوەی دەستورولعەمەل بۆ بانکەکان دەنێردرێت. بە حزووری چاوەدێرانی شەرعی لەناو بانکەکان، پڕۆسەی گەڕانی پارە، لەڕێگەی هەڵسەنگاندنی کاری بانکەکان لەگەڵ شەرع دیاری دەکرێت”. ئەم کڵاوەبەردارەی شەرع لەحاڵێکدا باس لە “عەمەلیاتی بانکیی بێ رێبا” دەکات کە لەئێستادا نرخی سوودی بانک لە ئێران نزیکەی ٢١ لەسەدە و بەردەوام دەچێتە سەرێ. ئەم سوودە کەڵانە بانکییانە دەچێتە گیرفانی بانکداران و خاوەنانی سەرمایەوە. لە ئێران سەرمایەدارانی ناوەوە و دەرەوەی دەسەڵات بەشێوەی وەحشیانە شیرەی گیانی کرێکاران و خەڵکی ستەملێکراو و بێبەشی کۆمەڵگە لەڕێگەی سوودی بانکییەوە هەڵدەمژن.
بە ئیعترافی ئەندامی کۆمیسیۆنی عۆمرانی مەجلیس “زۆر بنەماڵە بە پێنج منداڵەوە لە ژوورێکدا دەژین، ئەوان بۆ دابینکردنی ڕەهن و کرێی ئەم یەک ژوورە، دەبێ چوار بەرابەری داهاتی بنەماڵە بدەن و بۆ ئەوەش دەبێ ئەمواڵی خۆیان بفرۆشن”. بەڵام لەم باروودۆخە قەیراناوییە و لەم ژیانە فەلاکەتبارەی کە ڕێژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی بۆ ئەم بنەماڵە کرێکار و بێبەشانەی خوڵقاندووە، ئایا بەڕاستی ئەمواڵێکیان هەیە تا بیفرۆشن و ڕەهن و کرێی ئەم یەک ژوورە بدەن کە چوار بەرابەری داهاتیانە؟