فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

شیلی، راپەڕین دژبە نەزمی سەرمایەداری!
دوشەممە ۰۳-۰۸-۱۴۰۰   |  25-10-2021
شیلی، راپەڕین دژبە نەزمی سەرمایەداری

رۆژی دووشەممە ١٨ی ئۆکتۆبر بۆ جارێکی دیکە شەقامەکانی سانتیاگۆ و شارەکانی دیکەی شیلی لە دووهەمین ساڵڕۆژی راپەڕینی چەند حەفتەیی جەماوەر دژبە نەزمی نیۆلیبرالی، بوو بە گۆڕەپانی خۆپیشاندانی دەیان هەزاران کەسی. لە چەندین رۆژ لەمەوبەرەوە ناڕازیان خۆیان بۆ هاتنە سەر شەقامەکان ئامادە کردبوو. لە دوازدەی ئۆکتۆبەردا، لە جەریانی رێپێوانی گەورەترین کەمینەی خۆجێیی واتە “ماپوچە” لەپێناو دەستەبەرکردنی مافی زەوی و بەڕەسمی ناسینی مافی کلتووری، خوێندکارێکی بواری یاسا لە لایەن هێزەکانی پۆلیسەوە کوژرا. لە رێوڕەسمی ناشتنی تەرمی ئەم خوێندکارە، هەزاران کەس لە خەڵکی خۆجێیی رپێوانیان بەڕێوەبرد. لە رۆژانی دواتریشدا لە زۆرێک لە شارەکان میتینگی هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی خۆجێی بەڕێوەچوو. دوازدەی ئۆکتۆبەر بۆ خەڵکی خۆجێیی قارەی ئەمریکا وەبیرهێنەرەوەی هاتنی کریستۆف کۆلۆمب بۆ ئەم قارەیە و دەستپێکی کۆیلەکردنیانە و هەر بۆیە چەندین دەیەیە ئەم رۆژەیان “ڕۆژی بەرخودانی خەڵکی خۆجێیی” ناودێر کردووە. ئەگەرچی سەرکوتی خەڵکی خۆجێیی لە لایەن دەوڵەتانی ناوەندەوە بابەتێکی تازە نەبوو بەڵام ئەمجارەیان لە باروودۆخێکدا ئەنجام درا کە راپەڕینی دوو ساڵ لەمەوبەر، شەپۆلێکی هاوپشتیی لەگەڵ خەڵکی خۆجێیی و خواستەکانیان وەڕێخستبوو. ئەم میتینگانە نیشانەی ئامادەکاریی سەرەتایی بەڕێوەبردنی راپەڕینی جەماوەریی ئۆکتۆبەر بوو. درووست رۆژی دووشەممە دەیان هەزار کەس لە پتر لە ٥٠ شارەوە دەستیان دایە رێپێوانی ناڕازەیەتی. لە رێزی یەکەمی رێپێوانی  پایتەخت کە پتر لە ١٠ هەزار کەس تێیدا بەشداربوون، خۆپیشاندەران باندرۆلێکی گەورەیان هەڵگرتبوو کە لەسەری نووسرابوو: “تەنیا رێگای پێشڕەوی نموونەی ئۆکتۆبەرە”. ١٨ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ کاتی لەدایک بوونی راپەڕینێک بوو کە لە پاش رووخانی دیکتاتۆریی فاشیستیی پینۆشە لە ساڵی ١٩٩٠، هیچ روواوێک بەم رادەیە کۆمەڵگای شیلیی نەخستبووە لەرزە. ئەمساڵ تەنیا لە پایتەخت پتر لە پێنج هەزار هێزی سەرکوتگەر بە ماشێنی ئاوپاش و گازی فرمێسکڕێژەوە رژانە سەر شەقامەکان و بە پێی راپۆرتەکان لانیکەم دوو کەس کوژران و پتر لە چوارسەد و پەنجا کەسیش دەستبەسەر کران.

دوو ساڵ لەمەوبەر ئەگەرچی رێپێوانەکان لە ناڕەزایەتی بە چوونەسەرەوەی قیمەتی بلیتی مێترۆکان، لەلایەن خوێندکارانەوە دەستیپێکرد بەڵام هەم ریزی بەرینی جەماوەری ناڕازی و هەم کردەوەی وەحشیانەی دەوڵەت، وەبیرهێنەرەوەی دیمەنەکانی کودتای پینۆشە دژبە دەوڵەتی شۆڕشگێڕی سالوادۆر ئالندە و وەبیرهێنەرەوەی خەباتێک بوو کە رووخانی دیکتاتۆری فاشیستیی ٢٠ ساڵەی پینۆشەی لێکەوتەوە.  لە هەمان رۆژانی یەکەم و دووهەمی ناڕەزایەتییەکان واتە رۆژانی ١٩ و ٢٠ی ئۆکتۆبەر لانیکەم سێ کەس لە ناڕازیان کوژران. سەرۆک کۆماری شیلی “پینیرا” دەستبەجێ لە سانتیاگۆ و سێ پارێزگای دیکە باری نائاسایی راگەیاند تا بە وتەی خۆی “ئاسایش بۆ کۆمەڵگا بگەڕێنەتەوە”. لە زۆرێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان وێنە و گرتە ویدیۆ سەبارەت بە هاوشێوەبوونی ئەم باروودۆخە لەگەڵ رۆژانی کودتای پینۆشە بڵاوکرایەوە. لەم رۆژانەدا هونەرمەندان هاتنە ناو خەڵکەوە و سروودی شۆڕشگێڕانەی “جەماوەری یەکگرتوو هەرگیز شکست ناخۆن” کەوتە سەر زاری سەدان هەزار کەس لە ناڕازیان. زەینییەتی مێژووی کۆمەڵگا ئەم وێنانەی لەبیر نەکرد. لەخۆڕا نەبوو کە ناڕەزایەتییەکان هەر لە رۆژی یەکەمەوە لە ئاستی سەدان هەزار کەسی و بەردەوام لە ئارادابوون. له‌ سێهەمین رۆژی ناڕه‌زایه‌تیه‌كاندا، سه‌رۆك كۆمار بڕیاری بردنه‌سه‌ره‌وه‌ی قیمه‌تی بلیته‌كانی هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌ و خوازیاری وتووێژ له‌گه‌ڵ ناڕازیان بوو. به‌ڵام هاوكات باری نائاسایی له‌ ١٢ پارێزگای دیكه‌ راگه‌یاند و هێزه‌ نیزامی و ئینتزامیه‌كانیش په‌لاماری سه‌ركوتگه‌رانه‌ی خۆیان درێژه‌ پێدا. سه‌رۆكی یه‌كیه‌تیه‌ كرێكاریه‌كان له‌ به‌رامبه‌ر پێشنه‌یاری وتووێژی سه‌رۆك كۆماردا رایگه‌یاند كه‌ “هه‌تا كاتێك ئه‌رته‌ش و هێزی سه‌ركوتگه‌ر له‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان بن، هیچ چه‌شنه وتووێژێك ئه‌نجام ناده‌ین”. هه‌روه‌ها له‌ درێژه‌دا ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد كه‌ “راگه‌یاندنی باری نائاسایی هه‌ر ئه‌و كرده‌یه‌ كه‌ ئێمه‌ له‌ سه‌رده‌می دیكتاتۆری پینۆشه‌دا شایه‌تی بووین و به‌كار هێنانی ئه‌م هه‌وڵه‌ نیشانه‌ی داماوی ده‌وڵه‌ته‌”.

له‌ راستیدا چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی قیمه‌تی بلیتی مێترۆكان بوو به‌ ده‌رفه‌تێك تا بڵێسه‌ی خه‌فه‌ كراوی رق و بێزاری ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌ له‌ قووڵ بوونه‌وه‌ی بۆشایی نێوان هه‌ژاری و سه‌روه‌ت، له‌ هاتنه‌ خواره‌وه‌ی حقوقی خانه‌نشینان و چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی قیمه‌تی سووته‌مه‌نیه‌كان، له‌ به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی بیمه‌ی نه‌خۆشیه‌كان و گه‌نده‌ڵی و به‌رتیل خۆری له‌ نێوان هێزه‌ نیزامیه‌كاندا، له‌ هه‌ر لایه‌كه‌وه‌ سه‌رهه‌ڵداته‌وه‌ و بگه‌شێته‌وه‌. له‌ ئێستادا بڵێسه‌ی ئه‌م ئاگره‌ بووه‌ته‌ هۆی وه‌ڕێكه‌وتنی بزووتنه‌وه‌یه‌كی ناڕه‌زایه‌تی به‌رین كه‌ له‌ سه‌رده‌می رووخانی پینۆشه‌وه‌ واته‌ له‌ سێ ده‌یه‌ی رابردووەوە‌ هه‌تا ئێستا‌ بێ وێنه‌ بووه‌. كاتێك هه‌موو هه‌وڵ و فریو و پاشه‌كشه‌ی “پینیرا” كارساز نه‌بوو، باری نائاسایی له‌ پارێزگاكانی دیكه‌ش وه‌ڕێ خست و بۆ پاساو كردنی ئه‌م كرده‌وه‌یه‌شی رایگه‌یاند كه‌ “ئێمه‌ له‌گه‌ڵ دوژمنێكی به‌هێز و ئاشتی نه‌ناس به‌ره‌وڕووین”. به‌ پێی راپۆرتی وه‌زاره‌تی بەرگریی ئه‌م وڵاته‌ ته‌نیا له‌ شاری سانتیه‌گۆ ٩ هه‌زار و ٤٠٠ هێزی نیزامی جێگیر كرا. خه‌ڵكی ناڕازی بۆ به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و ژماره‌یه‌ له‌ هێزی نیزامی له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان، هاوشێوه‌ی مانگه‌كانی كۆتایی دیكتاتۆری پینۆشه‌ له‌ باڵكۆن و سه‌ربانی ماڵه‌كانه‌وه‌ و به‌ لێكدانی قاپ و كه‌وچك و كه‌ره‌سته‌ی ماڵ، ناڕه‌زایه‌تیان ده‌ربڕی. لە جەریانی ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ٢٠١٩دا نزیک بە ٣٠ کەس کوژران.

لە ئێستادا دوو ساڵ لەم راپەڕینە تێپەڕ بووە و هیچکام لە خواستەکانی خەڵک وڵامیان وەرنەرگرتووە. پاش دوو ساڵ درووست لە رۆژێکدا کە جەماوەر دووبارە هاتوونەتەوە سەر شەقامەکان، یەکەمین دانشتنی کۆبوونەوەی سەد و پەنجا کەسیی داڕشتنی یاسای بنەڕەتیی نوێ بەڕێوەچوو. هەڵەبەت نابێ لەبیرمان بچێتەوە کە دە رۆژ پێشتر و رێک لە رۆژێک دا کە خەڵکی خۆجێی ناوی “ڕۆژی بەرخودان”یان لەسەر داناوە و وەبیرهێنەرەوەی پتر لە ٥٠٠ ساڵ کۆلۆنیالیزە کردنی خەڵکی خۆجێییە، “پینیرا” سەرۆک کۆماری راستڕەوی شیلی فەرمانی باری نائاسایی لە باکووری ئەم وڵاتە، واتە شوێنی نیشتەجێ بوونی خەڵکی خۆجیی “ماپوچە”ی دەرکرد.

بێگومان شیلی نموونەیەکی تایبەت نییە. هەر ئەوەندە بەسە تا چاوخشاندنێکمان بێت بەسەر ناڕەزایەتیی جەماوەری لە گواتمالا، بەرازیل، هێند، ئەفغانستان، ئێران و لۆبنان و عێراق. هەموو ئەم ناڕەزایەتییانە بەدەر لە مەوادای جوگرافیایی و شێوازی ناڕەزایەتییەکان، خواستی هاوبەشیان هەیە. هەموویان خوازیاری حەقدەستی زیاتر، کۆتایی هاتن بە بۆشایی نێوان هەژاری و سەروەت، گەندەڵی و ئیختلاسی نجوومی دەسەڵاتداران و خوازیاری بەهرەمەندبوون لە ژیانێکی ئینسانین. نەزمی سەرمایەداری ملیۆنان ئینسانی کردووەتە کۆیلەی مۆدێرن و ئێستا ئەم کۆیلانە هاواری ناڕازایەتییان بەرز بووەتەوە.