فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

خەبات لەپێناو دابین کردنی بژێو بابەتی ئەمڕۆیە!
چوارشەممە ۰۵-۰۸-۱۴۰۰   |  27-10-2021

ڕاپۆرت و ئامارە بڵاوکراوەکانی سندووقی نێونەتەوەیی پارە، وەزارەتی کاری ڕژیم و ناوەندی ئاماری ئێران، هەم دەرخەری باروودۆخی شلەژاوی ئابووری و هەم سەلمێنەری ئەو هەژاری و فەلاکەتە کە بەرۆکی ملیۆنان مرۆڤی گرتووە. ناوەندی ئاماری ئێران ڕاپۆرتێکی نوێی سەبارەت بە ڕێژەی تەوەرۆم بڵاوکردووەتەوە کە نیشانی دەدات قیمەتی خواردەمەنییەکان لە ئێران لە ماوەی ١٢ مانگی ڕابردوو تا ڕەزبەری ئەمساڵ نیسبەت بە دەورەی هاوشێوە لە ساڵی ڕابردوو٦١ و چوار دەهومی لەسەد چووەتەسەرێ کە ڕکوودێکی نوێ لە تەوەرۆمی ماددە خۆراکییەکاندا بەئەژمار دێت. لەناو خواردەمەنییەکاندا، چوونەسەرەوەی قیمەتی ڕۆن و چەورییەکان تا ٩٤ لەسەد و قیمەتی پەنیر، شیر و هێلەکە نزیک بە ٧١ لەسەد زیادیان کروودە. قیمەتی سەوزی و دانەوێڵە لەچاو مانگی ڕەزبەری ساڵی ڕابردوو ٩٧ لەسەد چووەتە سەرێ کە لەم گرووپەدا باڵاترین ڕێژەی تەوەرۆمە. دابەزینی بەرهەمە کشت و کاڵییەکان لە لایەکەوە و سنووردارکردنی تەرخانی دراو بۆ هاوردەکردنی پێداویستییە سەرەکییەکان و خۆراکی ئاژەڵ لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا، چوونەسەرەوەی چەند بەرابەری قیمەتی شیر و هەروەها بەرهەمەکانی شیر و ماددەی پرۆتێئینیی لێکەوتووەتەوە. بەجۆرێک کە بەرپرسانی پەیوەندیدار لە وەزارەتی تەندرووستی و دەرمان خوازیاری دابەشکردنی شیری یارانەیی بوون. ئاشکرایە کە لە داهاتووشدا هەم سیاسەتەکانی ڕژیم کە بوونەتە هۆی توندبوونەوەی ڕەوتی لەناوچوونی ژینگە و بەشوێنیدا هاتنەخوارەوەی بەرهەمە کشت و کاڵییە ناوخۆییەکان و هەم سنووردارکردنی تەرخانی دراو بۆ هاوردەکردنی پێداویستییە سەرەکییەکان، ئەنجامێکی بێجگەلە چوونەسەرەوەی بەردەوامی قیمەتی ئەم کاڵایانە نابێت. ساڵی ڕابردوو لە باروودۆخێکدا کە سنووردارکردنی تەرخانی دراو بۆ هاوردەکردنی پێداویستییە سەرەکییەکان پەسند کرا، سەرۆکی بانکی ناوەندی کە بۆ شیکردنەوەی دەرکەوتەی کەڵانی ئابووریی وڵات لە مەجلیسدا بەشداریی کردبوو، ئاشکرای کرد کە تەنیا لە پانزدە ساڵی ڕابردوودا “٢٨٠ ملیارد تمەن دراوی دەوڵەت خراوەتە بازاڕەوە تا نرخی دراو و لەئاکامدا ڕێژەی تەورۆم کۆنتڕۆڵ بکرێت، بەڵام هەموو ئەم دراوانە لە وڵات چوونەتە دەرێ و نەگەڕاونەوە”. نابێ لەبیرمان بچێتەوە کە دەوڵەتی ڕەئیسی بەڵێنی دابوو کە بە دەخاڵەت لە بازاڕدا ، ڕێژەی تەوەرۆم کۆنتڕۆڵ دەکات، بەڵام ئێستا سەرەڕای تێپەڕبوونی چەندین مانگ لە هاتنە سەر کاری دەوڵەتی سێزدەهەم نەتەنیا ڕێژەی تەوەرۆم نەهاتووەتە خوارێ بەڵکوو بەخێراییەکی زیاتریشەوە دەڕواتە سەرێ. لێکۆڵینەوەکان پێمان دەڵێن کە بەکارهێنانی هێندێک لە خواردەمەنییەکان لەوانە گۆشت و مریشک، شیرەمەنی و تەنانەت میوەکان بەخاتری چوونەسەرەوەی قیمەتەکان تا نزیک ٤٠ لەسەد هاتووەتە خوارێ. هەر ئەم بابەتە بووەتە هۆی ئەوەیکە زۆرێک لە کاڵا ئەساسییەکان لەسەر سفرەی ملیۆنان کەس نەمێنێت و زۆرێک ئیمکانی دەرمانی نەخۆشەکانیان لەدەست بدەن. لە وەها باروودۆخێکدا وێنەی ئەو کەسانەی لە زبڵدانەکاندا بەشوێن پاشماوەی خۆراکەکاندا دەگەڕێن تا بەڵکوو بۆ ساتێک زگی برسیی خۆیان و بنەماڵەکانیان تێر بکەن، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەست بە دەست دەکرێت.

هاوکات وەزارەتی کاری ڕژیم وێڕای ئاماژە بەوەیکە نزیک بە دوو ملیۆن کەس لە ساڵی ڕابردوودا بەخاتری هۆکارە جۆراوجۆرەکانی وەک بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی کۆرۆنا کارەکانیان لەدەست داوە، ڕایگەیاند کە ژمارەی کەسانێک کە لە هەژاریی تۆخدا دەژین لە بیست و شەش ملیۆن کەسەوە گەیشتووەتە نزیک سی ملیۆن کەس. هەڵبەت دەشزانین کە وەزارەتی کاری ڕژیم هێڵی هەژاریی تۆخی بۆ بنەماڵەیەکی سێ کەسی دوو ملیۆن و ٧٥٨ هەزار تمەن و بۆ بنەماڵەیەکی چوار کەسی سێ ملیۆن و ٣٨٥ هەزار تمەن دیاری کردووە. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە تەنانەت ئاماری ناوەندە ڕەسمییەکانی دەوڵەت هێڵی هەژارییان بۆ بنەماڵەیەکی چوار کەسی نزیک ١٠ ملیۆن تمەن بەراورد کردووە و ئەوەش بەو مانایەیە کە هەموو ئەو بنەماڵانەی کە داهاتیان کەمتر لەم ئاستەیە بەرەو هێڵی هەژاریی تۆخ دەڕۆن. لەم بوارەشدا ڕژیم بە ڕاگەیاندنی ئاماری درۆ هەوڵ دەدات پەردە بەسەر باروودۆخی واقعیی دابدات. سندووقی نێونەتەوەیی پارە لە ڕاپۆرتی خۆیدا وێڕای ئاماژە بە “خێرایی چوونەسەرەوەی قەرزەکانی ئێران”، ئیجتمالی داوە کە درێژەی ئەم وەزعییەتە و چوونەسەرەوی تەورۆم، تا سێ ساڵی داهاتوو ئێران بباتە سەر لێواری ئیفلاس و نابوودی.

ئەم زانیاریانە هەڵبەت تەنیا بەشێک لە باروودۆخی فەلاکەتباری ژیانی ملیۆنان ئینسان و ئاکامی داڕمانی ئابووریی کۆمەڵگایە. هەر ئەم باروودۆخە بابەتییەش بووەتە بەستێنی گەشەی ناڕەزایەتی و خەباتی کرێکاری و ئاخێزی جەماوەری. ئەوەیکە کرێکارانی پەیمانیی نەوت، گاز و پێترۆشیمی پتر لە چوار مانگە لە مانگرتندا بەسەر دەبەن، ئەوەیکە کرێکارانی حەوت تەپە لە حەوتووی چوارەمی قۆناغی نوێی مانگرتنەکەیان دان، ئەوەیکە لە ڕۆژانی کۆتایی مانگی خەرمانانەوە و لە سەروبەندی کرانەوەی مەدرەسەکانەوە شەپۆلێکی بەرین لە ناڕەزایەتیی موعەلیمان و کارنامە سەروزەکان لە زۆرێک لە شارەکان هاتە ئاراوە، ئەوەیکە ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو موعەلیمانی خەرید خەدەماتیی ئۆستانی چوار مەحاڵ و بەختیاری لە بەرامبەر مەجلیس کۆبوونەوە، ئەوەیکە کرێکارانی مەعدەنی بەردی خەڵووزی کرمان لە پێنجەمی مانگی ڕەزبەرەوە لە مانگرتندا بەسەر دەبەن، ئەوەیکە هەموو ڕۆژێ هەواڵی دەست لە کار کێشانەوە و کۆبوونەوە و مانگرتن تەنانەت لە بەشە دەوڵەتیەکانیشدا دەبیستین، هەر هەموویان بەهۆی داسەپاندنی بێرەحمانەی هەژاری و برسییەتییە لە لایەن ئەم دەسەڵاتەوە.

لەڕاستیدا کرێکارانن و جەماوەری ئێران لە ئەزموونی ژیانی واقعیی خۆیاندا و لە پتر لە چوار دەیە دەسەڵاتی ڕژیمی سەرمایەداریی ئیسلامیدا بینیویانە کە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی هیچ بایەخێک بە ژیان و گوزەرانی خەڵک نادەن. ئەوان بوودجەی سەرسووڕهێنەر بۆ ناوەندەکانی بەرهەمهێنان و تەبلیغ و پەرەپێدانی خوارافاتی مەزهەبی تەرخان دەکەن، دەیان ملیارد دۆلار دەکەنە هەزینەی بەرزەفڕییەکانی خۆیان لە ناوچەکە، کاربەدەستانی ڕژیم و ئاغازادەکان ئیختلاسی ملیاردی دەکەن و کاتێکیش کرێکارانی ئێران ئەم دزی و گەندەڵیانەیان لێ لەقاو دەدەن، زیندانییان دەکەن. درێژەی ئەم باروودۆخە فەلاکەتبارە بۆ چینی کرێکاری ئێران و بۆ ملیۆنان کەس لە توێژەکانی خوارەوەی کۆمەڵگا هیچ ڕێگایەکی بێجگەلە خەبات و ناڕەزایەتی نەهێشتووەتەوە. کرێکارن و بێبەشانی ئەم کۆمەڵگایە ئەگەر نایانهەوێ شایەدی برسییەتی و مەرگی شێنەیی خۆیان و منداڵانیان بن، ئەگەر نایانهەوێ هەموو ڕۆژی شایەدی دەستدرێژیی بەردەوامی سەرمایەداران و دەوڵەتەکەیان بۆ سەر سفرە بەتاڵەکانیان بن، پێویستە مافی دابین کردنی بژێوی خۆیان لە گەرووی حکوومەتی سەرمایەداران دەرکێشن. ئەم بابەتەش بەر لە هەموو شتێک پێویستی بە هاوئاراستەیی، یەکپارچەیی و سەرتاسەری بوونی مانگرتن و ناڕەزایەتی کرێکاری و جەماوەری هەیە. پێویستی بە پێکهێنانی پەیوەندی و هاوکاریی نزیک لە نێوان ڕێبەران وچالاکانی ئەم مانگرتن و ناڕەزایەتییانە و جێخستنی ئەمجۆرە پەیوەندییانە و سەرەنجام پێویستی بە ڕێبەرییەکی سیاسیی سەرتاسەری هەیە.